پیرۆزە ڕۆژی کرێکارانی جیهان

پیرۆزە لەو مرۆڤانەی پێناسەی ڕاستی بەها و ڕەنج دەزانن، بەها و ڕەنجیش تەنیا بە دونیای ماددییەوە نابەستنەوە.

 

نەجیبە قەرەداغی – ئەندامی ئەکادیمیای ژنۆلۆژی

 

لە ڕۆژی یەکی ئایاردا وێڕای گرنگی تێزەکانی تا ڕۆژی ئەمڕۆش، بەڵام پێویستمان بە دیدێکی ڕەخنەگرانە هەیە لەو مارکسیزم و چەپێتیەی کە بەشێکە لە هۆکاری نائومێدبوونی مرۆڤ لەگەڵ ڕەتکردنەوەی "سەرمایەداری تا ئاستی ڕشانەوە" و خۆلێپاکردنەوە.

 

ڕەخنەکردن لەو تێگەیشتنانەی کە بەها و ڕەنج تەنیا لە بابەتێکی چینایەتیدا دەبینن گرنگە، ڕەنجی ژن بە تایبەتی دایک وەک ڕەنج نابینێت، بە گرنگی دەزانم لەم بۆنەیەدا سەرنجتان بۆ بەشێکی کورت لە دیدی ڕێبەر ئاپۆ ڕابکێشم کە لە بەرگرینامەی سۆسیۆلۆژیای ئازادی دا گەڵالەی کردووە و یەکێکە لە حەوت فاکتەری مۆدێرنیتەی دیموکراتی کە ئابورییە:

 

" شیکارەکانی ئابووری ـ سیاسی سەرمایەداری و شرۆڤەی مارکسیستی کە پەیوەندییەکانی ئابوورییان دەرھەست کردووە زۆر مەترسیدارن، چونکە ھەرگیز ئابووری نابێتە چالاکی خاوەنکار ـ کرێکار، من بۆ خۆم ناچارم دووانەی خاوەنکار ـ کرێکار وەک دوو دزی پاوانخوازی ئابووری ھەڵسەنگێنم: ئەو ئابوورییەی چالاکی سەرەکی دیموکراتی سروشتی کۆمەڵایەتی کۆمەڵگایە (ئەگەر سەردەمی کڵان و ھۆزیشی لەناودا بژمێرین، ئەو کاتە راستترە بڵێین چالاکی یەکەمی کۆمەڵگای ئەخلاقی و سیاسییە)، لێرەدا کە باسی کرێکار دەکەم مەبەستم ئەو کرێکارە سازشکارەیە کە بەناوی کرێ بەشێکی کەم لەو بەھایە وەردەگرێت کە لە بەشە ھەژارەکانی کۆمەڵگە بەتایبەتیش لە ژنان و کچانی بێکرێ دزراوەو تاڵانکراوە، ھەروەکو چۆن کۆیلە و بەندە زیاتر لە رەوشی پاشکۆیەتی سەردار و بەگەکەیدایە، کرێکاری سازشکاریش بەردەوام پاشکۆی خاوەنکارەکەیەتی، بەچاوی گومانەوە تەماشاکردنی کۆیلایەتی، بەندایەتی و کرێکارێتی و ھەروەھا رووبەڕووبوونەوەی، لەسەر ئەم بنەمایەش پێشخستنی چالاکی و ئایدیۆلۆژیاکەی، مەرجی سەرەکی ئەخلاقی و سیاسیبوونە، ھەروەکو چۆن سێیانەی کۆیلەدار ـ سەردار ـ خاوەنکار شایانی پیاھەڵدان نین، ھەروەھا کۆیلە ـ بەندە ـ کرێکاریش کە بە واتای پاشکۆیەتی ئەمانە دێن پێویستە ھەرگیز بەسیفەتی توێژە باشەکانی کۆمەڵگە شکۆدار نەکرێن، ڕاستترین ھەڵوێست ئەوەیە، بەزەییت بە ڕەوشیاندا بێتەوە کە داڕووخاوترین توێژەکانی کۆمەڵگان و ساتێک زووتر لەپێناو ئازادکردنیان دەستبەکاربین.

 

بە ماھیەتە سەرەکییەکەیەوە ئابووری چالاکی کۆمەڵگeی مێژووییە, ھیچ تاکێک (بە سیفەتی کۆیلەدار، سەردار، خاوەنکار، کۆیلە، بەندە و کرێکار) و دەوڵەتێک نابنە نوێنەری چالاکی و کردەی ئابووری, بۆ نموونە ھیچ تاکێکی خاوەنکار، بەگ، کۆیلەدار، کرێکار، لادێیی یان شاری ناتوانێت بەرامبەرەکەی کاری دایکایەتی بدات کە دامەزراوێکی کۆمەڵگەی مێژووییە، چونکە دایکایەتی ژیانیترین و سەختترین چالاکی کۆمەڵگە فەراھەم دەکات، بەردەوامی ژیان دەستنیشان دەکات، ناخوازم تەنیا باسی وەچەخستنەوە بکەم، بەڵکو لە گۆشە نیگایەکی فراوانەوە سەیری دایکایەتی دەکەم، چونکە کولتوورێکە، دیاردەیەکە بە ترپەکانی دڵی بەردەوام لە خرۆشاندایە و خاوەن کردارێکی پڕ لە ژیرییە، ئەمەش ڕاستییەکەیە.

 

 باشە، مادام ڕەوشەکە بەمجۆرەیە، ژن تا ئەم ڕادەیە پێویست و ژیانییە، سەرباری ئەوەی زەحمەتییەکی زۆر دەبینێت، بەردەوام لەناو کاردایە، بە ئەقڵ و دڵێکی بەجۆش و خرۆشاو بارکراوە، بە کامە ئەقڵ و ویژدانەوە دەشێت وەک ڕەنجدەرێکی بێکرێ مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت؟ کامە زانستی ئابووری کە خۆی بە ئایدیۆلۆژیای زەحمەتکێشان دادەنا، مارکسیزمیشی لەناودا ، کاتێک خاوەنەکانی ئەمجۆرە چالاکییە کۆمەڵایەتییانە بەبیری خۆشیاندا ناھێنن و لە دەرەوەی کرێیان دەھێڵنەوە، خزمەتکار و پاشکۆی خاوەنکار لەگۆشەی سەرەوە جێگیر دەکەن، چۆن دەتوانن ڕێگە چارەکەیان لەژێر ناوی کۆمەڵایەتی پێشکەش بکەن؟ تا ڕادەیەکی مەترسیدار ئابووری مارکسی ئابوورییەکی بۆرژوازییە، پێویستی بە ڕەخنەدانێکی جددی ھەیە، چونکە تا ڕەخنەدانێکی بوێرانە پێشنەخرێت، لە گۆڕەپانی بەرژەوەندی سەرمایەداریدا گەڕان بەدوای سۆسیالیزم، ھەر وەکو لە ئیفلاس و ھەڵوەشانەوەی (ھەم لە خۆیەوە) بزووتنەوە (سۆسیالیزمی بونیادنراو) سەد و پەنجا ساڵییەکەیدا بینرا، بەھادارترین خزمەتە کە بێبەرامبەر پێشکەش بە سیستەمی سەرمایەداری دەکرێت.

 

لینین کاتێک دەڵێت "ڕێگای دۆزەخ بە بەردەکانی نیازپاکی بەردڕێژکراوە" چەندە ڕاستی وتووە! ئایا خۆیشی دەیتوانی بیر لەوە بکاتەوە کە کردارەکەی ئەم ڕستەیەی دەسەلمێنێت ؟ .