میدیای کوردی پێویستی بە 'رۆژنامەوان' ھەیە نەک 'چالاکوان'

دکتۆر هەتاو ساڵح - لێپرسراوی بەشی ڕاگەیاندن لە زانکۆی هەڵەبجە

 

 دیاردەیەکی ناتەندروست و نەخوازراوی بواری رۆژنامەگەری کوردی بخەمەڕوو کە کاریگەری راستەوخۆی لەسەر بوارەکە ھەیە و بە گرفتێکی سەرەکی میدیای کوردی دادەنرێت.

لەم بابەتەدا باس لە رۆژنامەوان دەکەین، ئاشکرایە لە پرۆسەی کۆمیونیکەشندا و لە میدیادا بە گشتی نێرەر (Sender) رۆڵێکی سەرەکی دەبینێت و دروستکەر و پێکھێنەری پەیامە، فۆکەسی گشتی بینەر و جەماوەری لەسەر رۆژنامەوان دەبێت.

لەم بابەتەدا جۆرەکانی رۆژنامەوان دەخەینەڕوو، بە گشتی پۆلێن دەکرێت بۆ ٦ جۆر، تەنھا یەکێک لەو شەش جۆرە پێناسەی راستەقینەی رۆژنامەوان دەیگرێتەوە، ئەوانی دیکە ھیچ خزمەت بە بوارەکە ناکەن بەڵکو بەپێچەوانەوە دەبنە گرفت بۆ میدیا.

 

رۆژنامەوانی چالاکوان

رۆژنامەوانی ڕاوکەر

رۆژنامەوانی ھاوڕێ

رۆژنامەوانی حزبی

رۆژنامەوانی بەرژەوەندخواز

رۆژنامەوانی راستەقینەی تەواو

 

رۆژنامەوانی چالاکوان

 جۆری یەکەم لە رۆژنامەوان ئەوانەن وەک چالاکوانێک دەردەکەون و لە پێناو دۆزێکدا کار دەکەن، ئەمانەش بە شێوەیەکی سەرەکی ناتوانن بابەتییانە بیربکەنەوە چونکە بەشێوەیەکی گشتی پشتگیری کەسانی سیاسی ھاوپشتی دۆزەکەیان دەکەن و بەپێچەوانەشەوە لەگەڵ ئەو کەسانەی کە ھاوتەریب نین وەک دژ دەوەستنەوە.

 

ئەم جۆرە لە رۆژنامەوان ھەمان ھەڵسوکەوتی سیاسییەکان دەکەن، واتە لە بری ئەوەی روماڵی چیرۆکێکی رۆژنامەوانی بکەن خۆیان دەبنە پاڵەوانی چیرۆکەکە و دەیانەوێت سەرنجی خەڵکی بۆ لای خۆیان رابکێشن. کەواتە ئەگەر پرسیارێک بێتە ئاراوە، ئایا دەشێت رۆژنامەوان چالاکوانیش بێت یان چالاکوان رۆژنامەوان بێت؟ لە راستیدا لە بنەماکانی کاری رۆژنامەوانیدا ئەمە بابەتە کاریگەریی نەرێنی بۆ کاری رۆژنامەوانی دەبێت چونکە لایەنگیری لێ بەدیدەکرێت و کاریگەری لەسەر بێلایەنی رۆژنامەوان ھەیە.

 

رۆژنامەوانی ڕاوکەر

ئەم جۆرە لە رۆژنامەوان ئەوانەن بەشیوەیەکی بەردەوام بە شوێن سیاسییەکانەوەن چاودێری ھەموو جوڵە ھەڵسوکەوتێکیان دەکەن و کۆڵنادەن تاوەکو بابەتێک رۆژنامەوانیی یان ھەواڵێکیان دەستدەکەوێت.

 

ئەم جۆرە رۆژنامەنوسانە زانیارییەکانیان جێی پرسیارن چونکە سەرچاوەی ھەواڵەکانیان بەپێوەری رۆژنامەوانی ڕاست نییە، چونکە بەشێوەی لابەلا وەرگیراوە. ئەمانەش لە ئەوروپا و ھەموو جیھاندا نمونەیان زۆرە و لەم چەند ساڵەی رابردوودا لە کوردستانیش ژمارەیان زۆر بووە، ژمارەی ھەواڵی ناراست رێژەیان لە بەرزبوونەوەدایە.

 

رۆژنامەوانی ھاوڕێ

ئەم جۆرە رۆژنامەوان ھاوڕێیەتی نزیکیان لەگەڵ سیاسی ھەیە و بەزۆری متمانەی بە ھەڵوێست و کاری کۆمەڵێک لایەن و سیاسییەکان ھەیە، بەمجۆرە زۆر بەکەمی دەبینرێت رەخنەی لە کارەکانیان ھەبێت، کەواتە لە بری ئەوەی ببێتە پارێزەری ھاوڵاتی دەبێتە پارێزەری سیاسییەکان، میدیا دەخاتە خزمەتی ئەوان بۆ باسکردن و وەسفکردنی ئەجێندا و کارەکانی دەسەڵات و سیاسەت، ئەمەش بەتەواوی پێچەوانەی ئەجێندای میدیایە، لێرەدا میدیا تەنھا دەبێتە ئامرازێک بۆ خزمەتکردن بە دەسەڵات و سیاسییەکان ئەوان دەتوانن بە ویستی خۆیان یاری پێبکەن.

 

رۆژنامەوانی حزبی

ئەم جۆرە لە رۆژنامەوان لەوانەیە ھەر سەرەتای کاریانەوە خۆیان یەکلا کردبێتە و بۆ جۆرێک کاری تایبەت کە بریتییە لە خزمەتکردنی سیاسەت و حزبێکی دیاریکراو، تەنھا ئەوە پەخشدەکەن کە سیاسییەکان دەیانەوێت. لە راستیدا ئەمانە رۆژنامەوان نین بەڵکو پێیان بوترێت ھەڵسوڕاوانی پەیوەندییە گشتییەکانی حزب، چونکە بانگەشە بۆ حزبێکی دیاریکراو دەکەن و پرنسیپەکانی کاری رۆژنامەوانی ئەوان ناگرێتەوە.

 

رۆژنامەوانی بەرژەوەندخواز

ئەم جۆرە لە رۆژنامەوان بە شێوەیەکی لاستیکی کاردەکات لە کوێدا بەرژەوەندی ھەبوو مایکەکەی یان قەڵەمەکەی بەرەو ئەوێ رادەکێشێت. بەرپرسیارێتی رۆژنامەوانی ھەڵناگرێت و لەگەڵ سیاسییەکاندا ھاوپەیمانی ھەیە، کار بۆ قازانجی خود و زەرەرمەندی ھاوڵاتیان دەکات. ئەم جۆرە لە رۆژنامەوان بەسەر پیشەکەیەوە ھەمیشە دەخوات، ھاورێیەتی لەگەڵ ھەموو حزبێکدا یان سیاسییەکدا خۆشە، ھەر رۆژەی لەگەڵ لایەکدایە و لە کوێ زیاتر وەربگرێت کار بۆ ئەوان دەکات.

 

رۆژنامەوانی راستەقینەی تەواو

ئەم جۆرەیان لە رۆژنامەوان ئازادە و سەر بەھیچ حزبێک و کەسانێک نیە، ناتوانرێت بەکاربھێنرێت یان بکڕدرێت لەلایەن حزب و دەسەڵاتدارانەوە. ئەو بە پەرۆشە بۆ گەیاندنی راستی دەیەوێت ھەموو بیرورا جیاوازەکان ھەبێت، بەشێوەیەکی بابەتییانە کاردەکات و را و نووسینەکانی بەلای ھەموو کەسێکەوە گرنگە، ئامادەیە قسە لەسەر ھەموو مەسەلەکان بکات واتە لەژێر ھیچ فشارێکدا نیە، وێنەیەکی تەواوی بابەت و دۆزە گشتییەکان دەخاتە روو. ھیچ کەس بە پیرۆز دانانێت و بەشوێن ھەڵەکانیدا دەروات. رۆژنامەوانی راستەقینە ئەوەیە کە راستەقینەی تەواو دەخاتەروو.

 

ماوە بڵێین، لە لێکدانەوەی ئەم جۆرە جیاوازانەی رۆژنامەواندا کە ئاماژەمان پێدا، رۆژنامەوانی کورد لەکوێدایە؟

لە کوردستاندا پەروەردەکردنی حزبی لە کوردستاندا کاریگەرییەکی گەورەی کردووەتە سەر کاری رۆژنامەوانی چونکە بە شێوەیکی گشتی رۆژنامەوانان لینکێکیان لەگەڵ حزبێکدا ھەیە و زۆر بە ئاستەم دەتوانن لێی رزگارببن.

کاتێک شەپۆلی دیموکراسی رووی لە وڵاتانی عەرەبی و رۆژھەڵاتی ناوەراست کرد دیاردەی تێکەڵکردنی کاری رۆژنامەوانی و سیاسیی زیاتر زەقبوویەوە، زۆرێک لە رۆژنامەوانان ناو و ناوبانگیان قۆستەوە بۆ رۆشتنە ناو سیاسەت و بە پێچەوانەشەوە ھەندێک لە سیاستمەداران بوونە خاوەنی میدیا و وەک ئامرازێک بۆ قازانجی خوددی بەکاریدەھێنن، بۆ ئەم مەبەستەش چەندین رۆژنامەوانی بەتوانایان خستە ژێر رکێفی خۆیانەوە بۆ پەردەپۆش کردنی کارە نایاساییەکانیان وسپێکردنەوەی روویان. ھەندێک لە شارەزایانی بواری سیاسی دەڵێن، بەھاری عەرەبی بوویە نەفرەتیەک بۆ وڵاتانی ناوچەکە چونکە دەسەلاتداران بە ناوی دیموکراسییەوە ھەمان کاری پێشوو ئەنجامدەدەن، ئەم دیادەیەش عێراق و کوردستانیش دەگرێتەوە، چونکە شێوەیەکی گشتی ھەڵگری ھەمان کلتور باکگراوندی سیاسیین.

 

دیارە لە ولاتانی تازە دیموکراسیدا یان جیھانی سێدا، زۆرجار دەبینین رۆژنامەوان لە پاش ماوەیەک دەبێتە سیاسیی و بە پێچەوانەوە وەک رۆژانە  دەبینین زۆر بە ئاسانی ئەم دوو توێژە جێگاکانیان ئاڵوگۆر دەکەن یان لە یەک کاتدا ھەردوو کارەکە دەکەن، ئەمەش لە راستیدا دیاردەیەکی پارادۆکسی کۆمەڵگەی نادیموکراسییە کە بەناوی دیموکراسییەوە دەیانەوێت خەڵکی چەواشە بکەن، لە وڵاتانی رۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا تەنھا ھەندێک لە دیاردەکانی دیموکراسی جێبەجێ دەکرێت ئەویش بەشێوازێکی ناتەواو، بۆ نمونە دەزگا ھەستیارەکانی وڵات بەدەست ئەندامانی حزبێکی تایبەتەوە دەمێنێتەوە، بە ئاسانی ھەڵبژاردنەکان تەزویر دەکرێت، دەسەڵاتەکانی تەنفیزی و دادەوەری و تەشریعی ناتوانرێت سەربەخۆیی کۆنترۆڵ بکرێت و شێوەیەکی گشتی ئەوانیش بۆ خزمەتی کەسانی باڵادەست و حزبی بەکاردەھێنرێت.

 

بە پێچەوانەوە لە ولاتانی پێشکەوتودا کاری رۆژنامەوان ھیچ لە سیاسی کەمتر نین، بگرە لە زۆر کاتدا تەنانەت لە رووی مادییشەوە، ئەوان زیاتر وەردەگرن، لەبەرئەوە ھیچ پێویستیان بەوە نییە کە ببنە سیاسی یان خۆیان نزیک بکەنەوە لە سیاسییەک بۆ دەسکەوتێکی ماددی و بەرژوەندیەکی تایبەت. ئەوەی لە وڵاتە پێشەکەوتووەکاندا دەبینرێت ئەوەیە کە سیاسییەکان دەیانەوێت پەیوەندی لەگەڵ رۆژنامەوان خۆشبکەن چونکە لە میدیا دەترسن. ھەموو ئەوە دەزانین کە ناپلیۆن پێش چەند سەدەیەک باسی لەترسناکی جیڕەی قەڵەمی رۆژنامەنوسێک دەکات.

 

لە راستیدا کاتێک سیاسییەک بانگھێشت دەکرێت بۆ چاوپێکەوتنێکی میدیایی پێویستە بترسێت ھەر وەک چۆن کاتێک بۆ پەرلەمانێکی راستەقینە بانگھێشت دەکرێت  بۆ لێپرسینەوە، نەک وەک ئەوەی ئێستا ھەیە بەخۆشحاڵییەوە بۆ کەناڵەکە بڕوات چونکە سیاسییەکە دڵنیا لەوەی کە رۆژنامەوانەکە ھیچ ئیحراجییەکی بۆ دروستناکات و خاتری باشی دەگرێت چونکە پێشتر ھاوپەیمانی لە نێوانیاندا ھەیە، بەڵکو زۆرجاریش بانگەشەی بۆ دەکات و بۆ ئەوەی باشتر لای جەماوەر دەربکەوێت  و میدیا زیاتر خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی دەکات.