شێوازی چەسپاندنی بەهاکان لە قۆناغی باخچەی منداڵاندا

چرۆ ڕەشید- مامۆستا

منداڵان لە قۆناغە سەرەتاییەکانی تەمەنیاندا پێویستیان بە چاودێری و رێنمایی و فێربوونە، کەسایەتی و لێهاتوییە دەروونی و کۆمەڵایەتییەکانیان لە رێگەی کارلێککردن لەگەڵ کەسانی دەوروبەر بنیات دەنێن، لەبەرئەوە فێرکردن و راهێنانی منداڵ بە قبووڵکردنی جیاوازییەکان لە سەرەتاکانی تەمەنی منداڵییاندا بەرپرسیارێتی و پێویستییە، قبووڵکردنی کەسانی دیکە توانای تاکە بۆ رێزگرتن لە ئەوانی دیکە بە سەرجەم جیاوازییەکانیانەوە لە رواڵەت، زمان، کەلتور یاخود تواناکانیانەوە، هەروەها مامەڵەکردنیان بەشێوازێکی ئەرێنی بەبێ رەتکردنەوە و جیاکاری و داننان بەوەی جیاوازییەکان سروشتین و هەر تاکێک بەهای خۆی هەیە.


کارلێکی ئەرێنی لەگەڵ ئەوانی دیکەدا
قۆناغی باخچەی منداڵان یەکەمین ژینگەی کۆمەڵایەتییە کە منداڵ تێیدا لەگەڵ هاوتەمەنەکانیدا دەچێتە دنیایەکی فراوانتر لە خێزانەکەی و لە زۆر رووەوە جیاوازن، لێرەوە منداڵان   دەستدەکەن بە تێبینیکردن  و کارلێککردن لەگەڵ ئەم جیاوازییانە، ئەم قۆناغە دەبێتە دەرفەتێکی پەروەردەیی بە نرخ بۆ بنیاتنانی تێڕوانینەکانیان بەرامبەر ئەوانی دیکە و رێنماییکردنیان بۆ قبووڵکردنی جیاوازییەکان وەک سروشتی ژیان نەک رەتکردنەوە و جیاکاری، بەمەش  کەسایەتییەک گەشە دەکات کە توانای کارلێکی ئەرێنی هەبێت لەگەڵ ئەوانی دیکەدا، تێگەیشتنی منداڵان لە چەمکی جیاواز لە قۆناغی باخچەدا لەڕێگەی بەریەککەوتنی رۆژانەوە دەبێت کاتێک منداڵان لە بارودۆخە جیاوازەکاندا بۆیان دەردەکەوێت هەندێکیان لەڕووی شێوازی قسەکردن، هەڵسوکەوت، رەفتار، توانای جووڵە و فێربوونەوە جیاوازن، منداڵان تێگەیشتنی پێشوەختەیان نییە بۆ جیاوازییەکان، بەڵکو لەسەر بنەمای ئەوەی دەیبینن و دەیبیستن لێکیان جیادەکەنەوە، لێرەدا پەروەردە رۆڵی خۆی دەگێڕێت بۆ تێگەیشتنیان لە جیاوازییەکان کە هەر منداڵێک تایبەتمەندی خۆی هەیە و لە ئەوانی دیکەی جیادەکاتەوە، ئەم تێگەیشتنە سەرەتایەک دەبێت بۆ بنیاتنانی هۆشیاریی کۆمەڵایەتی لەسەر بنەمای رێز.


باخچە رۆڵی کاریگەری لەسەر چەسپاندنی بەهای یەکتر قبووڵکردن هەیە، چونکە ژینگەیەکی دەوڵەمەندی کۆمەڵایەتییە وادەکات منداڵان ئاشنای لێهاتووییەکان ببن، لەڕێگەی چالاکییەکانەوە فێری هاوبەشیکردنی رۆڵەکان، هاوکاری، گوێگرتن و رێزگرتن دەبن ئەم پراکتیزانە بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ دەبنە هۆکارێک بۆ قبووڵکردنی جیاوازییەکان و مامۆستا رۆڵی سەرەکی دەگێڕێت لە رێنماییکردن و ئاڕاستەکردنی رەفتاری منداڵەکاندا، بە دەستێوەردانی ئەرێنی هەندێکات لەوانەیە رەتکردنەوە یاخود سەرسوڕمان لە جیاوازییەکاندا بەدیبکرێت، لەم کاتانەدا دەرفەت بۆفێربوونی رێزگرتن و لێبووردەیی دەڕەخسێت ئەم بەهایانە لە کاتی کارلێککردن کاریگەریی قووڵ و فراوانی دەبێت.

 

ئەرک و رۆڵی خێزان
ئەوەی گرنگە نابێت ئەرک و رۆڵی خێزان لە بنیاتنانی کەلتوری یەکتر قبووڵکردنەوە فەرامۆش بکەین و ئەرکی خێزانەکان تەواوکارییە بۆ فێربوونی منداڵان کاتێک دایک و باوک قسە لەسەر ئەوانی دیکە دەکەن، یاخود کاتێک بە رێزەوە مامەڵە دەکەن، ئەمانە رەنگدانەوەی راستەوخۆی لەسەر رەفتار و هەڵسوکەوتی منداڵەکانیان دەبێت لە ژیانی رۆژانەیاندا، پراکتیزەکردنی پەروەردەی مۆدێرنیش بۆ پەرەپێدانی قبووڵکردنی جیاوازییەکان گرنگن، شێوازە پەروەردەییەکان لە خستنەڕووی چەمکی جیاوازیدا بە شێوەیەک رەنگدانەوەی لە جیهانی منداڵدا هەبێت، چیرۆکەکان کارەکتەری جۆراوجۆریان تێدایە دەبنە هۆکارێکی کاریگەر بۆ چەسپاندنی ئەو بەهایە لەبەرئەوەی منداڵان کارلێک لەگەڵ رووداوەکاندا دەکەن و بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ پەیامە پەروەردەییەکە دەگەیەنن، چالاکییە هونەرییەکانی دیکەش وەک وێنەکێشان، رەنگکردن  و دەربڕینی بیرۆکەی هەمەچەشن، دەرفەت بە منداڵان دەدەن جوانییەکان لەجیاوازییەکاندا ببینن، یارییە گروپییەکان یەکێکی دیکەیە لەو هۆکارە کاریگەرانەی کە رێگە بە منداڵان دەدات سەرەڕای جیاوازییەکانیان کارلێک لەگەڵ یەکتردا بکەن و هاوکاری و هەستی سەربەخۆیی هاوبەشیان پتەوبکەن،  قبووڵکردنی کەسانی دیکە کاریگەرە  لەسەر بنیاتنانی کەسایەتی منداڵ، چونکە کۆمەڵێک کارامەیی بنەڕەتی وەک هاوسۆزی، خۆڕاگریی، متمانەبەخۆبوون فێردەبن، جیاوازییەکان لە بەهایان کەم ناکاتەوە بەڵکو لەڕووی کۆمەڵایەتییەوە رەفتارە نەرێنییەکانی وەک خۆ دوورخستنەوە و قسەی ناشیرین سنوردار دەکەن و ژینگەیەکی ئەرێنی لەسەر بنەمای هاوکاری و رێزگرتن دەڕەخسێنێت، ئەوەش وادەکات منداڵان  باشتر ئامادەدەبن بۆ تێکەڵبوون و کارلێککردن لەگەڵ کەسانی دەوروبەر بە شێوەیەکی تەندروست و هاوسەنگ، پەرەپێدانی  ئەم بەهایە  لە باخچەی منداڵاندا دەبێتە بناغەیەک بۆ بونیادنانی کۆمەڵگەیەکی یەکگرتوو لەسەر بنەمای رێزگرتنی یەکتر، چونکە  منداڵان لە تەمەنێکی بچووکەوە فێردەبن جیاوازییەکان ببینن، کەواتە لەڕێگەی رۆڵی هاوبەشی خێزانەکان و باخچەی منداڵانەوە دەتوانین نەوەیەک پەروەردە بکەین توانای پێکەوە ژیان و قەدرزانینی فرەچەشنیان هەبێت و باوەڕیان بەوەبێت کە هەموو مرۆڤێک شوێن و بەهای خۆی لە ژیاندا هەیە.