راگەیاندن و بەرپرسیارێتی ئەخلاقی
پەرێز عومەر - نووسەر
لە دونیای ئەمڕۆدا راگەیاندن چەندین جۆری هەیە کە نابێت هیچیان بەدەر بن لە بەرپرسیارێتی ئەخلاقی لە چوارچێوەی ئەرکی پیرۆزی گەیاندنی راستییەکان، تا هاووڵاتیان ئازادانە هەڵسەنگاندن بۆ رووداوەکان بکەن و هەڵوێستی دروستیان بەرامبەری هەبێت.
بەداخەوە بەشێک لە راگەیاندنە زەبەلاحەکان بە پشتیوانیی کۆمەڵێک دەسەڵاتدار، بێ گوێدانە بەها مرۆڤایەتی و یاساییەکان، زۆربەی کارەکانیان بۆ هەڵخەڵەتاندنی شەقام و تێکدانی ئاشتیی کۆمەڵایەتی و چاندنی رق و کینە تەرخان کردووە.
بە جۆرێک کە لەدوای شەڕی نەگریسی ناوخۆوە هیچ کاتێک هێندەی ئێستا، ئەم شێوازە پەیڕەو نەکراوە.
هەمان ئەو لایەنە، چەندین ساڵە تەواوی تواناکانیان لە رووی ماددی و مەعنەوییەوە، تەرخان کردووە بۆ تێکدانی کۆمەڵگە و پرەنسیپە جوانەکانی داب و نەریتی کوردەواری.
بەداخەوە بە پشتیوانیی نەیارانی کورد و کوردستان، تا ئاستێک ئامانجیان پێکاوە و لە ئێستاشدا بەتەواوی کار لەسەر چاندنی دووبەرەکی و تێکدانی ئاشتی کۆمەڵایەتی دەکەن. بەشێوەیەک هەست بەوە دەکرێت کە دەزگای زەبەلاحی هەواڵگریی لەپشت ئەم شێوازە راگەیاندنەوە هەن، کە چەند ئامانجێکیان هەیە لەوانە: دابڕانی کۆمەڵایەتی، تێکدانی ئاشتیی کۆمەڵایەتی، نەمانی متمانەی خەڵک و رەخنەگران، جا ئەو رەخنەگرانە ئۆپۆزسیۆن بن، یان خەڵکی ناڕازی و بێلایەن، یان هەر کەسێک کە رەخنەی لە دەسەڵاتی ئێستا هەبێت.
ناشیرینکردنی کەسایەتییە دڵسۆز و خاوەن هەڵوێستەکانی کۆمەڵگە، تا شەقام گوێیان لێنەگرێت. کەمکردنەوەی کەسایەتی گەنجان و لەباربردنی تواناکانیان، بێدەنگکردن و بێهەڵوێستکردنی شەقام، بڵاوکردنەوەی بێئومێدی، لەناوبردنی شوناس و تایبەتمەندییە نەتەوەییەکان کە دەیان سەدەیە دوژمنان ئامانجیانە و نەیانتوانیوە بیبەنەسەر، بێ ئیرادەکردنی گەنج و تاکی کورد.
هەریەک لەم خاڵانە بۆ کورد کە تا ئێستا مافە نەتەوەیی و نیشتمانییەکانی بەدەستنەهێناوە و ناسنامەکەی لەژێر مەترسیدا ماوە، زۆر ترسناکە. لەلایەکیترەوە، ئەم پەرتەوازەکردن و لەناوبردنی متمانەیە، بۆ درێژەدانە بە سیاسەتی رووتاندنەوەی خەڵک و گەشەدانە بەو بازرگانییەی لەسەر قووت و خوێن و تەندروستیی خەڵکی کوردستان دەکرێت.
جگە لەو هەموو مەترسییانەی لە ئەنجامی ئەو گوتارە، رووبەرووی خەڵکی کوردستان دەبنەوە، بێڕێزییەکی گەورەشە بەرامبەر بە هاووڵاتیان و خەڵکی قوربانیدەری کوردستان کە شایانی هەموو خزمەت و رێزلێنانێکن.
کاتێک دامەزراوەی زەبەلاحی تایبەت بۆ هەڵخەڵەتاندنی جەماوەر تەرخان دەکەیت، بیرت لەوە کردۆتەوە کە ئەمە ئەوپەڕی بێڕێزییە بەرامبەر بەو کەسانەی باوەڕت پێدەکەن و تا ئێستا پشتیوانیت لێدەکەن؟ ئەمە لەکاتێکدا، لەسەر حسابی برسیکردنی خەڵک ئەم چەواشەکارانە گوژمەی زەبەلاحیان بۆ تەرخان کراوە.
کەواتە بە پارەی قووتی خەڵک گاڵتە بە عەقڵ و هەست و نەستی خەڵک دەکەن و هەڵیاندەخەڵەتێنن.
لێرەدا پێویستە لایەنەکانی دەرەوەی ئەوانە، کۆشش بکەن بۆ راستکردنەوەی چەواشەکارییەکان و گەیاندنی راست و دروستیی تەواوی رووداوەکان بە هاووڵاتیان، بە زمانێکی پڕۆفیشیناڵی دوور لە هەڵخەڵەتەنادن.
پێویستە هاووڵاتیانیش خۆیان بپارێزن لە کاریگەرییەکانی ئەم چەواشەکارییە و خۆیان بگەڕێن بەدوای راستییەکاندا، هەڵوێستیش وەرگرن بەرامبەر هەر کەس و لایەنێک کە هەوڵی چەواشەکاریی دەدەن.
دەبێت هەڵمەتێکی خۆڕسکی جەماوەری بۆ بلۆککردنی دەزگا چەواشەکارەکان دەستپێبکات و هەر کەس و لایەنێک ئەم کارە دزێوە بکات، لە هەموو پلاتفۆڕمە کۆمەڵایەتییەکان بلۆکی بکەن.