سێ قوناغی رێککەوتنی یەکێتی و گۆڕان لە نێوان دژەکانی ڕێککەوتن و دژەکانی ترازان

بڵێسە جەبار فەرمان – پەرلەمانتار

 

پەیوەندی یەکێتی و گۆڕان بە چەندەھا قوناغدا تێپەڕیوە، کێشە و دژایەتی کردنی ئەم دوو ھێزە جەماوەریە لە جوگرافیایەکی بچوکدا کێشە و دڵەراوکێ و ناسەقامگیری زۆری لەگەڵ خۆیدا ھێنا، باس لەسەرەتای کێشەکان ناکەم کە بە دەرپەڕاندنی زۆر لە تواناکی یەکێتی و دروستبوونی گۆڕان تەقیەوە.

 

وەلحاڵ دژایەتی ئەم دوو ھێزە بێجگە لە دواخستنی پارێزگای سلێمانی وەک زۆنێکی خاوەن تایبەتمەندی ل ەھەموو رویەکەوە ھیچ چاکەیەکی بۆ دانیشتوانی ناوچەکە نەبوو، باس لە کار و پێگە یا دەستکەوتی ئەم دوو حزبە ناکەم لەسەر ئاستی عیراق و ھەرێم، بەڵکو تەنھا باس لە کاریگەری ناکۆکی ئەم دوو حزبە ئەکەم لەسەر پارێزگای سلێمانی بە (هەڵەبجە، گەرمیان و راپەرین).

ساڵانێک شەڕە پەرۆ دروشمبازی و ھێرشی میدیایی چڕ بۆسەریەکتری بووە ھۆی ناشرین کردنی تێکڕای شۆڕش و خەبات و مێژووی هەردوو لا، بێگومان ھەموو کۆک بوون لەسەر ئەوەی ئەم زۆنە دەبێت بە ھەماهەنگی ھەردوو ھێز بەڕێوە ببرێت و ھیچ ھێزێک ناتوانێت لاکەیتر پەراوێز بخات، لەناو ھەردوو ھێزدا کەسانێکی زۆر ھەبوون ھەوڵی لێک نزیک بوونەوە و لێکتێگەیشتن و ئاسایی بونەوەی پەیوەندیەکانیان دەدا، کەسانێکی تری زۆریش ھەبوون لەبەر بەرژەوەندی کورسی و تایبەت و حقدی شەخسی خۆیان ئاگری دووبەرەکی و ناکۆکیان لەنێوان یەکێتی و گۆڕان جۆش دەدا.

 

ڕێککەوتنەکان و لێک نزیک بوونەوەی گۆران و یەکێتی بە سێ قۆناغ دا تێپەڕی.

یەکەم_ رێککەوتنی گۆڕان و یەکێتی لەسەر حکومەتی خۆجێیی لە پارێزگای سلێمانی، پارێزگای هەڵەبجە، ئیدارەی گەرمیان ئیداری راپەڕین.

لە ھەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی پارێزگاکاندا لە ساڵی ٢٠١٤ ململانێیەکی توند لەنێوان ئەم دوو ھێزەدا ھەبوو، چەند حەفتەیەکی پر کێشەی هەڵمەتی بانگەشەی ھەلبژاردنمان تێپەراند، تەنانەت چەندەھا شەڕ و ئاژاوە و بریندار و شەھیدی ھەلبژاردنمان ھەبوو، دوا بە دوای ھەڵبژاردنەکان گۆڕان ١٢ کورسی و یەکێتی ١١ کورسی بەدەست ھێنا.

 

ھیچ کامێک لەم دوو لایەنە نەیان توانی بە ھاوپەیمانی لایەنێکی تر ١٧ کورسی بۆ خۆیان مسۆگەر بکەن و پارێزگارێک هەڵبژێرن، ئەمەش بووە ھۆی ئەوەی ئەم دوو ھێزە رێککەوتنێکی ئیداری لەگەڵ یەکتردا واژوو بکەن، ئەم رێککەوتنە چەندەھا برگەی لەخۆدەگرت و رادەستکردنی چەندەھا پۆست کە لەدەست یەکێتی بوون بە گۆران، ئەمە ھەنگاوێکی زۆر گرنگ بوو بۆ لێکنزیک بوونەوە و چەسپاندنی دیموکراسی و رادەست کردنی کورسی دەسەڵات.

لەگەڵ ئەوەی بۆ یەکێتی نیشتیمان زۆر سەخت بوو دان بە کەمبوونەوەی کورسیەکانیدا بنێت و پۆستی پارێزگاری سلێمانی و قائمقامیەت و شارەوانیەکان کە لای یەکێتی بوون رادەست کردنیان بە بزوتنەوەی گۆران، ئەمە باوەڕ بوونی یەکێتی نیشتیمانی کوردستانی بە دیموکراسی و رادەست کردنی دەسەڵاتی دەرخست.

 

بێگومان ئەم رێککەوتنە دژی زۆر بوو.

ھەوڵێکی زۆر درا کە رادەست کردنی ئەو  پۆستانە گرفتی تێ بکەوێت، لە ھەندێکی دا بەداخەوە سەرکەوتوو بوون، ئەمەش بووە ھۆی دروست بوونی ھەندێک نیگەرانی و ناباوەڕی بە یەکتری، ھەر بۆیە ھەنگاوی دووەم پێویست بوو، کە ئەویش رێککەوتنی دەباشان بوو.

 

دووەم_ رێککەوتنی دەباشان

دوای ئەوەی ھەردوو ھێز تا رادەیەک لێک نزیک بووبوونەوە و ھەردوو لا گەیشتبوونە ئەو بروایەی بەو ھەموو ناکۆکیە ئەم پارێزگایە بەرێوە ناچێت و ھاوڵاتێان شەکەت بوون لە نائارامی بازار و دڵەراوکێ، سەرکردایەتی ھەردوو ھێز رێککەوتنێکی پتەو و بەھێزیان ئامادەکرد و بە ئامادەبوونی ھەڤاڵ مام جەلال ئەم رێککەوتنە لە لایەن کاک نەوشیروان و کاک کۆسرەتەوە واژوو کرا، ئەمە رێککەوتنێکی سیاسی بەھێز بوو کە ھەردوو ھێزی لێک نزیک کردەوە.

 

بە پلانی تۆکمەوە بۆ داھاتووی هەرێم و کوردستان لەھەموو بوارەکان دا. دروستکردنی فراکسیۆنی هاوبەش لە پەرلەمانی کوردستان و بەنیاوی هاوسەنگی راستەقینە ئەم دوو ھێزە بەنیازی دروست کردنی ھێزێکی بەقوەت بوون و ھەنگاویان دەنا بۆ بوون بە ھێزی یەکەم، بێگومان ئەو پلان و بەرنامانە بۆ ئایندەی ھەرێم و شێوازی بەرێوەبردنی، لە بەرژەوەندی زۆر لایەن و کەسایەتی سیاسی و سەرمایەداردا نەبوو.

 

بە نەخۆشکەوتنی کەراکتەرە سەرەکیەکان و کۆچی دواییان نەیارانی ئەم رێککەوتنە توانیان کەلێن بخەنە نێوان ئەم دوو ھێزە و کۆی رێککەوتنەکە سڕ بکەن، دوای ساڵانێک لە سڕ بوون ئێستا ھەردوو ھێز دووبارە ھەنگاو دەنێن بۆ لێکتێگەیشتنی زیاترو کاری ھاوبەشی زیاتر، کە ئەمەش رێککەوتنی سێیەمی ئەم دوو ھێزەی ھێنایە ئاراوە و دروست کردنی ھاوپەیمانی کوردستان.

 

سێیەم_ ھاوپەیمانی کوردستان

عیراق بەرەو ھەڵبژاردنی پێش وەختە ھەنگاو دەنێت، بێگومان ئەم ھەڵبژاردنە زۆر دژوار و ئەستەمە. ھەموو کۆکن لەسەر ئەوەی کە ئەم ھەڵبژاردنە گەر بە شێوەیەکی دیموکراسی و دوور لە بەکارھێنانی ھێز و ترسەوە بەرێوە بچێت خەریتەی سیاسی عیراق دەگۆرێت، قۆناغێکی نوێی خەریتەی سیاسی دروست دەکات. یەکێتی و گۆڕان ئەم هاوپەیمانیەیان بەپلەی یەکەم بۆ هەڵبژاردنی عیراق کردوە. هەروەها چەند هێڵێکی گشتی کراوەتە ناوەڕۆکی.

 

ئەم ڕێککەوتنە وەکو بناغەیەک گرنگی خۆی ھەیە بەڵام پێویستی بە وردکردنەوە زیاتر و ملحقی تر هەیە. ئەم ھاوپەیمانیە بوعدی سیاسی پێویستە وە دەبێت لە بەرژەوەندی رەوتی سیاسی ھەرێم بێت و وەستانەوە بە رووی تاکرەوی حزبێکی تر و نەک تەنیا بۆ کەمکردنەوەی شەڕە پەڕۆ ھێرشی میدیای کاتی ھەڵبژاردن و تقسیماتی کورسی پەرلەمانی لەنێوخۆیان دا.

 

لە بەدەستھێنانی کورسی پەرلەمانی گرنگتر بەرنامەی هاوبەش و پلانی دوورمەودایە بۆ   خزمەتی خەڵکی کوردستان و باشکردنی نان و مەعاشیان. بەبێ پلانی دوورمەودا و وردەکاری زیاتر بۆ جێبەجێکردن ئەم ھاوپەیمانیە بایەخی ئەوتۆی نابێت، بەڕای من بە رەچاوکرنی قۆناغەکانی ئەم سێ ڕێککەوتنەی نێوان هەردوو لا وردەکاری ڕێککەوتن بۆ هەر سێ ئاست پێویستە.

 

یەکەم لەئاستی زۆنی ئیداری سەوز یان پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و هەردوو ئیدارە سەربەخۆکە. چاکسازی ئیداری، دژایەتی گەندەڵی و  قاچاخچێتی مەرزەکان و قوەتی حکومەتی دروست بکرێت، دووەم بۆ ئاستی هەرێمی کوردستان لە حکومەت و پەرلەمان و ئایندەی پێکەوە ئیشکردن. یەک فراکسیۆن و یەک بەرنامەی هاوبەش لە دژایەتی گەندەڵی و بڕیاری سیاسی بچێتەوە لای حکومەت و لای شەخس و لایەن نەمێنێت، سێیەم ئاستی عیراق ئایا دوای هەڵبژاردن دەبن بەیەک فراکسیۆن یا هاوپەیمانی و فراکسیۆنی جیا.

 

پۆستەکانی بەغدای کورد چۆن پێدا دەچنەوە.

ئایا تەبیعەتی کارکردنی خۆیان لەبەرامبەر خۆیان لایەنەکان ئەگۆڕن؟ چونکە قۆناغی دوای ڕێککەوتنەکە جیاوازترە لە پێشتر، بەگشتی هەڵسەنگاندنی من بۆ ڕێککەوتنەکە پۆزەتیڤە تەکمیلەی ڕێککەوتنەکانی پێشووترە، بەڵام وەک وتم دەبێت فراوان بکرێت بۆ ئاستی سیاسەتی نیشتمانی هەردوو لایەن. لەپاڵ ئەم کارەشدا ئەبێت ئەوە بخەمە بەرچاو کە دڵنیام بەم هەنگاوەش خەڵکانێک و لایەن هەیە، پێی خۆش نیە (زۆر کەس هەن لەبەردەم کامیرا چەپڵە بۆ رێکەتن لێدەدەن و لە پشتی پەردەوە دژی دەوەستن). بەڵام تەمەنا دەکەم دەنگی نەشاز جارێکی تر هەوڵ نەدەن و گرفت بۆ ئەم رێکەتنەش دروست نەکەن، یان بیانوو نەهێننەوە، چونکە ڕێککەوتن دایمە باشترە لە ناکۆکی. عیبرەتیش لە ڕێککەوتن جێبەجێکردنیەتی.