مرۆڤ لەنێوان جەنگە نادیارەکەی ناخ و جیهانی دەرەوەدا

سوعاد مەلا سەعید- سه‌رپه‌رشتیاری په‌روه‌ردەیی و شارەزای دەروونزانی

لە ساتی لەدایکبوونیەوە، مرۆڤ لەگەڵ ململانێیەکی بەردەوامدا دەژی. ئەم ململانێیە ئەگەرچی لە رووکاردا وەک رووبەڕووبوونەوەیەک لەگەڵ ساتی ئێستا و جیهانی دەرەوەدا دەربکەوێت، بەڵام لە جەوهەردا رەنگدانەوەی هاوسەنگییەکە لەنێوان دوو جیهانی ئاڵۆزدا: قەیرانی دەرەکی و قەیرانی دەروونی. لە دەروونناسیدا، ئەم دوو جۆرە قەیرانە نەک هەر لە یەکتری جیا ناکرێنەوە، بەڵکو وەک دوو رووی یەک دراو وان و بەردەوام کاریگەریی راستەوخۆیان لەسەر رەفتار، بیرکردنەوە و باری دەروونیی مرۆڤ هەیە.


قەیرانی دەرەکی: کاتێک جیهان لە کۆنترۆڵ دەردەچێت
قەیرانی دەرەکی پێکهاتووە لەو رووداو و گۆڕانکارییانەی لە ژینگەی دەوروبەری مرۆڤدا روودەدەن؛ وەک کێشەی ئابووری، جەنگ، لەدەستدانی کار، نەخۆشییەکانی جەستە، یان رووخانی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان. تایبەتمەندیی سەرەکیی ئەم قەیرانانە ئەوەیە کە زۆرجار لە دەرەوەی ئیرادە و کۆنترۆڵی ڕاستەوخۆی تاکن.


سیگمۆند فرۆید، باوکی دەروونشیکاری، ئاماژە بەوە دەکات کە من (Ego) لەنێوان داواکارییە سەختەکانی دەرەوە و هەستە ناوەکییەکاندا لە هەوڵێکی بەردەوامدایە بۆ مانەوە. کاتێک قەیرانێکی دەرەکی روودەدات، هەستی ئاسایش و جێگیری لەلای تاک دەکەوێتە مەترسییەوە. مرۆڤ تووشی سەرلێشێوان دەبێت، چونکە ئەو یاسا و بەهایانەی پێشتر پشتی پێ دەبەستن، بەسەرچوون، یان تێکچوون.


قەیرانی دەروونی: جەنگە بێدەنگەکەی ناو ناخ
لە بەرامبەردا، قەیرانی دەروونی (یان قەیرانی ناوەکی)، بریتییە لەو شڵەژان و ململانێیانەی لە ناخی تاکدا سەرهەڵدەدەن. ئەمەیان پەیوەندییدارە بە هەستی بێ ئومێدی، ترس لە نادیار، قەیرانی ناسنامە، بوونگەرایی(Existential Crisis) و دڵەڕاوکێی بەردەوام.


ڤیکتۆر فرانکڵ، دەروونناسی ناودار و دامەزرێنەری رێبازی «لۆگۆتێراپی»، لەو بڕوایەدا بوو کە مەزنترین قەیرانی دەروونی لەوەوە دەستپێدەکات کە مرۆڤ مانایەک بۆ ژیانی خۆی نادۆزێتەوە. کاتێک ناخی مرۆڤ بەتاڵ بێت لە مانا و ئامانج، تەنانەت لە غیابی قەیرانی دەرەکیشدا، تاک تووشی داڕووخانی دەروونی و دڵەڕاوکێیەکی سەخت دەبێتەوە.


  دیالێکتیکی هەردوو قەیرانەکە: کامەیان مەترسیدارترە؟
پەیوەندیی نێوان ئەم دوو قەیرانە پەیوەندییەکی دوو ئاڕاستەیە
١- قەیرانی دەرەکی دەبێتە هۆی قەیرانی دەروونی: کاتێک تاک لە دەرەوە رووبەڕووی شکست، یان زەبرێک (Trauma) دەبێتەوە، سیستمی بەرگریی دەروونی لاواز دەبێت و ناخی بەرەو شڵەژان دەچێت.
٢- قەیرانی دەروونی، قەیرانی دەرەکی گەورەتر دەکاتەوە: کاتێک مرۆڤ لە ناخەوە تووشی داڕوخان، یان خەمۆکی بووە، توانای چارەسەرکردن و وەڵامدانەوەی بۆ کێشەکانی دەرەوە لەدەستدەدات. لەم حالتەدا، بچووکترین گرفت لە جیهانی دەرەوەدا وەک کارەساتێک دەبینرێت.


کەواتە، ململانێی راستەقینەی مرۆڤ تەنیا لەگەڵ دەوروبەردا نییە، بەڵکو لەگەڵ چۆنییەتیی لێکدانەوەی ئەو دەوروبەرەدایە. وەک فەیلەسوف ئپیکتێتۆس دەڵێت: (خەڵک بەهۆی رووداوەکانەوە تووشی ئازار نابن، بەڵکو بەهۆی ئەو تێگەیشتنەی لەسەر رووداوەکان هەیانە تووش دەبن).


رێگەی دەربازبوون: دروستکردنی خەیاڵدان و خۆڕاگریی دەروونی
چۆن مرۆڤ دەتوانێت لەنێوان ئەم دوو ئاگرەدا هاوسەنگی بپارێزێت؟ دەروونناسیی هاوچەرخ جەخت لەسەر چەمکی خۆڕاگریی دەروونی (Resilience) دەکاتەوە.
 قبوڵکردن و جیاکردنەوە: یەکەم هەنگاو ئاگاداربوونە لەوەی چ شتێک لەژێر کۆنترۆڵی ئێمەدایە و چ شتێک لە دەرەوەی کۆنترۆڵدایە. ئێمە ناتوانین رێگری لە زۆربەی قەیرانە دەرەکییەکان بکەین، بەڵکو دەتوانین کۆنترۆڵی پەرچەکردارە دەروونییەکانی خۆمان بکەین.
 دۆزینەوەی مانا لە ناو ئازاردا: وەک فرانکڵ ئاماژەی پێدەدات، ئەگەر مرۆڤ هۆکارێک (مانایەک)ی هەبێت بۆ ژیان، دەتوانێت بەرگەی هەموو سەختییەک بگرێت.


دروستکردنی سیستمی پاڵپشتی: دەربڕینی هەستەکان، داواکردنی یارمەتیی پیشەیی، دوورکەوتنەوە لە گۆشەگیری، رێگە لەوە دەگرێت کە قەیرانی دەرەکی بێتە ناوەوە و رۆح داگیر بکات.
مرۆڤ بوونەوەرێکە بەردەوام لە گەشەدایە و قەیرانەکان، چ دەرەکی بن، یان دەروونی تەنیا تاقیکردنەوە نین، بەڵکو دەرفەتێکن بۆ خۆناسین و تێگەیشتن و پێگەیشتن. سەرکەوتنی راستەقینە لەوەدا نییە کە جیهانێکی بێ قەیران دروست بکەین، ئامانجی سەرەکی ئەوەیە کە لە ناوەڕاستی سووتانی جیهانی دەرەوەدا، بتوانین ئاشتی و هاوسەنگی لە ناخی خۆماندا بپارێزین.