نەخۆشی دەروونی و کۆمەڵگەی کوردەواری

لاڤە دارا - پسپۆڕی نەخۆشییە دەروونییەکان

نەخۆشی دەروونی بەعەیبە دادەنرێت لەزۆربەی کۆمەڵگەکانی جیهانداونەخۆش بەچاوێکی سوکەوە سەیردەکرێت، هەندێک جار دەگاتە ئەو ڕادەیەی کە ئازار بدرێت ولەمافەکانی خۆی بێبەش بکرێت.

 

کۆمەڵگەی کوردەواریش بێبەش نەبووە لەم هەڵسوکەوتانە بەڵام ئەوەی جێگەی سەرنج وتێڕامانە لە کۆمەڵگەی خۆماندا هەوڵ دراوە نیشانەکانی نەخۆشییەکە بشاردرێتەوە بۆ خۆدەربازکردن لەعەیبەو تانەوتەشەری خەڵکی، ئەوەش بەهێنانەوەی پاساو بۆ هەڵسوکەوتەکانی کەسەکەو پەردەپۆش کردنی نیشانەکانی کە ئەمەش زیانی زۆری لێ دەکەوێتەوە وەک دواکەوتنی چارەسەرو کێشە بۆ دەوروبەرو و خودی کەسەکەش درووست دەبێت بەهۆی هەڵسووکەوتە نەشیاوەکانی.

 

هەندێک نموونەی زۆر باو کە بەکاردەهێنرێت، مەرج نییە هەموو کەسێک کە ئەم شتانەی پێ دەوترێت نەخۆشی دەروونی هەبێت بەڵام زۆربەی جار بۆشاردنەوەی نیشانەکان کەسوکاروو هاوڕێ نزیکەکان ئەم پاساوانە دەهێننەوە:

 

۱.دەوترێت زۆر شەرمنە لەڕووی نایەت قسە لەگەڵ کەس بکات هەرسەیری کەس ناکات و ئەمەنە موئەدەبە هەرلە ژووری خۆی نایەتە دەر، لەڕاستیدا کە زیاتر پرسیاردەکەیت بۆت دەردەکەوێت ئەم کەسە گۆشەگیرەو نەخۆشییەکی دەروونی زۆر قورسی هەیە وەک خەمۆکی، شیزۆفرینیا، ترسی کۆمەڵایەتی....هتد.

 

۲.دەوترێت زۆر پاکژە تەبیعەتی بەزۆرشت تێک دەچێ "تەبیعەتی کشمیشی"، "پاکژی لەباوەڕەوەیە" ئەم جۆرە دەستەواژانە زۆربەکاردەهێنرێت کاتێک سەیری دەکەیت نەخۆشی وەسواسی و عەمەلی هەیە ئاوبەشی ناکات و توێغێکی دەستی لێ بۆتەوە لەدەست شوشتن.

 

۳.کەسەکە نەخۆشی شیزۆفرینیای گوماناوی یان وەهمی لادرووست بووە بەڵام دەڵێن زۆر موحافیزەو ناهێڵێت خێزانی دەرکەوێت یان جۆرەها پاساوی ئاینی بۆهەڵسوکەوتە نەشیاوەکانی دەهێننەوە.

 

٤.هەندێک نیشانەی نەخۆشی پەشێوی مەزاجی دووجەمسەرهەیە وەک زۆرقسەکردن و گاڵتەوگەپ و پارە سەرف کردن دەڵێن هیچ نییە کابرایەکی سوعبەت چی و خۆش مەعشەرە ، دەست و دڵی زۆر باشە پارەلای خۆی گل ناداتەوە.

 

٥.کەسەکە قسەی زۆر ڕەقەو هەست وسۆزی دەووروبەر لێک ناداتەوەو کێشەی لە درووست کردنی پەیوەندی وخۆگونجان هەیە لەگەڵ دەورووبەر بەڵام پاساوی بۆدەهێننەوە و دەڵێن زۆر سەرڕاست و ڕاستگۆیە دووڕوو نییەو کەسی وا لەم زەمانەدا دەگمەنە.

 

٦. کەسەکە داخراوەو هاوڕێی نییەو متمانەی بەکەس نییەو تەنانەت پەیوەندی لەگەڵ خزم وکەسوکاریشدا زۆرکەمەکە لەوانەیە وەهمی هەبێت بەڵام دەڵێن بەخوا واباشترە ئەم زەمانە زۆرخراپە هەر هاوڕێت نەبێت سەرت ڕەحەتە.

 

چەندەها نموونەی تری لەم شێوانە هەیە بەڕاستی ئەمە کێشەیەکی گەورە دەنێتەوە چونکە ئەوکەسە خۆی بە نەخۆش دانانێت وچارەسەر وەرناگرێت بێجگە لەوە لەوانەیە کەسەکە بیەوێت ژیانی هاوسەری پێک بهێنێ بەوشێوەیە کەسی بەرامبەر بەلا ڕێدا دەبرێت و کاتێک ڕاستییەکانی بۆدەردەکەوێت کارلەکاردەترازێت و پەشیمان بوونەوە درەنگ دەبێت، لەوانەیە منداڵ بکەوێتە بەینەوە وکێشەکە قورس تر بێت، هەر بۆیە واباشترە پاساو نەهێندرێتەوە بۆ هەڵسوکەوتەکان و دان بنرێت بەڕاستییەکان، داواکردنی چارەسەر باشترین ڕێگایە هەروەها کۆمەڵگا مامەڵە لەگەڵیان بکات وەک نەخۆشێک کە نەخۆشییەکی جەستەیی هەیەو دوورکەوتنەوە لەتانەوتەشەر چونکە لە کۆتاییدا ئەویش مرۆڤە.