ژنانی کورد سەلماندوویانە کە ئازادی مافێکی پێکەوەییە نەک ئیمتیازێک کە بۆ گروپێک بەسەر گروپێکی تردا تەرخانکراوە
جۆیا حدشتی- ئەندامی ئەکادیمیای ژنۆلۆژی لە لوبنان
پرسی کورد تەنها ناکۆکییەکی خاکی نییە، بەڵکو چیرۆکی گەلێکە کە لەمێژە مافی ناوێک و زمانێک و هەستکردن بە سەربەخۆیی بێبەش بووە، چیرۆکی چیا چەقبەستووەکانە، شوناسێکە کە هەوڵە سیاسییەکان بۆ سڕینەوەی تەنها خزمەتی ئەوەیان کردووە کە زیاتر دەربکەوێت و ئەو گۆرانیانەی کە سەردەمانێک قەدەغە کرابوون، بوونەتە سروودی ئازادی، کورد لەوە زیاتر داوای هیچی نەکردووە کە هەموو گەلان داوای دەکەن، دەنگی ببیسترێت و چیرۆکەکەی بە دەستی خۆی بنووسرێت نەک بە پێنووسی ئەوانی تر.
لە ناوەڕۆکی ئەم چیرۆکەدا ژنی کورد نەک وەک سێبەرێکی سادە لە پیاودا، بەڵکو وەک پایەیەکی دۆزی وەستاوە، ژنی کورد هەرگیز چاودێرێکی نەێنی کارەساتەکانی گەلەکەی نەبووە، بەڵکو هاوبەشی ئازار و خۆڕاگریان بووە، لە کاتی سەپێندراوی شەڕدا چەکی هەڵگرتبوو، کاتێک ئاوارەبوون بە زۆرەملێ، منداڵەکەی هەڵگرتبوو، زمانەکەی لە یادەوەری خۆیدا هەڵگرتبوو کاتێک ڕێگری لێکرا لە خوێندن، ئەو دایکە بوو کە منداڵەکانی پەروەردە کرد بۆ ئەوەی خاکەکەیان خۆشبوێت، ئەو خەباتکارەی پاسەوانی شاخەکانی دەکرد و ئەو ڕۆشنبیرەیە کە بە پێنوسەکەی و بیرکردنەوەکانی بەرگری لە ناسنامەکەیان دەکرد.
ژنی کورد بۆتە هێمای ئازادی، چونکە لە یەک کاتدا ڕووبەڕووی دوو شێوەی چەوسانەوە بووەوە، ئەوانیش چەوساندنەوەی داگیرکاری و چەوساندنەوەی نەریتە چەقبەستووەکان، شۆڕشەکەی دوو لایەنە بوو: شۆڕشێک بۆ نیشتمانەکەی و شۆڕشێک بۆ خۆی، لە کامپی پەنابەرانەوە تا بەرەکانی شەڕ، لە گۆرانییە کولتوورییەکانەوە تا وتاری سیاسی، سەلماندی کە تەنها زیانبەرکەوتوو نییە، بەڵکو مێژوو سازکەرە.
دۆزی کورد، لە ناوەڕۆکی خۆیدا، هۆکارێکە بۆ دادپەروەری و شکۆمەندی مرۆڤایەتی و ڕۆڵی ژن تێیدا نە پەراوێزە و نە بەڕێکەوت، بەڵکو بەڵگەیە لەسەر ئەوەی گەلان تەنها کاتێک ئازاد دەبن کە ژنەکانیان لەگەڵ ئەوان ئازاد بکرێن، ژنی کورد تەنها بە فرمێسک مێژووی خۆی نەنووسیوە، بەڵکو بە سەبر و هۆشیاری و پێداگری لەسەر ئەوەی ئازادی مافێکی پێکەوەی بێت نەک پێویستیەک بۆ گروپێک بەسەر گروپێکی تردا.
سیمبولیزمی ژنی کوردیش لە کەزیەکەیدا دیارە، ئەو تاڵانەی لە قژ و سەبر و یادەوەری هئندراوەتەوە، کەزیەکە تەنها ڕازاندنەوەیەکی ژنانە نەبوو، بەڵکو هێمای سەربەخۆیی و ناسنامە بوو، مێژووی دایک و داپیرەی لەناو خۆیدا هەڵگرتبوو، لە ئاهەنگەکاندا بەسترابوو و لە کاتی شەڕدا توندتر دەکرایەوە، هەندێک جار لە ترسی ستەم و چەوساندنەوە دەشاردرایەوە، هەندێکجاریش بە شانازییەوە لەبەردەم ئەو کەسانەدا نمایش دەکرا کە هەوڵی سڕینەوەی کولتووری کوردییان دەدا، کەزی کوردی بوو بە هێمای خۆڕاگری، وەک ئەوەی هەر تاڵێک چیرۆکی گوندێکی سووتاو، گۆرانییەکی قەدەغەکراو بگێڕێتەوە یان زمانێک کە بەرەنگاری لەبیرچوونەوە بێت، تەنها کەزی نییە، بەڵکو پانکارتێکی بێدەنگە کە ڕایدەگەیەنێت: ئێمە لێرەین، وەک کەزیەکانی ژنانمان چەسپاو دەمێنینەوە، بێ چەواشەکاری و نەشکاو.
ژنان بوونەتە هاوبەشی بناغەی لە خەباتدا، دۆزی کورد پانتاییەکی بە ژنان بەخشیوە کە دەنگی سیاسی و خەباتکار و ڕۆشنبیر و بڕیاردەر بن، دوای ئەوەی لەناو کۆمەڵگەکانی خۆیاندا و لە ململانێ گەورەکاندا پەراوێزخراون.
هەروەها دۆزی کورد بەشداری کرد لە شکاندنی وێنەی کۆنەپەرستانەی ژن وەک لاواز، بەو پێیەی ژنانی کورد وەک خەباتگێڕ دەرکەوت کە بەرگری لە خاک و ناسنامەکەیان دەکرد، بەستنەوەی ڕزگاری نیشتمان بە ڕزگاری ژنەوە، لەسەر بنەمای ئەو بنەمایەی کە ئازادی کۆمەڵگە ناتەواوە ئەگەر نیوەی بە چەوساوەیی بمێنێتەوە.
ژنان لە ڕێگەی بەشداریکردنیان لە چالاکییە سیاسی و کولتووری و سەربازییەکاندا توانیان بوونی خۆیان لە ناوەندەکانی بڕیاردان دووپات بکەنەوە و ئازارەکانیان بگۆڕن بۆ پرسێکی گشتی نەک تایبەت، بەم شێوەیە دۆزی کورد بوو بە ئامرازێک بۆ بەهێزکردنی ژنان نەک تەنیا گۆڕەپانی ململانێ و ئامرازێک بۆ دووبارە پێناسەکردنەوەی ڕۆڵی ئەوان لە کۆمەڵگە و مێژوودا.