لەئەگەری سەرکەوتنی سەدریەکان، عێراق دەبێتە جمهوریەتێکی ئیسلامی

بڵێسە جەبار فەرمان – ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق

 

لەدوای روخانی رژێمی پێشوو ئینجا سەرکەوتنی شیعەکان بۆ سەر کورسی دەسەڵات، کێشەی نێوان سەرکردەکانی شیعە رۆژ بە رۆژ روو لە زیاد بوونە، لە جەوھەردا شەرەکەیان لەسەر سەرمایە کۆکردنەوە و دەسەڵات و نفوزە و بەرگی شیعەگەرایی و دین و مەزھەبیان کردووە بە بەریدا.

 

نوری مالکی یەکێک لە ئەستێرە سیاسیە دیارەکانی شیعە بوو، ساڵانێکە تیشکی روو لە کزبوونە.

لە سەردەمی نوری مالکی دا زۆرترین تەقینەوە و وێرانکاری ھەبوو کە بە هەزارەها ھاوڵاتی تێیدا بوون بە قوربانی، ئەمە بێجگە لە لەدەستدانی نیوەی خاکی عێراق بە رێکخراوی تێرۆریستی داعش و شکانی شکۆی حکومەت و سوپای عیراقی. گەندەڵیش لەسەردەمی ئەو زۆر زۆر بوو.

 

یەکێکی تر لە سەرکردە شیعەکان مقتەدا سەدرە، کە ئەستەمە بتوانرێت پرۆفایلی بۆ دروست بکرێت، زۆرێک لەو بڕوایەدان کە کەسێکە، قوڵایی سیاسی نیە و ئاستی خوێندەواری نزمە و تەنانەت لە ئاین و مەزھەبدا زۆر قوڵ نەبۆتەوەو زانیاری نیە.

 

ئەم سەرکردەیە کە بە "دروستکەری پاشاکان" ناو دەبرێت "صناع الملوك"، ڕاو بۆچوونی خۆی زوو زوو دەگۆڕێت. لە لایەک سەرۆک وەزیران و زۆربەی وەزیرەکانی کابینەی حکومەت دەستنیشان ئەکات و لە حکومەتدا بەژدارە و لە لایەکی ترەوە خۆی وەکو ئۆپۆزسیۆن پیشان ئەدات. ھەرکات وەزیرکانی گەندەڵکار دەرچوون و دەسەڵاتی خۆیان خراپ بەکارھێنا ئەوا خۆی لێیان بێبەری دەکات، وەک ئەوەی سەر بە رەوتەکەی ئەو نەبن.

 

داوا دەکات دەسەڵاتی یاسایی بەرزترین دەسەڵات بێت و خۆی دەسەڵاتی یاسای تایبەت بە خۆی ھەیە. داوا دەکات چەک تەنھا بەدەست حکومەتەوە بێت و خۆی خاوەنی ھێزێکی بەھێزی چەکداریە. سەرایە سەلام و جەیشی مەهدی و هی تریشی هەیە.

 

دوای بەژداری کردنی لە نوێژی جمعەی ملیۆنی لە ٢٧/١٠/٢٠٢٠ لەشاری بەغداد و ھەوڵدانی بۆ یەکخستنەوەی ماڵی شیعی کە ئاماژە بوون بۆ ئاڵوگۆرێگی ریشەیی لە بۆچونی مقتدادا و ھەوڵدانی بۆ گەیشتن بە کورسی دەسەڵات و حوکم کردنی راستەوخۆی عێراق ئەویش بە دانیشتنە لەسەر کورسی سەرۆک وەزیران.

 

ساڵانێکە لە دوای دەسەڵاتی مالیکیەوە سەرۆک وەزیرانەکان ناراستەوخۆ لە ژێر فەرمانی سەدردا بوون، بەڵام پێدەچوو کە چیتر نەیەوێت ناراستەوخۆ فەرمان ڕەوایی بکات و دەیویست بۆ کابینەی داھاتووی عێراق راستەوخۆ خۆی لەسەر کورسی دەسەڵات دابنیشێت، گەر بێت و بەراوردێکی وردی بۆچونەکان و ھەڵسوکەوتی پڕ لە ھەڵچوون و داچوونی ئەم سەرکردەیە بکەین دەبینین کە عێراق بەرەو ئایندەیەکی نادیار ھەنگاو دەنێت.

 

بۆ گەیشتنی بە پۆستی سەرۆک وەزیران پێویستی بە زۆرترین کورسی پەرلەمانی ھەیە و بۆ ئەم مەبەستەش ژیرانە ھەنگاوی ناوە لە ڕێگای ھەموارکردنەوەی یاسای ھەڵبژاردن و دیاری کردنی سنوری بازنەکان لە بەرژەوەندی خۆی بۆ بەدەست ھێنانی زیاتر لە ١٠٠ کورسی پەرلەمانی ھەروەک چۆن تا چەند مانگێک پێش ئیستا بانگەشەی بۆ دەکرد.

 

ئاماژە و ھەنگاوەکانی بریتی بوون لە:

- ھەبوونی جەماوەرێکی زۆری سەر بە رەوتی سەدر کە توانی بەھۆیانەوە زۆرترین کورسی پەلەمانی بەدەست بھێنێت لە ھەڵبژاردنەکانی ٢٠١٨.

- کاریگەری ماکینە ئیعلامیەکەی کە دابەشکرابوون بەسەر چەندەھا بازنەدا.

- چڕی نیشتەجێ بوونی جەماوەری سەدر لە پارێزگای بغداد کە ٦٩ کاندید لە خۆداگرێت لە ١٧ بازنەیە. و لە بەرانبەر جەماوەری لایەنەکانی تری شیعی دابەش و پەرتەوازە بوون بەسەر بازنەی ھەڵبژاردنەکان دا.

 

- زاڵ بوونی سەرایا  سەلامی باڵی چەکداری سەدر لە بەشێکی زۆری پارێزگای بەغداد دا بە تایبەتی لە ناوچەی رصافە کە ٩ بازنەی هەڵبژاردن لە خۆ دەگرێت.

- زۆری لایەنگرانی سەدر لە نوسینگەکانی کۆمیسیۆنی ھەڵبژاردنەکان.

- پێشبینی کردنی کەمی بەژداری کردنی دەنگدەران بە شێوەیەکی گشتی و زیاتر و بە بەرنامە بەژداری کردنی لایەنگرانی سەدر لە پرۆسەی دەنگدان کە دەبێتە ھۆی زیاتر بەدەستھێنانی کورسی پەرلەمانی.

- نەبوونی رکابەرێکی بەقوەت و رکابەریکردنی سەدر لەسەر بوون بە ھێزی یەکەم.

 

بێگومان لەبەرانبەر ئەمانەشدا ھەندێک کێشە لەبەردەم تموحی نوێی مقتەدا بەدی دەکرێت، لەدوای کوژرانی قاسمی سلیمانی و ابو مھدی مھندس، مقتەدا ھەوڵیدا ببێت بە پێشرەوی مقاوەمەی عێراقی دژ بە ھێزی چەکداری ئەمریکا بۆ بەدەستھێنانی پاڵپشتی ئێران. ھەربۆیە کەوتە سەرکوتکردنی خۆپیشاندەران و دژایەتی کردنیان و ناوھێنانیان بە کۆمەڵێک گەنجی بێ هۆشیاریی سیاسی و بێ توانای گۆرانکاری و ناشرین کردنی ناوبانگی شۆرشگێران و چاکسازان و دین و مزھەب بە ھاوکاری دەستی دەرەکی و ھەندێک کەسایەتی ناوخۆیی

 

"ثلة صبيان لا وعي لهم ولا ورع تحاول … تشويه سمعة الثوار والإصلاح والدين والمذهب مدعومة من قوى الشر الخارجية ومن بعض الشخصيات في الداخل"

مقتدی ھەرزوو خۆی کرد بە پێشرەوی شیعەکان و لە تویتێکدا لە مانگی ١٢ی ٢٠٢٠ بانگەشەی یەکخستنی بەیتی شیعی کرد و واژو کردنی دوو پەیمان.

 

یەکێکیان پەیمانی شەرەفی عقائدی شیعی و ئەوەی تریان سیاسی.

ئەمەش بووە ھۆی توڕە کردنی شەقامی عێراقی و خۆپیشاندەران و ناوھێنانی مقتەدا وەکو کەسێکی تایەفی و دژ بە عێراقی فیدرال و ھەر زوو دروشم و شیعاراتی بەیتی عێراقی لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە لە گۆرەپانەکان بەرز کرانەوە. ئەمەش بووە ھۆی لەدەستدانی ئەو پێگە نەتەوەییە عیراقیەی ساڵانێکە مقتەدا کاری بۆ دەکرد و لەبەرانبەردا ناوھێنانی وەکو کەسێکی تایەفەگەر، ھیچ کام لە حزبە شیعیەکان بەدەم داواکاریەکەی مقتداوە نەچوون و ئامادەی واژوو کردنی ھیچ پەیمانێک نەبوون.

 

لەگەڵ دەستپێکی وەرزی گەرما و نەبوونی کارەباو بڵاو بوونەوەی گەندەڵیەکی زۆر لە وەزارەتی کارەبای سەر بە رەوتی سەدر و ئاگر کەوتنەوە لە چەند نەخۆشخانەیەکی سەر بە وەزارەتی تەندروستی سەر بە رەوتی سەدر بوونە ھۆی تورە بوونی شەقامی عێراقی لەو رەوتە، ئەم پێشھاتانە بونەتە ھۆی ئەوەی مقتدی بە پلان و خواستی خۆی دا بچێتەوە.

 

لە ترسی بەدەست نەھێنانی ئەو ژمارە کورسیانەی داینابوو بەدەستی بھێنێت و دواتریش بەدەست نەھێنانی کورسی سەرۆک وەزیران و لە ترسی تۆڵە سەندنەوەی شەقام لەو جوڵانەی ئەم چەند مانگەی رابردوو، ئیعلانی بەژداری نەکردنی دا لە ھەڵبژاردنەکان، ھەرچەندە تا رۆژی ئەمرۆ بە شێوەیەکی فەرمی نوسراوی ئاراستەی کۆمیسیونی ھەڵبژاردنەکان نەکردوە، کە ئەمەش لە خۆیدا جێی گومانە و بە تاکتیکێک ئەژمار دەکرێت بۆ دووبارە ئاشت بوونەوەی لەگەل رەوتی خۆپیشاندەرانی تشرین.

 

لە ئەگەری بردنەوەی لە ھەڵبژاردنەکان بێگومان ئاڵوگوری گەورە لە سیاسەت و یاساکانی عیراقدا دەکات و وڵات زیاتر بەرەو بوونی بە جمھوریەکی اسلامی شیعەیی دەبات، سەدر ئەگەر هەڵبژاردن بباتەوە عیراق دەبێتە کۆماری ئیسلامی عیراق.

 

ت.پ