لەدوای باران فەرەنجیم بۆچییە؟

خەدیجە عەبدولجەبار

 

ساڵانە بەهۆی بێ پلانی لە خزمەتکردنی باخچە و بلوارەکان و سەوزایی و پارکەکان، بەشێکی زۆر لەدار و درەخت و گوڵ و چیمەنی باخچە و پارکەکان لەناودەچن ..

دوای نزیکەی ٨٠ ڕۆژ لە بڕیاری سەرۆکی حکومەت بۆ تەرخانکردنی بڕی (٤٥٣٧٤٥٤٠٠٠) چوار ملیارو  پێنج سەد و سی و حەوت ملیۆن و چوار سەد و پەنجاو چوار هەزار دینار بۆ ئاودێری باخچە و بلوارەکانی سلێمانی، تا ئێستا کە بەرەو وەرزی پایز دەڕۆین ئەو پارەیە نەگەیشتووە تا پرۆسەی تەندەرینی بۆ بکرێت و شوێنی خۆی بگرێت !!!

 

دوای ئەوەی بەشێکی زۆری سەوزاییەکان لەناوچوون وەک دەووترێ ( لەدوای باران فەرەنجیم بۆچیە!!)، ئاخر دەسەڵاتی خەرجکردنی بودجەی خزمەتگوزاری سەوزایی بۆ دەبێت لە دەسەڵاتی مەرکەزی بێت ؟

 

چۆن دەبێت لە وەرزی هاویندا پرۆسەی تەندەرین بۆ خزمەتکردن و ئیدارەدانی سەوزاییەکان ئەنجام بدرێت؟ لە سەرەتای هەموو بەهارێک و کۆتایی زستان هەڵمەتی سەوزکردن و چاڵێنج کردنی بەرپرسان دەستپێدەکات بۆ ڕواندنی دار و درەخت، ئایا نابێت پێش ئەوە بیر لەوە بکەنەوە بە چ سیستمێکی ئاودێری و بە چ ئاوێک ئاودێری دەکەن ؟

 

 چ جۆرە درەختێک دەڕوێنن کە لەگەڵ کەشوهەوای ناوچەکە و سیمای کوردستانی بوونماندا دەگونجێت؟ ئایا بەڕواندنی داری واشنتنی شارەکانمان دەبنە شارەکانی ئەمەریکا؟ ئەی بۆچی دار قەزوان و دارتوو و دار ئەرخەوان و دار زەیتوون ناڕوێنن کە تێچووی کەمتر و لەبارترە بۆ کەشوهەوای شارەکانمان ؟

 

 لە لایەکی ترەوە لە هەموو دونیا  ئەو ئاوەی بۆ ئاودانی سەوزایی بەکاردەهێنرێت جیاوازە لەو ئاوەی بۆ خواردنەوە بەکاردێت، لە سایەی حکومەتێکی شکستخواردوو، گەندەڵیەکی بێ شوماری ڕێکخراو، بەرپرسانێکی تێرنەخۆر لەهەڵپەی خۆ دەوڵەمەندکردن و خەڵک هەژارخستن، لە بێ پلانی و بێ ئیدارەیی لە پارێزگاریکردن لە سەرچاوەکانی ئاو و سود وەرنەگرتن لە تەکنەلۆجیای وێستگەکانی چارەسەرکردنی ئاوەرۆ و گلدانەوەی ئاوی باران و بەهەدەردان بەهۆی سیستمی سەقەتی دابەشکردن، کەوتووینەتە دۆخێکەوە نەک سەوزایی، بەڵکو خەڵکی پایتەخت لە تینواندا وا دەخنکێن !

با بزانین ئەو شەمەندەفەرەی پارەی ئاودانی بلوارەکانی سلێمانی هەڵگرتووە کەی دەگاتە جێ ؟!