نە کڕین و فرۆشتن، نە گەورە بە بچووک، نە ژن بە ژنیان پێوەکراوە
ماردین عەبدولکەریم- رۆژنامەنووس
لەژننامەوە ئەمجارە باسی پرسی ژنان دەکەم لەنێو بزوتنەوەی هەقەدا، ئەمەش لەبەر دوو هۆکار، یەکەمیان مێژووی ژنانی هەقە، بەشێکە لە مێژووی ژنانی کورد، بەدڵنیاییەوە بۆ بەندە مێژووی ژنانی نەتەوەکەم جێی بایەخێکی یەکجار زۆرە، هۆکاری دووەم نۆستالوژیایە، کە لەم جۆرە بابەتە مێژووییانەدا دەبێتە هاوڕێی نووسینەکەم.
هاوژیانیان نەبووم!
بێگومان بەندە هاوژیانی ژنانی نێو بزوتنەوەی هەقە نەبووم، بەڵام وەک خودی خۆم لە باسکردنی بابەتە مێژووییەکاندا نۆستالۆژیا سەراپام داگیردەکات، بەجۆرێک کاتێ دەچمە مۆزەخانەیەک، ئەشکەوتێک، یان شوێنەوارێکی دێرین، کە ژیانی کۆنی تیادا گوزەرابێت، ئیتر فانتازیای خەیاڵ تا ئەوپەڕی پێشبینی دەمباتەوە بۆ جۆری ستایلی ژیانیان و زۆر قووڵ لە بابەتەکان دەڕوانم و لە شوێن و شوینەوارەکانیان ورد دەبمەوە، بۆ نموونە چەندجارێک سەردانی ئەهرامەکانی وڵاتی میسرم کردووە، بەڵام هەرگیز لە تێرامانیان بێزارنەبووم و جاردوای جار زیاتر لە شوێنەواری ژیان و کەلتور و کەلەپور و یاسا و رێساکانی مرۆڤی ئەو سەردەمە ورد دەبوومەوە و نۆستالۆژیا دەیبردمە نێو خەیاڵێکی چڕ، بەجۆرێک هەنگاوەکانم نەیاندەویست ئەو شوێنە جێبهێڵم.\
نۆستالۆژیا سەراپای داگیرکردووم!
لە هەقیقەتدا، لە پێکهاتەی خودی مرۆڤدا خویەکی سەیر هەیە، هێندەی چێژ لە گێڕانەوەی رابردوو دەبینن، نیو هێندە چێژ لەو ساتەوەختە نابینن، کە تێیدان، چونکە مرۆڤ بەگشتی نۆستالۆژیای بۆ ساتە لەدەستچووەکان هەیە، بۆ نموونە لە سەرچناری سلێمانی دانیشتووی هێندەی چێژ لە گێڕانەوەی جاری رابردووت بۆ هەمان شوێن دەبینی، هێندە چێژ لەو ساتەوەختە نابینی، کە هەمان شوێنە ولەوکاتەدا لەوێیت، بەوجۆرە کۆی مرۆڤەکان لە باسی رابردوودا هەستی نۆستالۆژیا بەخۆشی و ناخۆشییەکانییەوە هاوپێچی رۆحیان دەبێت و سۆز و خۆشەویستی و عیشق سەراپایان داگیردەکات و جارجارەش ئاهێکی بۆهەڵدەکێشن.
بە گەڕانەوە بۆ باسەکەم؛ ژنان لەنێو بزوتنەوەی هەقەدا باس لە مێژووی نزیکەی سەدەیەک لەمەوبەردەکەم، لەراستیدا کاتێ نووسەر هێندە لە بابەتێ ورد دەبێتەوە وادەزانێت خودی خۆی کارەکتەرێکی نێو ئەو بابەتەیە، وەک ئەوەی لە نووسینی ئەم بابەتەدا بەسەر بەندەدا هاتووە، کاتێ باس لە پرسی ئازادیی ژنانی نێو ئەم بزوتنەوەیە دەکەم، پێموایە خۆم لەناو ئەو تراژیدیایەدا دەژیم.
سیناریۆکە بەم شێوەیەیە
چەند ژنێک لە بەردەرگان، سیانیان بەڕیزی یەکەوە لە بەردەرگای یەکێکیاندا دانیشتوون و یەکێکیان باوەشی بە ئەژنۆی چەپیدا کردووە، لەبەرانبەریان تەنها ژنێکی دی دانیشتووە، کۆڵانەکە هێندە تەسکە پێویست ناکات بۆ گفتوگۆ دەنگیان بڵند بکەن، هەرچەند خەڵکی جاران بەسروشتیان دەنگیان بەرز بووە، لۆکەیشن کۆڵانێکی گڵ و ماڵەکانیش گوێسەبانەیان هەیە، واتا سەربانەکان دارەڕان و بەقوڕسواخ دراون، دیوارەکان بەهەمان شێوە قوڕن و تاڵتاڵ (کا) وەک تەلیسمی ئاڵتونی لەنێوانیاندا دەبریسکێتەوە.
ژنەکان تاڕادەیەک بەتەمەنن، دانوساتەکانیان دەربارەی یاسا و رێساکانی بزوتنەوەکەیانە، یەکێ قسە دەکات و ئەویتر پێیدەبڕێت و بۆی دەسەنێتەوە.
لە فەنتازیای ئەم خەیاڵەدا، کە بەندە لەو رۆژگارەدا هەر بوونی نەبووە، ئەمە سیناریۆکەیە و منیش بەو کۆڵانەدا تێپدەپەڕم، هەڵبەت لە سەرسامیمە بە رابردووی ژیانی دایک و داپیرانمان، بەتایبەتیش ئەو ماف و ئازادییەی، کە بە ژنانی بزوتنەوەی هەقە دراوە، واتە لە سەرسامیمە بەو بیرە سۆسیالیستی و کۆمۆنیستییەی، کە هەندێ جار ئەم بزوتنەوەیەی پێ تۆمەتبارکراوە، وەک بڵێیت یەکسانی جێندەر و رەتکردنەوەی شیربایی، ژن بە ژن، گەورە بە بچووک و فرەژنی تاوان بێت نەک ماف.
هەروەها پێدانی مافی بەڕێوەبردن بە ژنان، وەک سەرکردایەتیکردنی بەشێک لە تەکییەکان، کە لەو رۆژگارەدا یەکەی ئیداریی و ئاینی بەهێزبوون، واتە ئازادیی و یەکسانیی مافی کار لەنێوان پیاو و ژناندا دیوێکی تری جوانی ئەم بزوتنەوەیە بووە.
لە خەیاڵی بەندەدا ئەمانە تەوەری باسوخواسی ئەو رۆژگارەی ژنانی ئەو گەڕەکە بوون، کە ئەمڕۆ هەزاران ژنی چالاکوان لەژێر ناوی دەیان رێکخراودا لە هەزارەی سێیەم و سەدەی بیستویەکدا داوای دەکەن، لەوپێناوەشدا لەگەڵ ئەوەی بە هەزاران قوربانیی دراوە، بەڵام هێشتا لە سەرتاسەری جیهاندا سکاجوەڵی داواکانیان بە کوردستانیشەوە زۆرێکی بە جێبەجێنەکراوی ماوەتەوە، کەچی لە مێژووی کۆنی کوردەواریدا دەتوانین شانازیی بەو دەسکەوت و سەروەرییانەی ژنانەوە بکەین، کە بزوتنەوەی هەقە مشتێک لە خەرواری ئەو سەروەرییانەی بەردەکەوێت و دەتوانین بە یەقینەوە بڵێین بە نزیکەی یەک سەدە لەمەوبەر ژنان لەنێو ئەو بزوتنەوەیەدا بە ئاسودەیی ژیاون و لە کۆی داواکاریی و پێداویستییەکانی ئەو رۆژگارە تارادەیەکی باش شاژنانە ژیاون.
لەبەرانبەردا ئەمڕۆشی لەسەر بێت، هێشتا لە هەندێ ناوچەی کوردستان وەک کاڵا مامەڵە بە ژنانەوە دەکرێت و بەرانبەر بڕێک پارە دەفرۆشرێن بۆ کڕینی ژنێکی تر، ئەم مامەڵەیەش ناوی وەرگرتنی شیربایی لێنراوە، واتە کۆی پارەی ئەو شیر و خواردنەی، کە لە منداڵییەوە بەم ژنە دراوە، دوای قەبڵاندن و رێککەوتن بە نرخێک لە کڕیار وەردەگیرێتەوە، هەڵبەت بۆ کڕینی کیژۆڵەیەکی تر بۆ نێرێک، هەموو ئەم سەودا و مامەڵەیە بە جەستەی ژنەوە بە بەرچاوی ژنی ئامانجدارەوە سازدەکرێت، لەگەڵ ئەوەشدا بۆی نییە هیچ جۆرە ناڕەزاییەک دەرببڕێ، چونکە ناڕەزایی دەربڕین باجەکەی لێسەندنەوەی ژیانی دەبێت، لەبەرانبەردا هەقەکان بەنزیکەی سەدەیەک لەمەوبەر دژی ئەم دیاردە دزێوانە بوون، بە ناهەقیان زانیوە و دژی رێسای وەرگرتنی شیربایی و پارە وەرگرتن بوون.
هیچ هەقەیەک کچەکەی خۆی بە پارە نەگۆڕیوەتەوە
دانا کاکە حەمە لە بابەتێکدا بە ناونیشانی(رۆڵی بزوتنەوەی هەقە لە پێشکەوتنی کۆمەڵایەتی کوردەواریدا) لە ساڵی ١٩٨٩ لە گۆڤاری پەیڤدا، کە لە لەندەن دەرچووە بڵاویکردۆتەوە، دواتر دابان شێخ مەحمود شەدەڵە لە دووتوێی کتێبی (ئینسکلۆپیدیای هەقەکان)دا جارێکی تر بڵاویکردۆتەوە، دەڵێت: (هەقەکان دژی شیربایی بوون و هیچ هەقەیەک کچەکەی خۆی بە پارە نەگۆڕیوەتەوە، ئەو خەڵکانەشیان خۆشنەویستووە کە پابەندی ئەم دیاردەیە بوون).
سەبارەت بە کەلتوری ناشیرینی ژن بە ژن و گەورە بە بچووک، کە دوو دیاردەی تری کۆمەڵایەتی رۆژهەڵاتیی عەشایریی ئیسلامیی کوردیی قێزەونی زۆر لە شیربایی ناشیرینترن، کە کیژۆڵەیەکی نازداری بێئاگا لەسەربێشکەوە دەکاتە دیاری نێرێکی بێئاگا بە پیلانی گەورە نێرسالارەکانی تر.
ئەم چیرۆکی گەورە بە بچووکە زۆرجار لەژێر فشاری پیاوسالاریدا سەریگرتووە، بەڵام زۆرجاریش بە سەدان چیرۆکی ناخهەژێن و دڵتەزێنی لێبەرهەم هاتووە و لە زۆرترین حاڵەتدا دراماکان بە کوشتنی ژنەکە کۆتایی هاتووە، بێگومان لە رابردوودا لەژێر ناونیشانی شتنەوەی شەرەف(غسل العار) کەیسی کوشتنی ژنان حەڵاڵدەکرا، هەروەها لەم جۆرە کەیس و سەوداو مامەڵانەدا جگە لە تاوانی کوشتن، دەیان تراژیدیای ناخهەژێنتری وەک رەدووکەوتن، خۆکوشتن و خۆسوتاندن ئەنجامەکەی بووە، لە سەرجەم کەیسەکانیشدا بەدڵنیاییەوە ژنان قوربانییەکە بوون، کەچی کاتێ هەقبێژەکان دێن و لەزەمەنێکیشدا، کە چوار دەوریان جەنگەڵە، جەنگەڵی حەڵاڵکردنی خوێنی ژنان و بەکاڵاکردنیان و هەژمارکردنیان لە ریزی موڵکەکانیادا، ئەم دیاردەی دژە مرۆڤایەتییە رەتدەکەنەوە و مافی ئازادی هەڵبژاردن و ئازادی بیرکردنەوە بە ژنان دەدەن و بەرلەوەی ژن وەک ژن هەژمار بکەن، وەک مرۆڤ مامەڵەیان دەکەن، بڕوایان وایە کە مرۆڤەکان هەمووان لە مافەکانیاندا یەکسانن، لەکاتێکدا جاڕنامەی گەردوونی مافی مرۆڤ، بە چەندین ساڵ دواتر لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە لە ساڵی ١٩٤٨ دەردەچوێندرێت، کە لە یەکێک لە پابەندییەکانیدا داوای یەکسانیی ماف بۆ مرۆڤەکان دەکات، لەو پێناوەشدا بزوتنەوەکە رووبەڕووی جۆرەها پیلانی ناشیرین و تاکتیک و ناوناتۆرە دەبنەوە، کە لەمەشدا دیسان بە پلەی یەک نامووسی ژنانیان بە ئامانج گرتووە.