لەبارەی سیخوڕەکانەوە!

بێریڤان محەمەد - ڕۆژنامەنووس

چەند رۆژێکە دادگاییکردنی دوو  سیخوڕ کە بەگوێرەی دانپێدانانیان دەستیان لە تاوانی شەهیدکردنی چوار  شۆڕشگێڕدا هەبوە، بۆتە رۆژەڤی سەرەکی میدیا و تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان.

هەموو لایەک نەفرەتیان لێ دەکەن و یەک دەڵێت دەبێ لەسێدارەیان بدەن، یەکێک دەڵێ دەبێت  هەڵواسرێن و بکرێنە عیبرەت..هتد، ئەم کاردانەوانەش  جێگەی ئومێدن و خۆشحاڵین و نیشانەی توڕەیی و دژایەتیە بۆ خیانەت و خیانەت کاران.

بەڵام ئایا لەخۆمان پرسیوە  چین ئەو هۆکارانەی ئەم تاوانبارانە و دەیانی تر دەکاتە تاوانبار و  سیخوڕ،!

ئایا بە لەناوبردنی ئەم سیخوڕانە کۆتایی بەو خەتە سیخورێتیە دێت کە لە هەرێمی کوردستان لەلایەن میت- پاراستنەوە پێش کەوتوە؟

ئایا ئەو تۆڕە سیخوریانە کێ دروستی کردوون و کێ  سەرپەرشتیان دەکات؟

راستە لە مێژووی بزوتنەوەی ئازادیخوازی گەلی کوردا  و گەلانی تریشدا سیخوڕیتی و خیانەت بەڵای سەری گەلان بوون بەتایبەت بونەتە کرمی خۆخۆری ناو جەستەی گەلی کورد.

 

بەڵام ئێستا خەتی خیانەت و سیخوڕی لە باشوری کوردستان کە دەزگای سیخوری میتی تورک بەهاوکاری  هەندێ دەزگای تر بەتایبەت پاراستن  بەڕێوەی دەبەن، زۆر لەو جینۆساید و کۆمەڵکوژیانە مەترسیدارترە کە لەرابردودا گەلەکەمان روبەرووی بۆتەوە.

 

چەند ساڵێک بەرلەئێستا ئاشکرابوو کە لە چەندین شاروشارۆچکە تۆڕی سیخوێتی گرێدراو بەمیت دروستکراوە و  بەسەدان تۆریان دروست کردوە و بەئاشکرا خەڵک ناونووس دەکەن لەبەرامبەر بە بڕێک پارە سیخورێتیان بۆ بکەن.

 

ئەوکاتەش ئێمە باسی گەورەیی ئەو مەترسیەمان کرد، دواتریش  نەک تەنیا ئەندامانی تەڤگەری ئازادی، تەنانەت پارێزە و رۆژنامەوان و دەیان  وڵاتپارێزەکان لەلایەن تۆرە سیخوریەکانەوە روبەرووی هەرەشەی مەترسیدار دەکرانە،  کە یان دەبێ سیخورێتیان بۆ بکەن یان ژیانی خۆیان و ماڵ و منداڵیان دەکەوێتە مەترسیەوە.

 

ئاشکرایە مەترسیەکانی ئەم هێرشە سیخوڕیانە تەنیا پارتێک یان کۆمەڵێ چالاکوان و شۆڕشگێڕ نین بەڵکوو یەک بەیەکی مرۆڤە ئازادیخواز و بەکەرامەتەکانی ئەم گەلەیە، تەنانەت  مەترسی لەسەر ئێستا و ئایندەی هەموو کۆمەڵگەی کوردیە.

 

ئەو پەیوەندیانەی لەنێوان حزبەکانی باشور و دەوڵەتی تورک لەرابردوو پێش کەوتوون زۆرێنەی لەسەر بناغەی هەواڵگری و پێدانی زانیاریە لەسەر تەڤگەری شۆڕشگێڕی پەکەکە و شۆڕشگێرەکانی، بەجۆرێ زۆر بێ شەرمانە سەرۆک و بەرپرسانی ئەم پارتانە شانازیان بەو بەکرێگیراوێتیە کردوە.

 

سیخورێتی و خیانەت سیستەماتیک هەرگیز هێندەی ئێستا قوڵ و فراوان خۆی رێکنەخستوە و رێگای بۆ خۆشنەکراوە.

لەلایەک ئینتیمای نەتەوەیی و نیشتیمانی دەکوژن و لەلایەکی تریش ئەو کەسانەی بۆشایی فکری یان کێشەی مادیان هەیە پەلکێشیان دەکەن  بۆ خیانەت و سیخورێتی.

 

گەر ئێمە ئەو هێڵی خیانەت و سیخوڕێتیەی لە باشوری کوردستان پێشدەخرێت باش نەناسین و روبەرووی نەبینەوە ، خیانەت لە رەگەوە دژایەتی نەکەین ناتوانین سیخورەکان لەناو ببەین.

 

دەبێ لەپاش ساخبونەوەی تاوانەکەیان ئەم دووسیخورە دادگایی ئاشکرا بکرێن و بەسزای توندی خۆیان بگەن،  بەڵام گرنگە هەموو سوربین لەسەر ئەوانەی لەسەرو ئەم دوو تاوانبارەوە هەن ئاشکرا بکرێن، تۆڕە سیخوریەکان ئاشکرابکرێن و سزابدرێن، ئاگری ئەو تورەییە ببێتە بڵێسەی ئاگرێک کە ختانەتکارە گەورەکانیش بگرێتەوە.

 

هزری خیانەتکار، پارت و رێکخراو وسەرکردە، هەڵوێست و کردەوە و خەتی خیانەتکاری بەگشتی ئاشکرا  بکات و بسوتێێت، بەم جۆرە خیانەت لەناو دەچێت.

 

پێویستە لەرەگەوە کۆتایی بەو بزنسە بێنێ کەلەسەر خوێنی شۆڕشگێڕان دەکرێت و خەون و ئایندەی ئەم گەلە هەرزان فرۆش دەکات و لەسەر سینی زێرین پێشکەشی داگیرکارانی دەکات.