سه‌رده‌مى هێز و بازووى ژن

ئه‌ڤین ئه‌حمه‌د

ئه‌گه‌ر گوزه‌رێك به‌نێو شه‌قامه‌كانى شاردا بكه‌یت زۆر به ‌كه‌مى تێبینى ئه‌وه‌ ده‌كه‌یت ژنێك خۆى سه‌رقاڵ نه‌كردبێت به ‌كارێك یاخوود پیشه‌یه‌ك كه‌ بتوانێت له ‌رێگایه‌وه‌ تۆزقاڵێك له ‌بارگرانییه‌كانى ژیانى رۆژانه‌ى خێزانه‌كه‌ى كه‌م بكاته‌وه‌.. له‌شارى سلێمانیش ( ئه‌و شاره‌ى لێى ده‌ژێم)، ده‌یان ژنى له‌و شێوه‌یه‌ به‌دى ده‌كرێن به ‌تایبه‌ت له ‌شه‌قامى سالم و جاده‌ى سه‌هۆڵه‌كه‌، بازاڕى مه‌وله‌وى تا ده‌گاته‌ جاده‌ى ئۆرزدیش... كه‌واته‌ ئه‌وه‌ كلتوره‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كه‌ ڕێگره‌ له ‌ده‌ركه‌وتنى كچان و ژنان، یاخوود نه‌بوونى پلان وستراتیژێكى توكمه‌یه‌ بۆ په‌ره‌پێدانى زیاتر به‌ تواناكانیان له ‌بازاڕى كاردا ؟

 

هه‌ڵبه‌ته‌ قسه‌كردن له‌سه‌ر ئه‌م ته‌وه‌ره‌ ته‌نها په‌یوه‌ست نییه‌ به ‌شارى سلێمانییه‌وه‌، به‌ڵكو له ‌زۆرینه‌ى شار و شارۆچكه‌كانیش ده‌ركه‌وتنى ژنان و سه‌رقاڵ بوونیان به‌ كار و پرۆژه‌ جۆراوجۆره‌كانه‌وه‌ خه‌ریكه‌ ده‌بێته‌ باوه‌ڕێكى جێگیر به ‌تایبه‌ت له‌ سه‌رده‌مى ئێستاى قه‌یرانى ئابوورى و نه‌بوونى هه‌لى كاردا، ئه‌م ده‌ركه‌وتنه‌ خێرایه‌ى ژنانیش هۆكار و پاڵنه‌ره‌كه‌ى هه‌رچی بێت ئاماژه‌یه‌كى ڕوونه‌ به‌وه‌ى ژنانی ئێمه‌ش ئامادەباشى ته‌واویان تێدایه‌ بۆ ئه‌وه‌ى ببنه‌ به‌شێك له ‌چاره‌سه‌ر، و به ‌زیاتر جێگیربوونیشیان له ‌بازاڕى كاردا سیمایه‌كى گه‌شتر و فۆرمێكى سه‌رده‌میانه‌تریش به‌ دۆسییه‌ى یه‌كسانى ڕه‌گه‌زى له ‌بوارى كاردا ببه‌خشن.. ئایا كاتى ئه‌وه‌ نه‌هاتووه‌ گه‌شه‌ى زیاتر به‌م تێروانینه‌ جیاوازه‌ بده‌ین؟

 

گومانى تێدا نییه‌ هه‌ر به‌رنامه‌سازییه‌ك بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ یاخوود كاڵكردنه‌وه‌ى ئاسه‌واره‌كانى قه‌یرانى ئابوورى پێویستى به‌ پلانى تۆكمه‌ و ئاماده‌سازى ته‌واوه‌، و شێوازه‌كانى ڕوبه‌ڕووبونه‌وه‌شى هێنده‌ ئه‌سته‌م نین ئه‌گه‌ر خواستێكى ڕاسته‌قینه‌ و زه‌مینه‌سازى له‌بار هه‌بێت بۆ چاره‌سه‌ركردنیان به‌ڵام ده‌كرێت پێداگرى زیاتر له‌سه‌ر حه‌قیقه‌تێكى نه‌بینراو بكه‌ین ئه‌وه‌ش هه‌ر هه‌نگاوێك به‌ ئاراسته‌ى چاره‌سه‌ركردنى هه‌رجۆره‌ قه‌یرانێك سه‌ركه‌وتوو نابێت ئه‌گه‌ر توانا نه‌بینراوه‌كان له‌به‌رچاو نه‌گیرێن و كار له‌سه‌ر به‌كاربردنیان نه‌كرێت، زۆریش به ‌تایبه‌ت تواناكانى ژنان وه‌كو ئه‌وه‌ى ئێستا دركى پێده‌كه‌ین وتێبینى ده‌كه‌ین، بۆیه‌ كاتى خۆیه‌تى بپرسین له ‌سه‌رده‌مى ئێستاى هێز و بازووى ژندا، لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان چ پلانێكیان له‌به‌ر‌ده‌ستدایه‌ بۆ به‌گەڕخستنى زیاترى تواناكانى ژنان له ‌بازاڕى كاردا؟

 

ت.پ