قژ؛ بۆ ژنانی کورد پرسێکی ئایدۆلۆژییە
تەوار عادل - ڕۆژنامەنووس
ئەگەر ژینا ئەمینی لەلایەن ڕژێمی ئێرانەوە لەسەر دەرکەوتنی پەرچەمی کوژرا، ژنان بۆ پرۆتێستۆکردنی ئەو کردەیە، بە دەستەکانی خۆیان قژیان بڕی.
ئەگەر چەتەکانی جۆلانی-داعش کەزی-پرچێکی شەڕڤانێک دەبڕن، هەزاران ژن قژەکانیان بە کەزی دەهۆننەوە.
قژی ژنان سیمبول و ناسنامەیە بۆ ئەو ڕەگەزەی بە هەزاران ساڵە دەویسترێت کۆیلە بکرێت، وەک کورد دەیان داستان و چیرۆکمان هەیە لەسەر قژی دایکان، ژنان پرچەکانیان لەگەڵ ئازیزەکانیاندا دەخەنە ژێر گڵەوە، کاتێک خۆشەویستەکانیان دەمرێت، قژەکانیان دەبڕن و دەیکەنە ملوانکەی کێلی ئازیزەکانیان، کاتێکیش خۆیان شەهید دەبن، پرچەکانیان دەبنە یادگاری، ئەو ژنانەی لە زینداندا بە زۆرەملێ قژیان بڕدرا، ئازار و دەنگی مقەستەکانیان لە گوێکانیاندا دەزرینگێتەوە و بۆ ئەبەت بێدەنگ نابێت، ژنە قژ درێژەکان کاتێک قژەکانیان دەبڕن، دەیکەنە پرچ و بە یادگاری بۆ تەمەنێک دەیهێڵنەوە، ژنە پیرەکان سەرباری کەمی تاڵەکانیان، بەڵام ئەوان لە ژێر سەرپۆشەکانیاندا دەیهۆننەوە، تەنانەت لە پرۆسەی گۆرانکاری و دەربازبوونی دۆخی دەروونی و خەفەتیشدا، ژنان قژەکانیان دەبڕن، کاتێکیش دوو کەس "کچ و کوڕ" لەیەدی جیا دەبنەوە، ژنان بۆ نیشاندانی ئازارەکانیان، یان بۆ نیشاندانی ئیرادەی دەستبەرداربوونیان قژەکانیان کورت دەکەنەوە. ئەوان پرچەکانیان سپی بێت یان ڕەش، زەرد بێت یان سور، لە دوا خاڵدا سنوری ئیرادەی خودی ژن وێنا دەکات و هێڵی سورە، کاتێک دەست بۆ قژ برا، ئەو کاتە هەڵوێست نیشان دەدرێت.
ئیرادەکە لەچک بێت یان بێ لەچک "وەک ئایدۆلۆژیای ئیسلامی یان عیلمانی" ئەوە خودی ژنە بڕیاری لێدەدات چۆن بیڕازێنێتەوە و بەری بداتەوە، کاتێک سەرمایەداری یاری بە ڕەنگی پرچی ژنان دەکات، ئێمە خەنەمان هەڵبژارد تا هەر ڕۆژە و لەسەر ناوی مۆدێلێک تاڵی قژەکانمان بەکارنەهێنرێت، کاتێک سەرمایەداری بۆت دیاری دەکات ژنان چ مۆدێلێک قژ ببڕن، ژنان خۆیان قژەکانیان دادەپۆشن و شێوازەکەی هەڵدەبژێرن، کاتێکیش ڕژێمێک بە زۆرەملێ قژی ژنان دادەپۆشێت، هەر خودی ژنە کە شۆڕشی فڕێدانی لەچکەکانیان بەرپا دەکەن، ئەگەر ژنێکی کورد لەسەر دەرکەوتنی قژی کوژرا، ژنان بە دەستی خۆیان قژی خۆیان لە بندا بڕی، کاتێک چەتە قژی ژنی کورد دەبڕێت، هەر ژنە بە دەستەکانی قژی دەهۆنێتەوە.
ئەم چەشنە لە بەرەنگاربوونەوەی ژنە، ئەم شۆڕشە هزرییەی قژی ژنان، ئیرادەی ژنان بەسەر ڕەگەز و بوون و ناسنامەیان نیشان دەدات، کە هیچ کەسێک ناتوانێت دەست بۆ سیمبولەکانی ژن و خودی ژنان ببات.