لێرەوە دۆڕان دەستپێدەکات

ڕەهێڵ تەڵعەت دزەیی- شارەزایی پەروەردە

 

سوقڕات دراوسێیەکی دکتۆری هەبوو، ئەو دراوسێیەی ناڕەزایی دەربڕی لەسەر بڕیاری پاشا بە ناونانی سوقڕات بە دکتۆری یەکەم، پاشا لێی پرسی بە کام شێوە دەتوانێت بیسەلمێنیت کە تۆ شایستەتریت بۆ ئەم نازناوە!.

دکتۆرەکە گووتی: من ژەهرخواردی دەکەم و ئەویش ژەهرخواردم بکات، کامەمان توانی چارەسەری خۆی بکات ئەومان شایستەی نازناوەکەین.

سوقڕات ڕازی بوو، پاشا چل ڕۆژی پێدان بۆ خۆ ئامادەکردن.

سوقڕات سێ پیاوی بەهێز بانگکرد و فەرمانی پێکردن کە تەشتێک بێنن و ئاوی تێبکەن و بۆ ماوەی چل ڕۆژ ئاوەکە بکوتن و دکتۆری دراوسێ گوێی لە دەنگی کوتانەکە ببێت.

ڕۆژی ڕووبەڕووبوونەکە سوقڕات ژەهری دراوسێکەی خواردەوە و ڕەنگی زەردهەڵگەڕا و تایهاتێ، بەڵام دوای یەک کاتژمێر توانی خۆی چاک بکاتەوە، دواتر سوقڕات شوشەیەک لەو ئاوەی کە بۆ ماوەی چل ڕۆژ پیاوەکانی دەیانکوتا و دکتۆری دراوسێی گویی لێدەبوو، دایە دەست دکتۆری بۆ ئەوەی بیخواتەوە، هەر لەگەڵ خواردنەوەی یەکسەر دکتۆر مرد!

سوقڕات ڕووی لە پاشا کرد و گووتی: هیچ ژەهرێکم پێینەداوە، بەڵکو ئاوێکی پاک و سازگار بوو، بۆ ئەوەی بیسەلمێنم ئێستا لە پێش چاوت دەیخۆمەوە، من نەمکوشت ئەوەی کوشتی تەنها ترس و دڵەڕاوکی خۆی بوو!.

ئەوە پێمان دەڵێت کە تەنها ترس و دڵەڕاوکی و باوەڕ بەخۆنەبوون وات لێدەکات بدۆڕێت و شکەست بهێنیت.

زانست پێمان دەڵێت کە مامز بە تیژی نەوەت کیلۆمەتر لە کاتژمێرەک ڕادەکات، لە بەرامبەرە شێر تەنها بە تیژی پەنجاو هەشت کیلۆمەتر لە کاتژمێرەک ڕادەکات لەگەڵ ئەوەش هەردەم شێر زاڵ دەبیت و مامز دەبێتە خواردنێکی بەلەزەتی مام شێر.

ئەو مامزانەی دەبنە خواردنی بەلەزەتی شێر ئەو مامزانەن کە ترسێکی زۆر زاڵ بووە بەسەریان.

ئەو نمونانە پێمان دەڵێن کە دۆڕان لە ناخی خۆمان دەست پێدەکات، نەک بەهێز و توانای بەرامبەرەکەمان. کە باوەڕ و متمانەت بەخۆ هەبێت ڕێگای سەرکەوتن ئاسا دەبێت.