پێوەرەکانی شایستەیی ژن کامانەن؟

بێری غه‌ریب- نووسەر

بێگومان ژن و پیاو هەردووکیان تەواوکەری یەکترین، چونکە کۆمەڵگەیەکی ئاوەدان و پێشکەوتوو بەدەست نایەت بەبێ بەشداریی یەکێک لەوان، بە پەراوێزخستنی هەریەکەیان داهاتووی کۆمەڵگە دروست نابێت، بەڵکو دەبێت ژن و پیاو هەردووکیان یەکتری وەکو هێز و پشتیوانی بۆ پێشخستنی ژیان ببینن، نەک دژایەتی و ململانێی یەکتری بکەن.


ئەگەر بمانەوێت کۆمەڵگەیەکی تەندروستمان هەبێت، دەبێت ژن و پیاو تێیدا رێز لە تواناکانی یەکتری بگرن، چونکە کۆمەڵگەیەکی هاوسەنگ و ئارام بە ململانێ و دژایەتیی ژن و پیاو دروست نابێت، بەڵکو بە هاوکاری و هاوبەشیی هەردووکیان دروست دەبێت، لە هەمانکاتدا دەبێت رێگە بدرێت ژن بتوانێت تواناکانی خۆی پیشان بدات و پیاویش هەمان دەرفەت و مافی هەبێت.


ئەوە روونە پێشکەوتنی راستەقینەی مرۆڤ بەهۆی رەگەزییەوە نییە، بەڵکو بەهۆی تواناکانییەوەیە، کۆمەڵگەیەکی بەهێز ئەوە نییە کە تێیدا ژن لە پیاو داببڕێت یان پیاو لە ژن، بەڵکو کۆمەڵگەیەکی بەهێز ئەو کۆمەڵگەیەیە کە تێیدا لە بنەڕەتەوە فێری رێزگرتن لە تواناکانیان، رۆڵیان و هاوبەشییکردنی یەکتری بکرێن، چونکە داهاتووی کۆمەڵگە پەیوەستە بە هەردوو رەگەزەکەوە، بێگومان دەبێت ئاگادار بین هەر بانگەشەیەک دەیکەین بۆ ماف و ئازادی، نابێت ببێتە هۆکاری دووبەرەکی و دابەشبوونی کۆمەڵگە، لەبری ئەوە دەبێت ئامانجی ماف و ئازادی، دادپەروەری و چاکسازی بێت، بە یەکسانی و بەبێ جیاوازیی رەگەزیی.


دەبێت ئەوەمان بیر بێت تواناکانی ژنان تەنیا پەیوەست نییە بە خودی ژن خۆیەوە، بەڵکو خێزان، کۆمەڵگە و نیشتمان پێویستیان بە تواناکانی ژنان هەیە، چونکە ژنان لە هەموو بوارەکانی ناو کۆمەڵگەدا دەتوانن بەشدار و کاریگەر بن، بۆ نموونە:


کەرتی تەندروستی: ژنان ئێستا بەوپەڕی بەرپرسیاریەتییەوە رۆڵیان هەیە لەناو کەرتی پزیشکیدا و بەوپەڕی توانایانەوە، بگرە خۆبەخشانەش، کار دەکەن.


کەرتی پەروەردە: ژنان بەراورد بە رابردوو لەناو پەروەردە و فێرکردندا، وەکو دایک و خوشک، خۆڕسکانە رۆڵیان هەیە لە پەروەردەکردن و ئاوەدانیی کۆمەڵگەدا، بۆ پێگەیاندنی نەوەیەکی تەندروست، لە هەمان کاتدا پەروەردەیان کردووەتە بنەمایەک کە تێیدا رۆڵەکانمان فێری کەلتور، فەرهەنگ و دابونەریتی کوردی دەکەن.


بێگومان هەموومان ئاگادارین گۆڕانکارییەکان چەند بەخێرایی دێن، لەگەڵ ئەوەشدا ژنان بە وریاییەوە مامەڵە لەگەڵ گۆڕانکارییەکاندا دەکەن، بەتایبەت لە کەرتی پەروەردە و فێرکردندا.


کەرتی وەرزش: بێگومان ئێستا کۆمەڵێک ژن پێشەنگن لە کەرتی وەرزشدا، چونکە ژنان سێکتەری وەرزشیان کردووەتە بنەمای ئاشتی و چەندین ژنی بەتوانامان هەیە.