رۆژئاوای کوردستان لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی سەختدایە
سۆزان حەمە تاتە - نووسەر
دوای هێرش و پەلامارە دڕندانەکان بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان، لەلایەن رژێمەکەی "ئەحمەد جۆلانییەوە"، هێشتا مەترسییەکان گەورەن و ئاسان ئەو نەخشە و پیلانانە کۆتاییان نایەت، بەو پێیەی تورکیا لایەنێکی سەرەکیی گەمەکانە و لە چەندین قۆناغی یەک لەدوای یەکی قورسدا پێکدێت.
ئەزموونی بەڕێوەبەرێتی خۆسەر ئەزموونێکی دیموکراتییە، یەکێک لە سەختییەکانی بەردەمی و هۆکاری سەرەکیی رەتکردنەوەی یان هەوڵدانی جددی بۆ شکستپێهێنانی، بریتییە لەو لۆژیک و سیاسەتە دیکتاتۆرییانەی لەسەر ئاستی شۆڤێنیزم و دژە کورد هەیە، بەتایبەت سەرکەوتنی ئۆپۆزسیۆنی ئیسلامیی توندڕەو بە سەرۆکایەتی محەمەد جۆلانی بەسەر بەشار ئەسەددا، بەرهەمی پرۆژەیەکی ئیقلیمییە و وەک دەوترێت ئیسرائیل و ئەمەریکا بۆ رێگرتن لە پرۆژەی ئێرانیی روسی لە سوریا و ناوچەکە، هاوئاهەنگی سەرکەوتنی ئەو پرۆژەیە بوون.
لەو پرۆژەیەدا، محەمەد جۆلانی لە تیرۆریستێکەوە دەکرێتە پاڵەوان، پرۆژەی هیلالی شیعی لە سووریا دەپچڕێت، هەیمەنەی روسیا لەسەر سووریا تا نزیکبوونەوە لە سفر کەمدەکرێتەوە، وردە وردە سوریا دەچێتە بن باری رازی بوون بە پاراستنی ئاسایشی ئیسرائیل لە قۆڵی خۆیەوە، هەروەها گرەنتی ئەوە دەدات بەشێک دەبێت لە دژایەتیکردنی ئێران و حزبوڵڵا و تەنانەت بەشێک دەبێت لە پرۆژەی گەمارۆدانی بزووتنەوەی حەماسی فەلەستینیش.
سووریا دەبێتە جێ هەیمەنەی هەر یەک لە وڵاتانی ئەمەریکا، فەرەنسا، سعودیە، قەتەر و تورکیا بەشێوەیەکی راستەوخۆ، تائێستاش کۆکن لەسەر ئەوەی سووریایەکی یەکگرتوو دروستبکەن، کەوا ناسنامەکەی عەرەبیی سوننەی دژی ئێران و دوژمنەکانی دیکەی ئیسرائیل بێت و تا ئەندازەیەکیش سەرکەوتوو بوون.
ئەو پرۆژەیە بۆ کورد مەترسیی گەورەی دروستکرد، بەرژەوەندیی سووریا- تورکیا و بەهاوکاریی راستەوخۆی تۆم باراک، نوێنەری ترەمپ، بووە بەشێک لە پرۆژەی دروستکردنەوەی سوریایەکی ناوەندی، باراک بە ئاشکرا ئەوەی وت و تورکیایش هەمان شتی جەخت لێکردەوە، بۆیە هێرشکردنەوە سەر رۆژئاوای کوردستان بەشێک بوو لەو پیلانەی خرایە خزمەتی محەمەد جۆلانییەوە بۆ ئەوەی بەرژەوەندییەکانیان تێکەڵی یەکتر بکەن و داهاتووی سوریا بۆ خۆرئاوا و تورکیا بێت لە دژی ئێران.
سێ هۆکاری سەرەکی وایانکرد رۆژئاوای کوردستان بە یەکجاری کۆتایی پێنەهێنرێت، بەڵام مەترسییە گەورەکە هەر ماوە، بەڵام بۆ ماوەیەک سڕکراوە:
یەکەم: یەکگرتوویی کورد لەسەر ئاستی شەقام و تا ئەندازەیەکی زۆریش لەسەر ئاستی هێزە سیاسییەکانی، هۆکاری گرنگ بوون و رۆحی نەتەوەیی بوژاندەوە و زیاتر بەرەوپێشی برد.
دووەم: ئەو جموجوڵەی لە کۆنگرێسی ئەمریکی لەسەر دەستی لیندسی گراهام دەستیپێکرد و پرۆژەی "پاراستنی کورد"ی پێشکەشکرد، هەروەها هەندێک سیاسەتمەدار و پەرلەمانتاری دیکەی دۆستی کوردیش هاتنە دەنگ و جیهانیان لە مەترسییەکانی سەر کورد ئاگادارکردەوە.
سێیەم: هۆکاری دیکەی سەرەکی بریتی بوو لە بەرخۆدانی کورد لە رۆژئاوای کوردستان، چۆن ئازایانە داعشیان تێکشکاند، ئاواش رووبەڕووی سوپاکەی جۆلانی بوونەوە، سەرەنجام کورد تێکنەشکا، بەڵکو بەشێک لە دەستکەوتەکانی لەدەستدا و دەبێت بۆ دەرفەت بگەڕێت مافەکانی دیکە خۆی وەربگرێتەوە.