من نامەوێت بسووتێندرێم

دڵسۆز زەنگەنە- چالاکوان

شەوێکی لە شەوەکانی زستان بوو، کچێک لە گوشەی ژوورەکەیدا دانیشتبوو، چاوی پڕ لە فرمیسک و دڵی پر لە ترس بوو. لە دەرەوە دەنگی باوک و براکانی دەهات، بەڵام لە ناخی ئەودا تەنها دەنگێک هاواری دەکرد:

«من نامەوێت بمرم… من تەنها دەمەوێت بژیم!»

 

ئەو کچە خەونی هەبوو؛ دەیویست بخوێنێت، کار بکات، پێکەنین لەسەر لێوەکانی بێت، وەک هەر مرۆڤێکی تر بە ئازادی هەناسە بدات. بەڵام لەو ماڵەدا، خەونی کچ بە زۆری بە تاوان دادەنرا، دەنگی کچ بە شەرم دەژمێردرا و مافی هەڵبژاردنی ژیانی خۆی بە دەستی ئەوانی ترەوە بوو.

 

ئەو شەوە کچەکە لەبەردەم ئاوێنەکە وەستا و بە دەنگێکی لەرزۆک وتی:

من چیم کردووە؟ تاوانم چییە؟ بۆچی کە من کچم، دەبێت بە نرخێکی گران سزا بدرێم؟ بۆچی خەونی من دەبێتە هۆی ئەوەی ژیانم لێ بستێندرێت؟.

 

فرمێسکەکانی دەڕژان، بەڵام هێشتا لە ناخیدا هیوایەک مابوو؛ هیوای ئەوەی کەسێک گوێی لێ بگرێت، دەستێک بگرێتە دەستی و پێی بڵێت: تۆ تەنها نیت، ژیانت گرنگە.

 

بەڵام بەداخەوە، زۆر ژن و کچ لە جێی ئەو دەنگە دڵنەواییە، تەنها بێدەنگی دەبیستن؛ بێدەنگییەک کە هەندێک جار بەهای ژیانیان دەشکێنێت.

 

ڕۆژێک کچەکە لە دڵی خۆیدا بڕیاری دا، هەرچەندە دەنگی لەرزۆک بوو، بەڵام بڕیارەکەی بەهێز بوو:

«من نامەوێت بسووتێنرێم! من نامەوێت بمرم بۆ ئەوەی کەسانی تر بە ناوی شەرەف و نەریت، بڕیار لەسەر ژیانم بدەن. من نامەوێت ببمە هەواڵێک لە ڕۆژنامەکان، وێنەیەک لەسەر دیوارەکان، یان ناوێک لە لیستی ژنانی کوژراو. من دەمەوێت بژیم!»

ئەو کچە داوای زۆری نەکردبوو؛ تەنها داوای ژیانێکی ئاسایی دەکرد، ژیانێک کە تێیدا کچبوون تاوان نەبێت، خۆشەویستی ببێتە مایەی ترس، و ماڵ شوێنی پاراستن بێت نەک شوێنی کوشتن.

 

ئەی کۆمەڵگا، ئەی یاسا، ئەی دەسەڵات!

پێش ئەوەی کچێک بکوژرێت، پێش ئەوەی ژنێک بە ئاگری کینە و توندوتیژی بسووتێنرێت، پێش ئەوەی دایکێک بە گریانی بۆ هەمیشە بمێنێتەوە، دەبێت کەسێک دەنگی بەرز بکاتەوە و بڵێت:

کوشتنی ژنان تاوانە، نەک کێشەی خێزانی!

من نامەویت بسووتێنرێم…

من نامەوێت بکوژریم…

من نامەوێت بەهۆی کچبوونم سزا بدرێم…

من ژیانم دەوێت؛ ژیانێک بە ئازادی، بە کرامەت، بە یەکسانی و بەبێ ترس.

 

چونکە ژیانی ژن موڵکی کەس نییە، شەرەفی خێزان بە خوینی ژن ناپارێزرێت، و هیچ نەریتیک ناتوانێت تاوانێک بکاتە شەرەف.

من نامەویت بسووتێنرێم… من دەمەوێت بژیم!