حکومەتی نوێی عێراق و هێزی کورد
سۆزان حەمە تاتە -نووسەر
ئەگەرەکان بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێی عیراق، ئەگەر گۆڕانکاریی دراماتیکی نەیەنە ئاراوە، ئەوا وادەرناکەون بەزوویی پێکبێت، بگرە ململانێی هێزە سیاسییە شیعەکان، سوننەکان و کورد، هەروەها بەرژەوەندییە ئیقلیمیی و نێودەوڵەتییەکان، تێکەڵ بەیەکتر دەبن و هەویرەکە ئاو زۆر دەکێشێ.
دواکەوتنی پێکهێنانی حکومەت زیانی زۆری هەیە
بۆ ئێمەی کورد، دواکەوتنی پێکهێنانی حکومەتی نوێی عیراق زیانی زۆری هەیە، بەوپێیەی چەندین دۆسێی هەڵواسراو هەن لە نێوان هەرێم- بەغدا پێویستیان بە حکومەتێکی بەهێز هەیە بۆ یەکلاییکردنەوەیان، بگرە بۆ رێککەوتن و چەسپاندنی مافەکانی کورد و هەرێمی کوردستان لە عیراقی فیدرالی لە کارنامەی حکومەتی نوێدا.
بۆ کورد وا باشترە لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان، زووتر هەنگاو بنێن و لەسەر نەخشەڕێیەکی گونجاو پێکبێن و هەردوولا بچنە قۆناغێکی نوێی ئیداری و سیاسییەوە.
بەهێزکردنەوەی پێگەی کورد
بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستان لە تەڵەی سیاسیی ئەوانی دیکە رزگاری بێت و مەترسییەکانی سەر کوردستان زیاتر نەبن، هەروەها بۆ بەهێزکردنەوەی پێگەی کورد، بە باشی دەزانم کەوا:
یەکەم: هێزە سیاسییەکانی کوردستان، هەموویان لە دەوری ئەجێندایەکی نیشتمانی کۆببنەوە و ناکۆکییەکان وەلاوە بنێن.
دووەم: یەکێک لە هۆکارەکانی ناکۆکیی نێوان هێزە سیاسییەکانی کورد، نابەرپرسیارێتیی میدیاییە، بەشێک لە میدیاکانی سێبەر کەوتنە ژێر بەکاربردنی زمانی رق و کینە و تۆمەتبەخشینەوە و گەورەکردنی درزی نێوان هێزە سیاسییەکانی کوردستان، هەوڵدان بۆ دووبەرەکی نانەوە، رەنگە نموونەی ئەو جۆرە میدیایانە لای زۆرینەمان هەبن.
لەو رووەوە، پێویستە هێزە سیاسییە بەرپرسیارەکان پشتیوانی ئەو جۆرە میدیایە نەکەن و دووربکەونەوە لە شێوازی کارکردنیان و نەکەونە ژێر کاریگەریی ئاراستە سیاسییەکانیانەوە.
سێیەم: هێزە سیاسییەکان، پێویستیان بە گوتاری سیاسیی کوردستانیانە هەیە، بەو جۆرەی دوور بێت لە کوولاندنەوەی برینەکان و گێڕانەوەی ئەو چیرۆکانەی خزمەت بە ئێستا ناکەن، بەڵکو دەبێت لەپێناوی بەرژەوەندیی نەتەوەییدا بەرژەوەندییە حزبییەکانیان وەلاوە بنێن.
چوارەم: تێگەیشتن لەوەی هێزی سوننە و شیعە چۆن لە هەرێمی کوردستان دەڕوانن و هەستکردن بەوەی ویستی سیاسی وایان هەیە، ئەگەر بۆیان بکرێت هەرێم بچووک دەکەنەوە، ئەوەش هۆکارێکی باشە بۆ ئەوەی هێزە سیاسییەکانی کوردستان، بۆ رەتکردنەوەی پرۆژەی بچووککردنەوەی کوردستان، ببنە خاوەن پرۆژەیەکی سیاسیی گەورە و یەکگرتوو بن بەرامبەر ئەو ئەجێندایەی دژی بوونی کوردستان و قەوارە و بەرژوەندییەکانییەتی لە عیراق.
پێنجەم: خاڵێکی دیکەی سەرنجڕاکێش ئەوەیە: هێزە شیعە و سوننەکان یەکیان گرت و لە گفتوگۆدان و بەرنامەیان ئامادە کردووە، لیژنەیان بۆ هەر سێکتەرێکی حوکمڕانی و ئەو بەش و بەشدارییەی دەیانەوێت دروست کردووە، بەڵام هیچ جووڵەیەکی سیاسیی کوردستانی نابینرێت، لەکاتێکدا مەترسییەکانی سەر پێگەی کورد زیاترن و سیاسەتی بچووککردنەوەی هەرێمی کوردستان هەیە، بێگومان ئەمە زیانی گەورە بە کورد و کوردستان دەگەیەنێت و ئەگەر رووبدات کورد بە ئاسانی پێگەی سیاسی و مافی خۆی دەست ناکەوێتەوە.