نامەیەک - بۆ - ھەموو پزیشکێک
دکتۆر هەڤین کەمال
پزیشکێک نامەیەکی توند ئاراستەی ھەموو پزیشکەکان دەکات، و دەڵێت، نامەیەک (بۆ ھەموو پزیشکێک کەلەم جۆرەن ) نەک بە گشتی:
١- دەزانیت ئەوە ناپاکی و خیانەتە پزیشک نەخۆشەکەی خۆی بفرۆشێت بە کۆمپانیاکانی دەرمان کە ( دیاری، پارە، ڕۆشتن بۆ دەرەوەی ووڵاتی .. گەشت کردن بۆ ڕابواردن ...ھتد ) پێ دەبەخشن، تەنھا لەبەرئەوەی دەرمانی ئەو کۆمپانیایە بنووسیت یان ئەویتر، بە مەرجێک بێگومانیت لەوەی جۆرێکی باشتر ھەیە و بەنرخێکی ھەرزانتریشە بەڵام ھی کۆمپانیایەکە کە ئۆفەری نیە ...
٢- دەزانیت ناپاکی و خیانەتە بەرامبەر نەخۆشەکانت کە دەیان فرۆشیت بە تاقیگەکان و شوێنی ئەشیعەو موختەبەرەکان کە گرانجانن بە بۆنەی ئەوەی تەنیا متمانەت بەو تاقیگەیە یان ئەو ئەشیعەیە ھەیە، لەڕاستیشدا تەنیا لەبەر ئەوەیە ڕێژەت دەدەنێ، تۆزێک بەویژدان بە، با نەخۆشەکەت ئازاد بێت لەکوێ پشکنین دەکات یان ئەشیعە دەگرێت ...
لەوەش خراپتر ئەوەیە کە کاتێک پێویستی بەپشکنینی زیادە نیە و پێویست بە ئەشعە ناکات تۆ ھەموو پشکنینەکانی کەی وەلاوە دەنێت و دەڵێت دەبێت پشکنین و ئەشعەی تازە بکەیت ...
٣- دەزانیت ناپاکی و خیانەتە کە نەخۆشەکەت لەکاتی منداڵ بووندا پێویستی بەنەشتەرگەری نیە و دەتوانێت بە سروشتی بیبێت کەچی تۆ تەنھا لەبەر پارەی نەخۆشخانەی ئەھلی پێی دەڵێت دەبێت نەشتەرگەری بکەیت ...
٤- دەزانیت خیانەتە وەستانی نەشتەرگەری لەنەخۆشخانە حکومیەکاندا (ھەرچەندە بە داخەوە لای ئێمە ھەندێ جار دەسەڵاتی پزیشکی تیا نیە) تەنیا بۆ ئەوەی نەخۆش لە نەخۆشخانە ئەھلیەکاندا زیاد بکات و نرخێکی خەیاڵی دابنێت لەسەریان کە پشتی نەخۆش دەشکێنێت، دەزانیت ھەندێک نەخۆش ناچارن چیان ھەیە بیفرۆشن بەکەمترین نرخ، شکۆیان بشکێنن، قەرز بکەن تەنیا بۆ ئەوەی ئەوە پارەیە دابین کەن کە تۆ داوا ئەکەیت ...
٥- پزیشکی بەڕێز دەزانیت خیانەتە کە لە نەخۆشخانەیەکی ئەھلیدا مناڵێکی تازەلە دایکبوو پێویستی بە ( خدج) نەبێت و بەڵام تۆ ھەر بینێریت تەنیا لەبەر پارە ..
٦- دەزانیت چاوبرسێتی و ناپاکی یە لەگەڵ نەخۆش کە دەیبەتە نەخۆشخانەیەک پێشەکی دەزانیت پێداویستیەکانی ئەوی لێ نیە، دەیھێڵیتەوەو کۆڵێک پارەی پێ سەرف ئەکەیت لە دوایدا پێی دەڵێت داوای لێبوردن دەکەم دەبێت بگوێزرێتەوە بۆ نەخۆشخانەیەکی تر، بەمەرجێک لە سەرەتاوە دەتزانی ئەو نەخۆشخانەیە نەگونجاوە ...
٧- دەزانیت چاوچنۆکی وناپاکی یە نرخی خەیاڵی دابنرێت بۆ ئەو ئۆتۆمبیلی فریاکەوتنانەی دێن ونەخۆش دەگوازنەوە لە حاڵەتە نەخوازراوەکاندا کەپێویست دەکات بە زووترین کات بگوازرێنەوە ..
٨- کارمەندی تەندروستی ئازیز، پەرستیاری بەڕێز، کارمەندی تاقیگە، شۆفێری ئۆتۆمبێلی فریاکەوتن دەزانیت ناپاکی یە لە کارە مرۆڤایەتیەکەت کە وەسفی دکتۆرێک دەکەیت و نەخۆش دەنێریت بۆ لای تەنیا لەبەر ئەوەی بڕیاری داوە ڕێژەیەکت بداتێ و لەناخیشتدا دەزانیت تەنیا بازرگانەو پزیشک نی یە ....
پرسیارەکە ئێستا ئەوەیە ؟؟؟؟؟
- ئایە ئێمە زانستی پزیشکی دەخوێنین بۆ ئەوەی لە بواری پزیشکیدا پێش بکەوین و خزمەتی نەخۆشەکانمان بکەین، یاخود بۆ ئەوەی سواری کۆڵی خەڵک بین و بیان چەوسێنینەوە ...؟!!!
- ئایە تۆ پزیشکیت فێری مرۆڤایەتی و میھرەبانی بوویت، یاخود فرۆشیاریت تەنیا بۆ قازانج ھەوڵ دەدەیت بە چاوچنۆکی و چاوبرسێتی یەوە و نەخۆشەکەت دەفرۆشیت بەرامبەر قازانجێکی زیاتر؟!! .ھتد و زۆر شتی تر کەبوار نییە بیڵێم ...
ھاوڕێیان، برادەران ..
پزیشکبوون پەیامێکی زۆر بەرزە، کارێکی مرۆڤانەیە کە ھەموو کەس بۆی ناگونجێت بیکات ..
پزیشکبوون پابەندبوون و ئیلتزامێکی ئەخلاقییە کە بنەما و ڕوڵی خۆی ھەیە کە نەنوسراوە پێویستە پزیشکەکان لە دڵیاندا ھەڵیگرن نەک لە گیرفانیان ...
سڵاوێکی گەرم بۆ ئەو پزیشکە شەرەفمەندانەی کە خاوەنی ویژدانێکی بە خەبەرن لەھەر کوێیەکی دنیادا بن ... کە ناتوانین پاداشتی ماندووبونیان بدەینەوە بە سوپاس و پیاھەڵدان، بەڵام پاداشتیان لای خوای گەورە و میھرەبانە و لە ڕۆژی دواییدایە، بە ھەموو ماڵی دونیا ناتوانرێت ھەڵبسەنگێنرێت ..
بەڕێزان ویژدانی خۆت تەنیا بەرپرسی ئەخلاقی و چاودێریکەری گەورەی تۆیە، تەنیا بەویژدانتدا بچۆرەوە بۆ جارێک، لەبەرئەوەی تەنیا کلیلی خۆشبەختی ویژدانێکی ئاسودەیە ...
من ویژدانی مرۆڤایەتی ھەموو پزیشکێک دەدوێنم لەم ووڵاتە خۆشەویستەمدا... دوای ئەوەی ئەم گەندەڵکاری و خاڵە نەگەتیڤانە بوونەتە ھۆی سەرگەردان بوون و مردن و شێواندنی ژیانی چەندەھا ھاوڵاتی کەمدەست و کەم دەرامەت...
بەبێ ھیچ ترسێک لەویژدان، لەخوای گەورە، یاخود تەنیا میھرەبانی ..