مافەکانی ژنان و گەلان لە سووریای نوێدا
نەغەم چاچان-ڕۆژنامەنووس
بە ڕووخانی ڕژێمی بەعس لە ٨ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٤دا، قۆناغێکی نوێ لە مێژووی سووریادا دەست پێ کرد، دوای زیاتر لە ٥٠ ساڵ لە ستەم و دەسەڵاتی دیکتاتۆری، هەلێکی نوێ بۆ بونیادنانی وڵاتێک کە مافی هەموو پێکهاتەکان بپارێزێت هاتە ئاراوە، بەڵام ڕووخانی ڕژێمێک بە تەنها بەس نییە، گۆڕینی هۆشیاری، بنەمای دەسەڵات و پەیوەندی نێوان دەوڵەت و کۆمەڵگەش پێویستن.
لەو چوارچێوەیەدا ،حکومەتی کاتی، پرۆسەی ئەنتیگراسیۆنی لە نێوان قەسەدە و حکومەتدا، مافی گەلی کورد و داهاتووی ژنان لە بابەتە سەرەکییەکانن، پرسیارەکە ئەوەیە کە ئایا ئەم گۆڕانکارییانە چەند لەسەر بنەمای دیموکراتیک، یەکسانی و دادپەروەری بونیاد دەنرێن و چۆن داهاتووی سووریا دەشێوێنن.
لە ڕووخانی ڕژێمی بەعسەوە تا دەستپێکی قۆناغی گوازراوە
دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس، حکومەتی کاتی سووریا رووبەڕووی بەرپرسیارێتی گەورە بووەوە، لەوانە دووبارە بونیادنانەوەی دەزگاکانی دەوڵەت، مسۆگەرکردنی ئاسایش، چارەسەرکردنی قەیرانە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان و بونیادنانەوەی متمانەی گەلان، بەڵام سەختییەکانی ئەم قۆناغە نابنە هۆی ئەوەی مافەکانی مرۆڤ و یەکسانی و بەشداری سیاسی پشتگوێ بخڕێن.
ڕووخانی ڕژێم هەلێکی نوێی بۆ گفتوگۆکردن لەسەر داهاتووی وڵات هێنایە ئاراوە، بەڵام نیگەرانییەکان سەبارەت بە کۆکردنەوەی دەسەڵات، سنوردارکردنی بەشداری پێکهاتەکان و نەبوونی مسۆگەرکردنی مافەکانی مرۆڤ بەردەوامن، هەروەها پێشێلکارییەکانی ماف و ڕووداوەکانی توندوتیژی نیشان دەدان کە ئارامی بەردەوام بێ بوونی میکانیزمی بەرپرسیارێتی و کۆنترۆڵی سەربەخۆ پێک نایەت.
لەبەر ئەوە، هەڵسەنگاندنی حکومەتی کاتی پێویستە لەسەر بنەمای دەرئەنجامی بڕیارەکانی لە ژیانی گەلاندا بکرێت، دەوڵەتێکی نوێ بە بەڵێنی سیاسی بونیاد بنرێت، بەڵکو بە یاساکانی پاراستنی ماف، دەزگا بەرپرسیارەکان و بەشداری ڕاستەقینەی کۆمەڵگە بونیاد دەنرێت.
پەیمانی ١٠ی ئاداری ٢٠٢٥: هەلێکی سیاسی و کێشەی جێبەجێکردن
لە ١٠ی ئاداری ٢٠٢٥دا، لە نێوان ئەحمەد شەرع، سەرۆکی حکومەتی کاتی سووریادا و مەزلوم عەبدی، فەرماندەی قەسەدە پەیمانێک واژوو کرا، ئامانجی ئەو پەیمانە ئەنتیگراسیۆنی دەزگا مەدەنی و سەربازییەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لە ناو دەزگاکانی دەوڵەتدا، ڕاگرتنی پێکدادانەکان و کردنەوەی ڕێگەیەک بۆ چارەسەری سیاسی بوو.
پەیمانەکە هەلێکی گرنگی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان بە گفتوگۆ، ناساندنی مافەکانی گەلی کورد و بونیادنانی پەیوەندییەکی نوێ لە نێوان بەڕێوەبەرایەتی خۆجێیی و دەزگا ناوەندییەکاندا هێنایە ئاراوە، بەڵام جیاوازییەکان سەبارەت بە شێوازی ئەنتیگراسیۆن، یەکخستنی هێزە سەربازییەکان و پێکهاتەی بەڕێوەبەرایەتی، بوونە ئاستەنگ لە بەردەم جێبەجێکردنیدا لە کاتی دیاریکراودا.
ئەم پرۆسەیە نیشانی دا کە واژووکردنی پەیمانەکە بەس نییە، بەبێ متمانە، تێگەیشتنی هاوبەش و مسۆگەری ڕوون، پەیمانە سیاسییەکان لە کاتی جێبەجێکردندا تووشی ئاستەنگ دەبنەوە.
لەبەر ئەوە، پرسی سەرەکی تەنها جێبەجێکردنی ئەنتیگراسیۆن نەبوو، بەڵکو بنەماکەیەتی، ئایا لەسەر هاوکاری و ناساندنی مافەکان بونیاد دەنرێت یان لەسەر تاکلایەنەکردنی دەسەڵات؟
لە ناکۆکییە سیاسییەکانەوە تا پێکدادانەکانی سەرەتای ٢٠٢٦
لە کۆتایی ٢٠٢٥ و سەرەتای ٢٠٢٦دا، ناکۆکییەکان لەسەر جێبەجێکردنی پەیمانەکە قووڵتر بوونەوە، لە کانوونی دووەمی ٢٠٢٦دا پێکدادان لە نێوان هێزەکانی حکومەتی کاتی و قەسەدە لە حەلەب و دواتر لە ناوچەکانی تریشدا بڵاو بووەوە و ئەمەش بووە هۆی گۆڕانکاری جوگرافی و ئاوارەبوونی زۆرێک لە خێزانەکان.
ئەم ڕووداوە نیشانیان دا کە تێکچونی گفتوگۆ دەتوانێت کاریگەری قورس لەسەر مەدەنییەکان جێبێڵێت و هیواکانی ئارامی لاواز بکات، هەروەها ئاڵۆزی ئەمنی و پاشەکشەی هەندێک هێز پێویستی بە میکانیزمی پاراستنی مەدەنییەکان و ڕێگریکردن لە پێکدادانی نوێ زیاتر کرد.
ئەم پێشکەوتنانە جارێکی تر جەختیان لەسەر ئەوە کردەوە کە کێشەی سووریا تەنها ئەنتیگراسیۆنی هێزە سەربازییەکان نییە، بەڵکو بونیادنانی ڕێککەوتنێکی سیاسییە کە ماف، ئیرادە و داهاتووی هاوبەشی هەموو پێکهاتەکانی سووریا مسۆگەر بکات.
پەیمانی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦ و قۆناغی نوێی ئەنتیگراسیۆن
لە ١٨ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦دا، لە نێوان حکومەتی سووریا و قەسەدە ڕێککەوتنێکی ئاگربەست و ئەنتیگراسیۆن ڕاگەیەندرا، لە ٢٩ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦یشدا لەسەر میکانیزمەکانی جێبەجێکردنی، تێڕوانین و ڕێکارەکانی تر ڕاگەیاندرا، لە بڕگەکانی ڕێککەوتنەکەدا ڕاگرتنی پێکدادانەکان، ئەنتیگراسیۆنی هێزە سەربازی و ئەمنییەکان، بەشداریپێکردنی دەزگا مەدەنییەکان لە ناو دەزگاکانی دەوڵەتدا و گەڕانەوەی ئارام بۆ کۆچبەران هەبوو.
بەپێی ڕێککەوتنەکە، دەزگا مەدەنییەکانی خۆبەڕێوەبەری دەبێت لە ناو دەزگاکانی دەوڵەتدا تێکەڵ بکرێن، هێزە ئەمنییەکان لە حەسەکە و قامیشلۆ بە شێوازێکی کۆردیناسیۆن بۆ کراو جێگیر بکرێن و ئەندامانی قەسەدەش ببنە بەشێک لە دەزگا سەربازییەکانی دەوڵەت، هەروەها ڕێککەوتنەکە باسی لە مافە کولتووری و زمانەوانییەکانی کورد و بەشداری سیاسی دەکرد.
بەڵام سەرکەوتنی ئەنتیگراسیۆن تەنها بە ئەنتیگراسیۆنی دەزگا و هێزەکان ناپێورێت، گرنگە کە مافەکانی گەلی کورد و ئیرادەی گەلانی ناوچەکەش بپارێزرێن، ئەنتیگراسیۆن بەبێ چارەسەرکردنی کێشە بنەڕەتییە سیاسییەکان و بەبێ چوارچێوەیەکی دەستووریی ڕوون، دەتوانێت تەنها پرۆسەیەکی بەڕێوبەری و سەربازی بمێنێتەوە.
لەبەر ئەوە، ئەنتیگراسیۆن دەبێت لەسەر بنەمای ناساندنی مافەکان، پاراستنی زمان و کولتوورەکان، بەشداری لە بڕیاردان و چاودێریی یاسایی بەڕێوە بچێت، پێویستە میکانیزمەکانی بەرپرسیارێتی ڕوون بن بۆ ئەوەی گەل بزانێت مافەکانی چۆن دەپارێزرێن و لە ڕەوشی پێشێلکارییدا کێ بەرپەرس دەبێت.
ئەنتیگراسیۆن و داهاتووی پرۆسەی دیموکراتیک
ئەنتیگراسیۆن بە مەرجێک تەنها وەک ئەنتیگراسیۆنی سەربازی سەیر نەکرێت، دەتوانێت هەلێکی نوێ بێت بۆ بونیادنانی سووریایەکی دیموکراتیک و وەک پرۆسەیەکی سیاسی بۆ پاراستنی مافەکان و بەشداری هەموو پێکهاتەکان سەیر بکرێت، ئامانجی بنەڕەتی دەبێت بونیادنانی دەوڵەتێک بێت کە هەموو پێکهاتەکان لە بڕیارداندا خاوەن ئیرادە و ماف بن.
ئەنتیگراسیۆنی دەزگاکانی دەوڵەت دەتوانێت کاروباری گشتی و هەماهەنگی ئەمنی باشتر بکات، بەڵام ئەگەر ببێتە هۆی لاوازبوونی خۆبەڕێوەبەری، سنوردارکردنی بەشداری و لەدەستدانی دەستکەوتەکانی گەلان، ئەمە دەبێتە هۆی دروستبوونی ناکۆکی نوێ.
لەبەر ئەوە پێویستە ئەنتیگراسیۆن وەک کۆتایی پێهاتنی گفتوگۆ سیاسییەکان سەیر نەکرێت، بەڵکو وەک دەستپێکی دانوستان و بونیادنانی هاوبەش سەیر بکرێت. یەکێتی سووریا، بە ناساندنی فرەڕەنگی کۆمەڵگە، پاراستنی مافەکان و قبوڵکردنی جیاوازیی زمانەوانی، کولتووری و سیاسییەکان بونیاد دەندرێت.
ژنان و دەستکەوتەکانی ١٥ ساڵی شۆڕش
لە ١٥ ساڵی شۆڕشدا، ژنانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لە بواری سیاسی، سەربازی، ئابووری، کولتووری و کۆمەڵایەتیدا ڕۆڵێکی گرنگیان بینی، بێ گومان دەزگای تایبەت بە ژنان دامەزرێنران، لە بەڕێوەبەرایەتیدا شوێنیان گرت و لە دژی عەقڵییەتی پیاوسالاری و باوکسالاری تێکۆشان بۆ ئەوەی ژن وەک بڕیاردەر و پێشەنگی گۆڕانی کۆمەڵگە شوێنی خۆی بگرێت.
ئەم دەستکەوتانە ئەنجامی تێکۆشان، قوربانیدان و بەرخۆدانی هەزاران ژنن، لەبەر ئەوە پێویستە لە قۆناغی نوێی سووریادا بپارێزرێن و نەبنە بابەتی هەژماری سیاسی، پاراستنی ژنان تەنها بە بەردەوامبوونی دەزگا هەنووکەیییەکان پێک نایەت، بەڵکو دەبێت مافەکانی ژنان لە دەستوور، یاسا و میکانیزمەکانی بڕیارداندا مسۆگەر بکرێن، داهاتووی ژنان پێویستە لەسەر بەڵێنی کاتی نەبێت، بەڵکو لەسەر مسۆگەری یاسای و بەشداری ڕاستەقینە بونیاد بنرێت.
ڕۆڵی ژنان و بەرخۆدانی یەپەژە لە پرۆسەی ئەنتیگراسیۆندا
پرۆسەی ئەنتیگراسیۆن لە نێوان قەسەدە و حکومەتی کاتیدا تەنها بابەتێکی سەربازی و بەڕێوبەری نییە، بەڵکو لە هەمان کاتدا کاریگەری لەسەر داهاتوو و پێگەی ژنان لە دەزگاکانی دەوڵەتدا هەیە، لەبەر ئەوە ژنان دەبێت وەکو لایەنی سەرەکی لە بڕیارداندا شوێن بگرن.
ژنانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لە ١٥ ساڵی شۆڕشدا، لە بونیادنانی دەزگاکانی بەڕێوەبەرایەتی، ئەنجومەن، کۆمین و سیستەمە ئەمنییەکاندا ئەزموونێکی گرنگیان بە دەست هێناوە. لەو چوارچێوەیەدا، یەپەژە تەنها هێزێکی سەربازی نییە، بەڵکو لە هەمان کاتدا نیشانەی بەرخۆدانی ژنانە لە دژی داعش، توندوتیژی و عەقڵییەتی باوکسالاری، شڕڤانەکانی یەپەژە سەلماندیان کە ژن دەتوانێت لە پاراستنی کۆمەڵگە و بڕیارداندا ڕۆڵێکی سەرەکی ببینێت.
ئەمڕۆ، پرسی سەرەکی ئەوەیە کە لە پرۆسەی ئەنتیگراسیۆندا ئایا ئەم دەستکەوت و ئەزموونە چۆن دەپارێزرێن، ئەنتیگراسیۆنی سەربازی پێویستە نەبێتە هۆی سنوردارکردنی ڕۆڵ و پشتگوێخستنی ئیرادەی ژنان لە بڕیارداندا.
لەبەر ئەوە پێویستە ژنان لە لیژنەکانی ئەنتیگراسیۆن و دەزگا سەربازی، ئەمنی و بەڕێوبەرییەکاندا بەشداری کاریگەریان هەبێت و داهاتووی یەپەژە بە گفتوگۆ و مسۆگەری ڕوون باس بکرێت، پاراستنی دەستکەوتەکانی ژنانیش بە سیاسی و دادپەروەری و بەشداری ڕاستەقینەیان لە بڕیارداندا مسۆگەر بکرێت.
دەستووری نوێ و مسۆگەرکردنی مافەکانی ژنان و گەلان
ئامادەکردنی دەستوورێکی نوێ بۆ سووریا پێویستە لەسەر بنەمای پاراستنی مافی هەموو پێکهاتەکان، بێ جیاکاری ماف، زمان و کولتووری گەلی کورد، یەکسانی و بەشداری سیاسی دەبێت لە دەستووردا مسۆگەر بکرێن.
هەروەها ماف، قەدەغەکردنی جیاکاری، پاراستن لە بەرامبەر توندوتیژی و بەشداری ژنان لە دەزگا گشتی، ئەمنی و سەربازییەکاندا دەبێت بە مسۆگەری یاسای بپارێزرێن، لەم پرۆسەیەدا ژنان، گەلی کورد و هەموو پێکهاتەکان دەبێت خاوەن بەشداری ڕاستەقینە بن، ئەزموونی ژنان و ڕۆڵی یەپەژەش هەڵسەنگاندنی بۆ بکرێت، ئەمەش تەنها بە یاسا و ئەو دەزگایانەی دەپارێزرێن کە جێبەجێکردنیان مسۆگەر دەکەن.
داهاتووی سووریا: لە نێوان یەکڕەنگی و فرەڕەنگیدا
سووریا وڵاتێکی فرەڕەنگە و داهاتووی بە ناسینی مافی هەموو گەلانەوە بەستراوەتەوە، یەکێتی وڵات نەک بە رەتکردنەوەی ناسنامەکان، بەڵکو بە یەکسانی و پاراستنی مافەکانیان پێک دێت، حکومەتی کاتی دەبێت دەسەڵات وەکو موڵکی لایەنێکی سیاسی نەبینێت و دەوڵەتێک بۆ هەموو پێکهاتەکان بونیاد بنێت، هەروەها داهاتووی بەشداری ژنان و گەنجان و هێزە کۆمەڵایەتییەکان لە بونیادنانی دەزگا نوێیەکاندا مسۆگەر بکات.
چارەسەرکردنی کێشەی کوردی، بۆ پیشاندانی ئاستی قبوڵکردنی فرەڕەنگی و بونیادنانی یەکێتییەک لەسەر بنەمای مافەکان، پێوەرێکی گرنگە، هەروەها پاراستنی ماف و بەشداری ژنان لە بڕیارداندا، پێوەرە سەرەکییەکانی دیموکراتیکبوونی دەوڵەتن، لەبەر ئەوەی دیموکراتیک تەنها هەڵبژاردن و دەزگا سیاسییەکان نییە، بەڵکو ئەو سیستەمەیە کە مافەکان دەپارێزێت، جیاوازییەکان قبوڵ دەکات و هەلی یەکسان بۆ هەموو پێکهاتەکان دابین دەکات.
ئەنجام: بونیادنانی سووریا بە پاراستنی مافەکان دەستپێدەکات
لە ڕووخانی ڕژێمی بەعسەوە تا پرۆسەی ئەنتیگراسیۆن، سووریا لە نێوان هەڵە و مەترسیدایە، سەرکەوتنی ئەم قۆناغە بە ناسینی مافی گەلان، یەکسانی و مسۆگەری یاساییەوە بەستراوەتەوە.
ئەنتیگراسیۆن تەنها بە گفتوگۆ، متمانە و پاراستنی مافەکان دەتوانێت ببێتە هەنگاوێک بەرەو ئاشتی، پشتگوێخستنی مافەکانی گەلی کورد و دەستکەوتەکانی ژنان کێشە بنەڕەتییەکان بێ چارەسەر دەهێڵێتەوە.
پێویستە حکومەتی کاتی، نەک تەنها دەزگاکان یەک بخات، بەڵکو لە هەمان کاتدا دەوڵەتێک لەسەر بنەمای دادپەروەری، یەکسانی و بەشداری هەموو پێکهاتەکان بونیاد بنێت، ژنانیش پێویستە دوای ١٥ ساڵی تێکۆشان لە دەستوور، بەڕێوەبەرایەتی و بڕیارداندا خاوەن ڕۆڵێکی بنەڕەتی بن.
سووریایەکی دیموکراتیک بەبێ پاراستنی مافی گەلان، بەشداری ژنان و مسۆگەری دەستووری بونیاد نادرێت، پێوەری سەرکەوتنی ئەنتیگراسیۆنیش مسۆگەرکردنی ئاشتی، دادپەروەری و ژیانێکی بەڕێزە بۆ هەموو پێکهاتەکان.