رۆڵی ئەدەب لە زمانی نەتەوەدا
کەژاڵ ئەحمەد - نووسەرو هۆنەر
لە ٢١ی شوباتدا بەبۆنەی رۆژی جیهانیی زمانی دایک-ەوە، لە رێی زوومەوە بەشداریم لە سیمینارێکی کۆمیتەی ژنانی رێکخراوی پێنی کوردیدا کرد کە بێجگە لە ژنانی چوارپارچەی کوردستان، نوێنەری ژنانی دیاسپۆرا و ژنانی قەفقاسیا بەشدار بوون. دەتوانم بڵێم نوێنەرانی کوردستانی گەورە لە زووم کۆبووبوونەوە بۆئەوەی هەر کەسەو باسی رەوشی زمانی کوردی لە هەرێمەکەی خۆیدا بکات و هەڕەشەکانی سەر زمانەکەمان بخەینەڕوو. ئەگەرچی هیچ کارێک بێ کەموکورتی نییە، بەڵام لە کۆی هەنگاوەکەدا وەک دەستپێک، ئومێدێکی گەورە بەدیدەکرێت. پوختەی ئەوەی خستمەڕوو سەبارەت بە دۆخی زمانی کوردی لە باشووری کوردستان ئەمە بوو: " زمان یەکێکە لە رەگەزە سەرەکییەکانی پێکهێنانی نەتەوە و ناسنامەی میللەتان، هەر بۆیە یونسکۆ لە ١٩٩٩دا ٢١ی شوباتی بە رۆژی زمانی دایک دەستنیشان کرد. سەبارەت بە زمانی کوردی لە باشوور ئێمە لەدوای راپەڕینی ١٩٩١ ئیدی لە قۆناغی پاراستنی زمانەکەمانەوە، گەیشتینە قۆناغی گەشەپێدان و پێشخستنی زمانەکەمان، ئەو زمانەی کە هەر لەسەرەتاوە لە لایلایەی دایکان و ئەدەبی سەرزارەکیدا پارێزراوبووە و لە رێی ئەفسانەی سەرزاری باپیرانمان و پەند و ئیدیۆم و فۆلکۆرە دەوڵەمەندەکەمانەوە لە نەوەیەکەوە بۆ نەوەیەکی دی گواستراوەتەوە، تا دواجار لەگەڵ پێشکەوتنی مرۆڤایەتی و شارستانییەتدا ئەدەبی نووسراو، یان با بڵێم تۆمارکراو دەرکەوتووە و کورد وەک نەتەوەیەکی دێرین و رەسەن وێرای هەوڵەکان بۆ سڕینەوە و لەناوبردنی، نەخشێکی قووڵ و بەهێزی هەیە لە هەردوو ئاستەکەی زماندا، هەم زارەکی و هەم تۆمارکراویش. کۆنترین دەستنووسەکانی زمانی کوردی، ئەوانەی لە دەست داگیرکەرانمان رزگاریان بووە و گەیشتوون بە ئێمە، وەک شارەزایان ئاماژەیان پێداوە دوو بەیت لە شیعری بابا تاهیری هەمەدانی "کە لە ساڵی٩٣٥ لەدایکبووە و ١٠١٠کۆچی دوایی کردووە"، واتە لە سەدەی یانزدەدا نووسراوە بە کۆنترین دەقی ئەدەبیی کوردی دادەنرێت. پێش ئەم شیعرەش کتێبی یارسانەکان و نووسراوی موریدەکانی دەسپێکێکی روونی بەکارهێنانی زمانی کوردین لەبواری نووسیندا و بێگومان گواستراویشنەتەوە بۆ سەر زاری خەڵکی.
ئەگەر ئەحمەدی خانی و مەلای جزیری و فەقێی تەیران، رۆڵیان لە پاراستن و بەرەوپێشبردنی زمانی کوردیی بە زاری کرمانجی باکووردا هەبووە و ئەو دەقانە مێژووی هەبوون و مانەوەی دەستنیشان دەکەن. وەک چۆن شکسپیر جێ پەنجەی بەو زمانە ئینگلیزییەوە دیارە کە ئەمڕۆ هەموو جیهان پێی دەدوێن، نالی جێ پەنجەی بەسەر ئەو شێوەزارە سۆرانییە، یان بابڵێم کرمانجی ناوەڕاستەوە هەیە کە ئەمڕۆ پێی دەدوێین و دەنووسین و نەوەکانی ئایندەش بەکاریدەهێنن و زیاتر بەرەوپێشی دەبەن، بەهۆی دەوڵەمەندیی زمانی کوردی لە شێوەزار و بنزارەکانیدا، من بە پێچەوانەی گەلێک نووسەرەوە، پێموایە سۆرانی، هەورامی، زازاکی، لوڕی، کرمانجی باکوور و.. هتد هیچیان مەترسیی نین بۆسەر ئەوی تریان، بەڵکو یەکتر دەوڵەمەندتر و پتەوتر دەکەن، ئەگەرچی بێجگە لە کێشەی جیاوازیی دیالێکتەکان گرفتی جیاوازیی نووسینمان هەیە بە دووپیتی جیا کە پیتی ئارامییە لە سۆرانیدا و نووسینە بە پیتی لاتینی لە کرمانجی ژووروودا، ئەمە یەکێکە لەو ئاستەنگانەی هێنانەکایەی زمانی ستانداردی کوردی سەخت دەکات، بێگومان ناڵێم دەیکات بە مەحاڵ، چونکە لە پرسی پاراستنی زمانەکەماندا نابێت باوەڕمان مەحاڵ و رێگریی هەبێت.» هەویرەکە زۆر ئاودەکێشێت و منیش «دەستم لەناو هەویرە و هەر هێندەم لەبیرە».