لە یادی ١١٣ساڵەی لەدایکبوونی سیمۆن دێ بۆڤواردا

وەرگێڕان - گەلان جەبار

کتێبی "ڕەگەزی دووەم"ی سیمۆن دێ بۆڤوارد، یەکەمجار لە ساڵی ١٩٤٩دا لە دوو بەرگدا بڵاوکرایەوە، یەکێکیشە لە کارە هەرە کاریگەرەکان لە بارەی فێمینیزمی بوونگەرا

 

 ئەمڕۆ٩ی کانوونی دووەم ساڵیادی لە دایک بوونی سیمۆن دێ بۆڤوار نووسەر و فەیلەسوفی بوونگەرا، فێمینیست و چالاکوانی سیاسی فەڕەنسییە، لە یادی ١١٣ ساڵەی لە دایکبوونی سیمۆن دی بۆڤواردا، سەیرێکی بەشێک لەو چەمکە گرنگانە دەکەین کە سیمۆن لە کتێبە مەزنەکەی خۆی، "ڕەگەزی دووەم" (Le Deuxième Sexe)دا، خستوویەتیە ڕوو و چاوێکیش بە پەیوەندی ئەم چەمکانە بە ئەمڕۆوە دەخشێنین.

 ئەم کتێبە یەکەمجار لە ساڵی 1949دا لە دوو بەرگدا بڵاوکرایەوە، یەکێکیشە لە کارە هەرە کاریگەرەکان لە بارەی فێمینیزمی بوونگەرا. کتێبی ڕەگەزی دووەم بۆ چەندین زمان وەرگێڕدراوە و چەندان جاریش چاپکراوەتەوە، یەکەم سەرکەوتنی "ڕەگەزی دووەم" بریتییە لە نیشاندانی ئەوەی کە چۆن جیهان بە نابەدڵی و بوغزەوە بوونی ژنانیان قبوڵکردووە، دواتر سیمۆن دی بۆڤوار دەڵێت کە ئێستا، مادام شتێکی حەتمییە ژنان هەر دەبێت هەبن، ئەوا پێویستە ڕووبەڕووی ئەم پرسیارە ببینەوە کە "ژن چییە؟" (what is a woman?).

بۆڤوار لە نزیکەی هەزار لاپەڕە و شەرحێکی دوو بەرگی لەبارەی ژنانەوە وەک بوونەوەرە پەیوەندیگەراکان، وەک "ئەویتر"، وەک کەسانێک کە خۆبەس نین، درێژە بە تاوتوێکردنی ئەم پرسیارە دەدات، ئەو شرۆڤە بایەخدارەی لەم کتێبەدا هەیە، ڕێگەی بۆ نەوەیەکی تەواوی ژنان خۆشکرد بۆ ئەوەی جیاوازتر بیربکەنەوە و قسەی خۆیان دەرببڕن، هەروەها زیاتریش لەسەر بیرۆکەکانی سیمۆن دێ بۆڤوار چەمکاندن بکەن.

"ژن وەک ژن لەدایک نابێت، بەڵکو دەبێتە ژن"

لە کڕۆکی نووسینەکەی سیمۆن دی بۆڤواردا ئەم بیرۆکە بوونگەرایە هەیه: پیاو وەک خودێکی باڵادەست و ژن وەک ئەویترێکی بەشتکراو (و بەکاڵاکراو)، هەروەها ئەو ململانێ و نایەکسانییانەی کە بە هۆی چەمکاندنێکی لەم چەشنەوە سەرهەڵدەدەن، "ژن وەک ژن لەدایک نابێت، بەڵکو دەبێتە ژن". دی بۆڤوار زیاتریش جەخت لەسەر غیابی ڕابردوو یان مێژوویەکی هاوبەش و ئاینێکی تایبەت بە خۆیان لای ژنان دەکاتەوە، کە ئەمەش ئەوانی لە یەکگرتن دژی ئەم تێگەیشتنە پەکخستبوو، لە کاتێکدا تیۆریزەکردنی فێمینیستانە چووەتە ئەودیوی بوونگەراییەوە، ئەم کتێبەی دی بۆڤوار و بەشێوەیەکی سەرەکی تواناکەی لە ڕەخنەگرتن لە تیۆریزەکردنی دەرونشیکارانە لە بارەی جێندەر، بناغەی گەلێک نووسینی کاریگەر بوو لە دواتردا، بۆنمونە، پەنهانێتیی ژنانە (Feminine Mystique)ی بێتی فریدان، سیاسەتی ڕەگەزی (سێکسواڵ)ی کەیت میلێت و خەساندنی مێینە (The Female Eunuch)ی جێرمەین گریەر، هەروەها لە دواتریشدا ڕێگەی خۆشکرد بۆ تێگەیشتنێکی زۆر جیاوازتر لە سێکس و جێندەر لەلایەن جودێت باتلەر.

 گەرچی ئەمە شەپۆلی دووەمی بزووتنەوەی ژنانە، بەڵام هێشتاش زۆربەی ئایدیاکانی دی بۆڤوار سەرتاپا پەیوەندارن، ڕەنگە لەم پێنچ دەیەیەی دواییدا، پێگەی یاسایی ژنان تاڕادەیەکی یەکسان پەرەی سەندبێت، بەڵام نابێت ئەوەش پشتگوێ بخرێت کە چۆن دەست ڕاگەیشتن بە یاسا لە لایەن ئەو سیستەمە توندئاژۆ دینیـیانەی کە پیاوان ئافراندوویانە، قەدەغەکراوە. ئەو پرسیارانەی دی بۆڤوار خستونیەتەڕوو وەکو "بەڵام ئایا تەنها گۆڕینی یاساکان، دامەزراوەکان، نەریتەکان، بیڕوڕای گشتی و تێکڕای کۆنتێکست و بەستێنی کۆمەڵایەتی بەسە بۆ ئەوەی پیاوان و ژنان بەڕاستی یەکسانـبن؟"، تاوەکو ئێستاش هەر پرسیاری ئاڵۆزن.

 وتە بەناوبانگەکەی سیمۆن لە کتێبی ڕەگەزی دووەم کە زۆر قسە و مشتومڕی لەبارەی کراوە ئەوەیە "ژن وەک ژن لەدایک نابێت، بەڵکو دەبێتە ژن". دی بۆڤوار بەهۆی ئەم وتەیەیەوە سێکس و جێندەر لەیەکتر جیادەکاتەوە، و ئەم جیاکردنەوەش بنچینەی زۆرێک لە نووسینەکانی فێمینستەکانە. ئەم جیاکردنەوەیە بوو بە تاکە ئەرگۆمێنتی گرنگ و بنجبڕی فێمینیستی دژی بایۆلۆژیا، زۆرجاریش لە دیبەیتە فێمینیستییەکاندا دووپاتکراوەتەوە.

 

ژن وەک ئەویتر (woman as the other)

تێگەیشتنی دی بۆڤوار لە جێندەر وەک درووستکراوێکی کۆمەڵایەتی، یەکێک لە باوەڕە بنچینەییەکانی فێمینیزم پێکدەهێنێت. لەکاتێکدا سێکس و جێندەر جیان بەڵام هێشتاش هەر بە پەیوەست و پەیوەندار سەیردەکرێن. جودێت باتلەر، بەر مەبنای کتێبی ڕەگەزی دووەم، زیاتر لە پەیوەندیی نێوان سێکس و جێندەری کۆڵیەوە، ئەو ڕادەیە لە بژاردەی کە کەسێک هەیەتی بۆ ئەوەی "ببێتە" جێندەرێکی دیاریکراو خستە ژێر پرسیارەوە. ئەمەش پتر ڕێگەی لە بەردەم چەند تیۆریزەکزدنێکی گرنگی تر ئاوەڵا کرد لەبارەی پەیوەندیەکانی سێکس- جێندەر، و سێکسواڵیتە. هیچ ئیمکانێک لە ئارادانییە نییە کە بتوانین وا بە کورتی ئەو کاریگەرییە گەورەیەی کتێبی ڕەگەزی دووەم لەسەر چەند نەوەیەکی فێمینیستەکان هەیبووە، بخەینەڕوو. بەر مەبنای دوو تێگە و کۆنسێپشنی گرینگ، واتە ژن وەک ئەویتر (woman as the other) ، و جێندەر وەک درووستکراوێکی کۆمەڵایەتی، سیمۆن دی بۆڤوار پتر پەردە لەسەر هۆکارەکانی پشت ئەو واقیعە هەڵدەداتەوە کە ژنان تێیدا ژیاون.

دی بۆڤوار ئەوە ڕووندەکاتەوە کە چۆن بەهۆی کردنی ژنان بە ئەویتر و پلە دوو لە بەرامبەر پیاواندا، جۆرە ڕاز و لوغزێکیان لە ژنان ئاڵاندووە، ئەمەش ئەوانی زیاتر لە هێز و بکەرێتی (agency) داماڵیووە، دی بۆڤوار دەنوسێت: "ژن قوربانی هیچ قەزا و قەدەرێکی لوغزاوی نییە؛ ئەو تایبەتمەندییانەی کە ئەو وەک ژنێک پێناسە دەکەن، گرینگی خۆیان لەو دەلالەتە وەردەگرن کە خراوەتە سەریان، ئەم تایبەتمەندییە سەپێنراوانە دەکرێت لە داهاتوودا تێکبشکێنرێن، واتە ئەو کاتەی لە گۆشە نیگا گەلێکی نوێوە سەیردەکرێن، بەم جۆرە، وەک ئەوەی بینیومانە، ژنان لە میانەی ئەزموونە ئیرۆتیکییەکانیاندا هەست بە باڵادەستی و زاڵێتی نێرینە دەکەن، هەروەها زۆرجاریش ڕقیان لەم زاڵێیتییە؛ بەڵام ئەمە هۆکار نییە تاوەکو ئەو دەرەنجامە هەڵبهێنجین کە ئەوە هێلکەدانێتی وا ژن مەحکوم دەکات بۆ هەمیشە ملکەچانە لەسەر ئەژنۆکانی بژی". [بە دەربڕینێکی تر، دەبێت لە هۆکارە کۆمەڵایەتییەکان نەک بایۆلۆژییەکاندا بەدوای سەرچاوەکانی چەوساندنەوەی ژناندا بگەڕێین؛ لە پەیوەندییەکان نەک هێلکەدان و سووڕی مانگانەدا].

وەک ژنێک، "ڕەگەزی دووەم" یارمەتی وەڵامدانەوەی زۆرێک لە پرسیارەکان لە بارەی یەکسانی و ئازادی بە شێوازێکی قووڵ دەدات، لەگەڵ هەموو خوێندنەوەیەکیدا، ئەم کتێبە لەگەڵ خۆیدا بەرەو گەشتێکی شەخسی جیاوازت دەبات، ئەگەرچی ڕەنگە کۆتایی گەڕانە ئاڵۆزەکەت نەبێت، بەڵام بە دڵنیاییەوە ئاڵۆزتری دەکات.