ململانێی نەوەکان لە زانیندا
کنێر عەبدوڵا - نووسەر

بەدرێژایی سەردەمەکان، کۆمەڵگەکان، جیاوازیی نێوان نەوەکانیان تێدا بووە، بەڵام لەگەڵ پەرەسەندنی کەرەستەکانی زانین و ئامرازەکانی بەدەستهێنانی زانیاری، جیاوازییەکە قووڵتر بۆتەوە و پێی دەوترێت «ململانێی نەوەکان لە زانیندا». ئەمجۆرە ململانێیە مەرج نییە بە مانای رکابەری، یان دژایەتی بێت، بەڵکو دەربڕینی جیاوازییە لە بینین و ئامراز و سەرچاوەکاندا کە هەر نەوەیەک بۆ تێگەیشتنی لە جیهانی دەوروبەری پشتی پێدەبەستێت.
ئەم ململانێیە، بریتییە لە جیاوازی و ناکۆکییەکان کە لە نێوان نەوە جیاوازەکاندا دەردەکەوێت لە شێوازی تێگەیشتن، بەکارهێنان و نرخاندنیان بۆ زانین و یەکێکە لە تایبەتمەندییە دیارەکانی کۆمەڵگە مۆدێرنەکان، بەتایبەتی لەبەر رۆشنایی پێشکەوتنی خێرای تەکنۆلۆژیا و کەلتووریدا.
هۆکارەکانیش بریتین لە گەشەکردنی خێرای تەکنۆلۆژیا، جیاوازیی لە شێوازی بیرکردنەوە و فێربوون، جیهانگیری و کرانەوەی کەلتوری و گۆڕینی بەها و چەمکەکان.
بەنموونە، نەوەی رابردوو پشت بە کتێب و سەرچاوەکان دەبەستێت، نەوەی ئێستاش بە ئینتەرنێت، لە رێگەی ڤیدیۆی پەروەردەیی و ناوەرۆکی دیجیتاڵی، نەوەی رابردوو دەیانەوێت نەریتییانە فێر ببن لە رێگەی فێرکردن و لەبەرکردنەوە، نەوەی ئێستا فێربوونی خۆیی و کارلێکیان بەلاوە پەسەندە و پشت بە بیرکردنەوەی رەخنەگرانە دەبەستن. نەوەی رابردوو لەو باوەڕەدان کە ئەزموون و کات، دەسەڵاتی مەعریفی بە خاوەنەکەی دەبەخشێت، نەوەی ئێستا زانیاریی بە سوود و مۆدێرن هەڵدەسەنگێنێت. نەوەی رابردوو زانیاریی بە بەها ئەخلاقی و ئاینییەکانەوە دەبەستێتەوە، نەوەی ئێستا بەرەو مەعریفەی پراگماتیک و جێبەجێکراو دەڕوات.
ئەمجۆرە ململانێیە، هەردوو لایەنی ئەرێنی و نەرێنی هەیە، ئەرێنی، بەرهەمهێنانی زانیاریییە کە رەسەنایەتی و مۆدێڕن تێکەڵ دەکات و کۆمەڵگە بەرەو داهێنان دەبات. لایەنە نەرێنییەکانیش بریتین لە، لەدەستدانی متمانە لەنێوان نەوەکاندا، هەستی پەراوێزخستنی نەوەی رابردوو و بەکارهێنانی زانیاری بەبێ لێکۆڵینەوە.
ئاسەوارەکانی بریتین لە، هەڵە تێگەیشتن و دابڕانی لایەنی فکریی لەنێوان نەوەکاندا، لاوازکردنی گواستنەوەی شارەزایی و ئەزموون و دروستکردنی دابڕانی مەعریفی، لە دامەزراوەکانی وەک خوێندنگەکان و شوێنی کاردا.
دروستکردنی پردی پەیوەندی مەعریفی لە نێوان نەوەکاندا یەک لەو چارەسەرانەیە، رێزگرتن لە زانیاریی هەر نەوەیەک لەسەر ئەویتر، پەرەپێدانی کەلتوری فێربوونی بەردەوام و هاوبەش و برەودان و هاندانی دیالۆگ و ئاڵوگۆڕکردنی ئەزموونەکان، پەیبردن بە بەها و زانیاریی هەر نەوەیەک، تێکەڵکردنی شێوازی فێرکردنی کۆن و مۆدێرن، هاندانی نەوەی ئێستا بۆ رێزگرتن لە ئەزموونی نەوەی رابردوو.
ئەم ململانێیە، نیشانەی گۆڕان و نوێبوونەوەیە لەناو کۆمەڵگەکاندا. دەبێت وەک دەرفەتێک سەیر بکرێت نەک قەیران، بۆ بونیاتنانی یەکگرتنێکی مەعریفی نێوانیان.
زانین تایبەت نییە بە نەوەیەک، بەبێ بوونی نەوەیەکی تر، بەڵکو میراتێکی هاوبەشی مرۆڤایەتییە و بەردەوام گەشە دەکات، ئەگەر بەباشی مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت دەتوانرێت ببێتە سەرچاوەی تەواوکاری و پێشکەوتن، چونکە هەر نەوەیەک ئەزموون و ئامرازی تایبەت بەخۆی هەیە و تێکەڵبوونی نێوان رابردوو و ئێستا ئەوەیە کە شارستانییەتێکی مەعریفیی هاوسەنگ دروستدەکات، بۆیە نەرێنی نییە و دەربڕینی جیاوازییەکی سروشتییە و دەتوانرێت بگۆڕدرێت بۆ یەکخستنی مەعریفیی بەرهەمدار و هەردوو نەوەکە لێی سوودمەند دەبن.