پلانی بەرزکردنەوەی رێژەی دەنگدان

بڵێسە جەبار فەرمان – ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق

بڵێسە جەبار فەرمانئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق

 

دەستووری عێراق لە ماددەی ٢٠ دا باس لە مافێکی سیاسی دەکات بۆ هەموو هاووڵاتییەکی عێراقی کە هەڵگری رەگەزنامەی عێراقی بێت "هەموو هاووڵاتییەک بە ژن و پیاوەوە مافی بەشداریکردنی لە کاروباری گشتی و شادبوون بە مافە سیاسییەکان هەیە لەوانە مافی دەنگدان و هەڵبژاردن و خۆپاڵاوتن".

ئەمە تەنها ماددەیە لە دەستووری عێراقدا کە باس لە هەڵبژاردن بکات، لە دەستووردا باس لە رێژەی بەشداربوون و ئەگەری کەمیی رێژەی بەشداربووان نەکراوە.

 

هاووڵاتیان بایکۆتکردنی هەڵبژاردنەکان بە جۆرێک لە دەربڕینی ناڕەزایی دەزانن، بەو شێوەیە دەیانەوێت حزب و لایەنەکان سزا بدەن و رێگر بن لەوەی دەنگ بەدەست بهێنن، بەڵام لە راستیدا هیچ یاسایەک نییە لە عێراقدا کە لە ئەگەری کەمی بەشداربوون و بایکۆتێکی زۆردا دەرئەنجامی هەڵبژاردنەکان پووچەڵ بکاتەوە.

بایکۆت دەبێتە هۆی دابەزینی نرخی کورسی و بەو هۆیەوە بە دەنگێکی کەم کاندیدەکان دەبن بە ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران, لەو حاڵەتەدا، لە رووی لۆژیکەوە ناتوانرێت بوترێت کە ئەوانەی لە ژێر قوبەی پەرلەماندا دانیشتوون نوێنەری تێکڕای هاووڵاتیانن.

 

بەپێی پێشبینیی بەشێک لە چاودێرانی سیاسی، گومان دەکرێت هەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەم جارەی عێراق، رێژەی بەشداربووان کەمتر بێت لە هەڵبژاردنەکانی پێشوو، ئەمەش بە وتەی ئەو چاودێرانە چەند هۆیەکی لە پشتەوەیە:

یەکێک لە هۆکارەکان رێگریکردنە لە دەنگدانی هاووڵاتیانی عێراق لە تاراوگە، بە بڕیاری کۆمیسیونی باڵای هەڵبژاردن، کە ئەمە پێچەوانەی دەستوورە. هاووڵاتیانی عێراق لە دەرەوەی وڵات دەبێت مافی دەنگدانیان پارێزراوبێت، ئەگەرنا کۆی پڕۆسەکە دەکەوێتە ژێر پرسیارەوە.

ئەوانەی لە مانگی ئۆکتۆبەردا رژانە سەر شەقام و داوای دادپەروەریی و مافەکانی خۆیان بە پێی دەستوور دەکرد، بڕوایان بە شەفافییەت و نەزاهەتی هەڵبژاردن نییە لە عێراقدا و ئەگەری هەیە بەشداریی نەکەن.

بەشێک لە هاووڵاتیانی ناڕازی، لەو بڕوایەدان بە دەنگدان گۆڕانکاریی بەسەر گۆڕەپانی سیاسی عێراقدا نایەت چونکە دەبینن زۆرێک لەو کەسانەی کاندیدی حزبەکانن یان خۆیان بە سەربەخۆ کاندیدکردۆتەوە بۆ خولی داهاتوو، چەند خولێکی پێشوو پەرلەمانتار بوون.

بۆ پەردەپۆشکردنی شکستی سیاسی و کەمیی رێژەی بەشداربووان و پەسەندکردنی ئەنجامی هەڵبژاردن، لە ئێستاوە کۆمسیون بڕیارێکی نامۆی داوە بۆ بەرزکردنەوەی رێژەی بەشداربووان.

تێکرای ژمارەی هاووڵاتیانی سەرووی١٨  ساڵ کە مافی دەنگدانیان هەیە، بریتین لە ٤ ملیۆن و ٢٩ هەزار و ٩٢٧هاووڵاتی.

لەم ژمارەیە زیاتر لە  ٣ ملیۆن هاووڵاتی کارتی بایۆمەترییان وەرنەگرتووە.

کۆمیسیون لە ٢٦-٩-٢٠٢١ بڕیاری ئەوەی دا کە رێژەی دەنگدان لەسەر ئەو ژمارەیە وەربگرێت کە کارتی بایۆمەترییان وەرگرتۆتەوە، نەک لەسەر ئەو هاووڵاتیانەی مافی دەنگدانیان هەیە.

سێ نەوەی دوای کۆتا هەڵبژاردن لە٢٠١٨ کە ئێستا تەمەنیان١٨ ساڵە و مافی دەنگدانیان هەیە، کارتی بایۆمەترییان پێنەدراوە، واتا موالیدەکانی ٢٠٠١ -٢٠٠٣.

بەم بڕیارەی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان، رێژەی دەنگدان بەرز دەبێتەوە، ئەگەرچی دیار نییە ئاخۆ چەند لەوانە بایکۆتی دەکەن.

رێژەی بەشداربوون کاریگەریی ئەوتۆی لەسەر بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن و ئەنجامەکەی نابێت، بەڵام لە ئێستاوە بانگەشە بۆ زۆریی رێژەی بەشداربووان دەکرێت.

بۆیە گرنگە کە هاووڵاتی ئەم راستییە بزانێت و ئەرکی سیاسی و کۆمەڵایەتی و کەسێتی خۆی پیادە بکات و دەنگ بدات.

تەنها رێگەش بۆ گۆڕانکاریی لە سیمای گۆڕەپانی سیاسی ئێستای عێراقدا دەنگدانە، ئەگەرچی گۆڕانکارییەکە بچووکیش بێت.