لە ساڵیادی شاڵاوەکانی ئەنفال..

عەدالەت عومەر

 

بەیانی ١٤/٤ رۆژی یادەوەری شاڵاوەکانی ئەنفالە لەو رۆژە سەختترین وێرانکاری و تاڵان و زۆرترین کەس بێسەروشوێنکران کە لە شاڵاوی ئەنفالی سێیەم لە گەرمیان بوو..

جینۆسایدی ئەنفال لە مانگی شۆباتی ١٩٨٨ تاکو ٦ ئەیلولی ١٩٨٨ لە سەرتاسەری کوردستان بێ جیاوازی ئایین و رەگەزو تەمەن دژی نەتەوەی کورد لە لایەن رژێمی بەعسی رووخاو ئەنجامدرا.

 

بە کورتی جینۆسایدی ئەنفال:

• ئەنفال جینۆسایدی نەتەوەیەک بوو و سرینەوەی شوناس و پاکتاوی رەگەزی بوو.

• ئەنفال تێکدان و شێواندنی کلتور و زمان و ئەدەب و فەرهەنگ بوو.

• ئەنفال بۆ هەڵتەکاندنی ژێرخان و سەرخانی ئابووری و کشتوکاڵی و ئاژەڵداری و وشک کردنی کانیاوەکان و سوتاندنی رەز و باخ و خاپوورکردنی خانووبەرە.

• ئەنفال پەیرەو کردنی سیاسەتی خاک سوتاندن بوو.

• ئەنفال جیاکردنەوەی نێر ومێ، پیر و گەنج، دایک و منداڵ و هەڵوەشاندنەوە و لێکترازانی خیزان و سوکایەتی بە رەوشت کەرامەتی مرۆڤەکان بوو.

• ئەنفال تەنها کوشتن و بێ رۆح کردنی مرۆڤەکان نەبوو بەڵکو پێشلکارییەکی زەق لە دژی مرۆڤایەتی بوو بە بەرچاوی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و لە بێدەنگی ئەوان هەزاران مرۆڤی سێڤیل بە هەزاران هیوا و ئاوات کوژران.

ئەنفال ئۆردوگا وکۆمەڵگای زۆرەملێ و کەمپ و قەڵای سەربازی و زیندان بوو وەکو سەربازگەی تۆپزاوا و دوبز و قەڵای نوگرە سەلمان و نزارکێ و زیندانی سەلامیە و چەمچەماڵ و... کە بەدەست رژێمی بەعسی رووخاو بەپێی پیلان و بەرنامەیەکی سیاسی و ستراتیژی و سەربازی و کارگێری تۆکمە بە ۸ قۆناغ لە ساڵی ۱۹۸۸ لە سەرتاسەری کوردستان بە بێ گوێدان بە ئایین و رەگەز و تەمەن ئەنجامدراو لە ئەنجامدا بووە هۆی:

• بێسەروشوێن بوونی۱۸۲٠٠٠ مرۆڤی بێتاوان کە چارەنووسیان لەناو گۆرە بەكۆمەڵەکان بە دیار کەوت.

• خاپوورکردنی٤٥٠٠ گوند.

• لە ناو بردن و رفاندنی٥٠٠٠ سەر ئاژەل و رەشەوڵاخ.

• وێران کردنی ۱٠ مەڵبەندی کارگێری.

• کیمیاباران کردنی ۲۸٥ ناوچە لە سەرتاسەری کوردستان.

• راگواستن و دەرکردنی بە زۆرملێی هەزاران کەس لەسەر بنەمای سیاسەتی بەعەرەبکردن.

• ئەنفال ترۆپەکی هەموو تاوانەکانە کە لە کۆتاییەکانی سەدەی بیستەم بەسەر گەلی کوردستان جێبەجئ کرا.

• دەیان تاوانی تر کە بە سەدان لێکۆلینەوە و کتێبی لەسەر نووسراوەتەوە؛ کە کاریگەرییەکانی تا ۱٠٠ ساڵی تر بەسەر کۆمەڵگا دەمینێتەوە.

• لە کۆی ۳٠۱ گۆری بە کۆمەڵی دۆزراوە لە عێراق ۸٠٪ تایبەتە بە کورد کە تا ئێستا سەریان هەڵنەدراوەتەوە.

لە ئەنفال هەموو جۆرەکانی جینۆساید دژی گەلەکەمان پەیرۆ کرا؛ جینۆسایدی فیزیکی و بایۆلۆجی و ئابووری و کلتوری.

 

رۆحی ئەنفالکراوان شاد و ئاسودە و یادیان بەخێر..