پاش ناوبڕێک هەمدیسان جەنگ دەستیپێکرد

که‌ژاڵ ئه‌حمه‌د - نووسەر

مانگی شەشی پار لە سەروبەندی لێدانی ئیسرائیل لە تاران و لەو قۆناغەدا کە ئەمریکا سەرەتا وەک ناوبژیکەر و دواتر وەک بکەر و هاوپەیمان لەگەڵ ئیسرائیل چووەناو حەلەبەی شەڕەکەوە، هەر لەم گۆشەیەدا نووسیم«ئینجا شەڕ دەستی پێکرد»، ئەوەبوو پاش فڕینی ژمارەیەکی زۆر لە درۆن و چەکی بالستی بە ئاسمانی ناوچەکەدا کە لەلایەن هەردوو وڵاتەوە ئاڕاستەی یەکتر دەکران، لایەنە شەڕکەرەکان دوای "ناوبڕێکی درێژخایان" بە پێچەوانەی بێژەرەکانەوە کە دەڵێن دوای ناوبڕێکی کورت، لە کوێدا راوەستابوون دووبارە دەستیان پێکردەوە و لە خولێکی توندوتیژتر و خوێناویی تری جەنگەکەدا، مورشیدی باڵای شۆڕشی ئیسلامی ئێران کوژرا، بێگومان ژمارەیەکی بەرچاویش لە سەرکردە و کاربەدەستانی ئێرانیش بەر تەقینەوە بێ ئامانەکان کەوتن. کوژرانی مورشیدی باڵا بە تەنسیبی کەسانی تر لەو شوێنەدا چارەسەر نابێت، چونکە هەموومان ئەو راستییە دەزانین کە لەناوبردنی لایەنی رۆحیی باوەڕێک لەناوچوونی ئەو باوەڕەیە. کەواتە ئیسرائیل و ئەمریکا زانیویانە ئەو دەستەی ئێران بابدەن کە ئازاری تێدایە. شیعەکانی عیراق و شوێنەکانی تریش لە زەبری ئەو پەیامە روونە بەئاگاهاتنەوە و هەوڵدەدەن پەرچەکردار بنوێنن، بەڵام دەستەوەستانی هەموو ناوچەکە لەبەردەم پلانە غافڵگیرەکەی ئیسرائیل و ئەمەریکادا و قەرەبوو کردنەوەی زیانە رۆحییەکە و راگرتنی رەوتی گۆڕانکارییەکە لە نەخشەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دیارترین سیمای دۆخە سیاسییە داگیرساوەکەیە. 


کاتێک شەڕی لەمجۆرە و بە بەشداریی زلهێزانی جیهان و خاوەن توانای سەربازیی زۆر پێشکەوتوو، دەقەومێت و بە فیعلیش قەوماوە، ئەوەی دەکەوێتە سەرشانی حوکمڕانەکانی ناوچەکە بە کورد و هەندێک لە وڵاتانی کەنداویشەوە، وەک ( سعودیە و قەتەر و ئوردن و...)، ئەرکەکە بەتەنیا هەر خۆپەنادانی خەڵکەکە نییە لەو ئاگربارانە، بەڵکو ئاگادارکردنەوە و ئارامکردنەوەیانە، چونکە بەبێ ئاگاداربوون لە هیچ و بەبێ خواست و بڕیاردان بۆ چوونەناو شەڕ، تەقینەوەی گەورە لە شوێنی نیشتەجێبوونی خەڵکی سڤیل و بێ گوناهـ دروستبوون و ئاسمانی چەندین وڵاتی نێوان ئێران و ئیسرائیل لە رووی جواگرافییەوە، بوونەتە گۆڕەپانی زۆرانبازییەکە و غەزب و مەترسی دادەبارێنن.ئەمەش سیمای دیاری شەڕی سەردەمی پێشکەوتنی تەکنەلۆژیایە کە سنوری جوگرافیی دیارییکراوی نییە، بەڵکو کراوەیە بەسەر خاک و ئاسمانی جۆراوجۆردا.

 

شەڕی سەردەم رووخسەت لە کەس وەرناگرێت بۆئەوەی ئاسمان و خاکی بەکاربهێنێت، یان پێویست بەوە ناکات لایەن نەبیت بۆ ئەوەی سەلامەت بۆی دەربچیت. سەردەمەکەمان بە پێچەوانەی سەردەمی ئیمارەتەکانەوە، بێ قەڵاو بێ قوولە و شوورا و دەرگای پۆڵایینە. لە سارای ساباتی مەیدانەکاندا میللەتان بەسنگی رووتی بێ درع و کڵاوی ئاسنین و شمشێرەوە سەڵت و قووڵت، گوێ قوڵاغ و چاوەڕوانن بۆ ئەوەی بزانن ئەم جەنگە بەکوێ دەگات. خەڵک لە شڵەژانی دەروونیدا دەژین، لەبەرئەوەی دەزانن سبەینێ پێداویستییەکان گران دەبن و بازاڕ دۆخی نائاسایی  وەردەگرێت.دەتوانم بڵێم خەڵکی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە خەیاڵێک و شەڕکەرەکان لە خەیاڵێکی تردان، ئەمەش بەپێی ئەو پەندەی کە دەڵێت: "ئاش لە خەیاڵێک و ئاشەوان لە خەیاڵێکی ترە".