ڕۆشنبیر و ڕۆڵی لەناو کۆمەڵگەدا

فەھیمە سابیر – نوسەر و ڕووناکبیر

فەھیمە سابیر – نوسەر و ڕووناکبیر

 

ڕۆشنبیر ئەو کەسەیە ئاستێک و توانایەکی زانین و تێگەیشتنی بەرزی ھەیە، لە ڕۆشنایی ئەوەدا، شیکردنەوە و ھەڵسەنگاندن بۆ گۆڕانکاری و ڕووداوەکانی ڕابڕدوو دەکات و ئاڕاستە و پێشبینی داھاتووی کۆمەڵگە دەخاتەڕوو، ھەوڵی گۆڕانی داکەوتەکە (الواقع) دەدات.

چۆن بەڕەنگاری ئەو شەپۆلە درۆ و چەواشەکارییە ببینەوە کە ڕۆشنبیرانی پارە و دەسەڵات وەک ڕاستی نیشانی خەڵکی دەدەن؟! چۆن ھۆشیاری ڕەخنەگرانەی بنیادنەر وەک "گرامشی" پێناسەی دەکا پەرە پێبدەین؟!

گرامشی سیاسەتوان و ڕووناکبیری سۆسیالیستی بەناوبانگی ئیتالیا و جیھان، لەبارەی ڕۆشنبیرەوە، باسی کەسێک دەکات کە توانای داھێنانی ھەیە لە بواری فیکر و کاریگەری لەسەر خەڵک، لێرەشەوە جیاوازی دەکا لەنێوان ڕۆشنبیری کلاسیکی و ڕۆشنبیری کارا و ئەندامی چالاکی ناو کۆمەڵگە.

 

جیاوازی ڕۆشنبیری کلاسیکی و ڕۆشنبیری کارا

یەکەمیان کە لە کۆشکێکی بەرز دەژی و واھەست دەکات لە سەرەوەی خەڵکە، دووەم ڕۆشنبیری چالاکی ناوکۆمەڵگەیە، کە لە خەم و ئازاڕەکانی کۆمەڵگە، بەتایبەتی توێژە چەوساوەکان و ستەملێکراوەکان تێدەگات، ھەوڵدەدات لەوکات و شوێنەی تێیدا دەژی ئەو چوارچێوە بگۆڕێت کە لەناویدایە، ھەلومەرجی نوێ و لەبارتر بێنێتە کایەوە بۆ ئەم مەبەستە.

بەپێی دونیابینی و بنەمای ھەڵسوکەوت و ڕەفتار، ڕۆشنبیران دابەشبوون بەسەر ڕۆشنبیرانی پارە و دەسەڵات، ئەوی دیکە ڕۆشنبیری کارا، کە توێژی یەکەم لەسەر پارەی سەرمایەداران دەژین و ڕەوایەتی چەوسانەوە و قۆرخکاری تیۆریزە دەکەن، ئەوانەی دەسەڵاتیش ستەم و زۆری دەسەڵات پەردەپۆش دەکەن، ئەمە وا لە گرامشی دەکات باس لە ڕۆشنبیری دووەم و کارا و ئەندامی ناو کۆمەڵگە بکات.

گرامشی ڕۆشنبیر بەیاخی وێنا دەکات کە بەرھەمە فیکرییەکەی پرسێکە، یان تایبەتە بە چینێکی کۆمەڵایەتی و پێویستە لە چوارچێوەی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان لێکۆلینەوەی لەبارەوە بکرێت، بۆیە ڕۆشنبیران ڕێکخەری چالاکییە ئابوورییەکانی ئەو چینەن کە پەیوەستن پێی و پاڕێزگاری دەکەن لە ھەژموونی چینی باڵادەست.

 

"ھیچ ھۆشیارییەکی ڕەخنەگرانە بێ کەسانی ڕێکخەر و سەرکردە بوونی نابێت"

گرامشی دەڵێت: ھەر چینێکی کۆمەڵایەتیی ڕۆشنبیری کارای خۆی ھەیە، بیر و تێڕوانینی سەبارەت بەو جیھانەی تێیدا دەژی بڵاودەکاتەوە، هەر لەسەر ئەوە دەڵێت: " ھۆشیاری خۆیی ڕەخنەگرانە لە ڕووی مێژوویی و سیاسییەوە مانای ھێنانە کایەی توێژێکە لە ڕۆشنبیران، کۆمەڵانی خەڵک هەر ئەوھا بە سادە و سانایی خۆیان جیاناکەنەوە و سەربەخۆ نابن بێئەوەی خۆیان ڕێکبخەن، ھیچ ڕێکخراوێک و ھیچ ھۆشیارییەکی ڕەخنەگرانە بێ ڕۆشنبیربووان نابێت و بەدی نایەت، واتە بێ کەسانی ڕێکخەر و سەرکردە، لێرەوە ڕۆشنبیر توێژێکی کۆمەڵایەتییە و نوێنەرایەتی توێژ و چینەکانی کۆمەڵگە دەکات و پارێزەری بەرژەوەندیەکانیانە.

 

ڕۆشنبیرانی چینی سەرمایەداری و بەتایبەتیش لیبرالیزمی نوێ، لە توێژینەوە و لێکۆڵینەوەکانیان بەردەوام خەریکن ئەوە لە مێشکی خەڵک بچەسپێنن، کە ئەو سیستەمە بەردەوامی دەبێت و سەرنجی خەڵک نەچێتە سەر نەھامەتی و نایەکسانی ئەو کۆمەڵگەیە و پەرە بە بزووتنەوەیەکی ڕەخنەگرانە نەدرێت.

 

زۆربەی ڕۆشنبیرانی ئێمەش، کە لە خزمەتی ناسیۆنالیزمی کورد بوون و بە ئێستاشەوە، بە درێژایی مێژووی کارکردنی سیاسی و چەکداری ئەو ڕەوتە چ لە شاخ و چ لە شار، کەمیان نەکردووە بۆ بەلاڕێدا بردنی خەڵکی و ختوکەدانی ھەست و سۆزەکانیان، کامانەن ئەو ڕۆشنبیرانەی ئاگری شەری بڕاکوژییان خۆش نەکردووە؟ ئەمڕۆ پاساو بۆ برسیکردنی خەڵک و گەندەڵی نەھێننەوە؟ کەمنین ئەو ڕۆشنبیرانەی تاکە کەس پیڕۆز دەکەن، بەرگێکی ئەفسوناوی پێدەبەخشن و ستەمی تاکڕەوی وەک مۆدێلێکی جوان نمایش دەکەن، یادداشت مۆر دەکەن، مێژوو ڕەش دەکەن و لە سەرپێ و لە خزمەت سوڵتانن.

"ڕۆشنبیران فاشیزمی دەوڵەتی تورک دەزانن بەڵام دەیشارنەوە"

کێشەکە ئەوەیە کە بانگەشە و درۆکانیـــان لە میدیا و بڵاوکراوەکانیان ھەمیشە گوێگرانێکی ھەیە، لە گەوجکردنی کۆمەڵانی خەڵکی کوردســـتان و بەلاڕێدا بردنیان ھۆشی خەڵک کەمیان نەکردووە، لە گەرمەی ڕووداوەکانی زینێ وەرتێ و ئەو دواییەی چەمانکێ و شنگال، بەشێکی زۆری ڕۆشنبیران ئاگری شەڕیان خۆش دەکرد، زۆڕبەی زۆری ڕۆشنبیران لە مێژووی فاشیزمی تورکی دەگەن و لەلایان ئاشکرایە کە فاشیزمی دەوڵەتی تورکیـــا ڕەگێکی ڕیشەداریی ھەیە و مێژووی ئەم فاشیزمە بەرامبەر بە کورد کۆنە، تورکیایە ھەوڵی ھەڵگیرساندنی شەڕ دەدات، بەڵام ئەو ڕاستیە دەشارنەوە و باسی ناکەن.

 

ڕۆشنبیر دەبێت بە وریایی مامەڵە لەگەڵ ئەرکە نیشتیمانیی و مرۆییەکان بکات، ڕۆڵی بنیادنان لە بواری پەرەپێدان و ڕۆشنگەری ھەبێت و ڕوواڵەتەکانی ژیان کاری تێدانەکات، بوێری و ئازایەتی تێدابێت بەرامبەر دیاردەی دواکەوتویی و خێلەکی و خۆفرۆشی و گەندەڵی و برسیکردنی خەڵک، ستەم و تاکڕەوی، ترس و تیرۆری دەسەڵات نەیوەستێنێت، دووربێت لە سازش و خۆپەرستی، ئەو پرسانە بووروژێنێت، لێکۆڵینەوە و توێژینەوەی گرنگ لەبارەی ڕووداوە ھەنووکەییەکان و تەنگژەکان بخاتەڕوو، ڕووبەڕووی ئەو سیاسەتە ببێتەوە کە هەرێم بەرەو توونێلێکی تاریک دەبات و داھاتووش بە بنبەست دەگەیەنێت.

 

گرنگە ڕۆشنبیران ئەرکی مێژووییان ھاوشێوەی ڕۆشنگەران جان جاک ڕوسۆ و ڤۆلتێر، لەشۆڕشی فەڕەنسی ببینن، ئەمە بۆ بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی ئازاد و پێشکەوتوو، هەروەک دەزانرێت شارستانی لەسەر بنەمای نەخوێندەواری و دواکەوتوویی دروست نابێت، بەڵکو لەڕێگەی کەسانی ڕووناکبیر و بەتوانا لە ڕێگەی گواستنەوەی ئەزموونی سەرکەوتوویی گەلان دێتەدی.

 

ڕۆشنبیران دەتوانن کۆمەڵگە بجوڵێنن، سەبارەت بە هەر کردەوەیەکی هەڵە و بابەتێک کە زیان بەکۆمەڵگە دەگەیەنێت ئاگایی بدەن، ڕۆشنبیران پێویستە ھاوکاری باشی ئەو لایەنە سیاسیە بن کە ھەوڵی پەرەپێدانی دیموکراسی و ئازادی و دادپەروەری دەدات.

ڕۆشنبیر ئامێرێکە بەردەوام کار دەکات و لە جوڵە ناوەستێت و بیرکردنەوە بەرھەم دێنێت، ڕۆشنبیری کارا دەبێت لە سەنگەری خەڵک بێت و داکۆکیکاری بەرژەوەندیەکانیان بێت.