کوردستان؛ خاکی ژن و ئۆجالان؛ ڕزگارکەری ژن لە ئەقڵیەتی ژێردەستی ژنیش؛ داینەمۆی تێکۆشانی ڕزگاری نەتەوەیی
تەوار پێنجوێنی - ڕۆژنامەنووس

مێژووی کەوانی زاگرۆس-تۆرۆس، هاوئاوازی مێژووی ژنە لە کوردستاندا. ژنێک کە پێناسی دایک-ژنی بۆ کرا و لە شۆڕشی کشتوکاڵ و بە کۆمەڵگەبوونەوە، تا بە خوداوەندبوون و ڕابەرایەتی مرۆڤایەتییەوە، پێگە و ڕۆڵی هەبووە، وەک خاکەکەی بە ململانێی بوون و نەبوون، مانەوە و لەناوچوون و سەنگ داکووتاندا تێپەڕیوە، ئەمڕۆش بووەتە پێشەنگی ئازادی و ئاشتی و کۆتاییهێنان بە جەنگ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهاندا.
ڕێبەری گەلی کورد، عەبدوڵا ئۆجالان، کاتێک لە ساڵانی ١٩٧٠ەکاندا دەست بە تێکۆشان دەکات، لە کەسایەتی دایکە ئوەیشی دایکی، خوشکەکەی کە لە بری دانەوێڵە درا بە شوو و هاوڕێکەی کە لە یاریکردنی بەر دەرگاوە خرایە ناو پرۆسەی هاوسەرگیرییەوە، سوێندی ئەخلاقیی بۆ هەڵوەشاندنەوەی بوونی ژنی کۆیلەی هاوشانی داگیرکردنی گەلی کوردی خوارد و وەک دەشڵێت: "مێژووی پێنج هەزار ساڵە لەبەر ژن شیکار دەکەم".
هەڵسەنگاندنی مێژووی ژن، بە بارتەقای مێژووی شارستانییەتەکانە تا ئەمڕۆ؛ ڕێبەری گەلی کورد لەگەڵ دەستبردن بۆ دۆزی کورد، دووبارە پێناسەی ژنی کردەوە، ئاماژەی بەوەدا کە کێشەی ژن سەرچاوەی سەرجەم کێشەکانی دیکەیە، وە هەتا کێشەی ژن چارەسەر نەبێت و نەبنەوە بە خاوەنی پێناسە ڕاستەقینەکەیان مەحاڵە کێشەی کۆمەڵگە و سیستم چارەسەر ببێت، هەر بۆ ئەوەشە دەڵێت "تا ژن ئازاد نەبێت، کۆمەڵگە ئازاد نابێت، تا کۆمەڵگە ژیانێکی ڕاستەقینە لەگەڵ ژن پێکنەهێنێت، ژیانێکی واتادار دروست نابێت".
ژنان لە هەر جێیەک بوو بن، لەسەر ڕاستینەی خواوەندەکانی کەوانی زاگرۆس-تۆرۆس هەمیشە بوونی خۆیان پاراستووە، مۆرکی خۆیان لە قۆناغەکان داوە، بۆ پارێزگاریکردنی کۆمەڵ و هۆزەکانیان خەباتی سەختیان ئەنجام داوە، هیچ کات ملکەچ نەبوون بەرامبەر ئەو کۆسپ و هەڵدێرانەی لە ڕێگەیاندا هەڵقوڵاون، ئەو ژنانە لە مەیدانی جیاوازدا ڕۆڵیان گێڕاوە، بەڵام بە ئاوابوونی سیستمی چینایەتی و دامەزراندنی میرنشین و دەسەڵاتەکان بەرەبەرە ئەو ڕۆڵەی ژن لەناوبراوە و پلانی سەرەکییان لەکارخستنی ژنان بووە، چونکە هێزی ژنانیان ناسیوە، ئاشوریەکان یەکێک بوون لەو میرنشینانەی لە پیاوانی بنەچە کورد زیاتر، ڕقیان لە ژنانی کورد بوو، چونکە لە جەنگی زاموا ئەوەیان بینیبوو ژنانی کورد دەجەنگن و مەترسیان بۆ سەر ئاشورییەکان هەیە و خاک و وڵاتی خۆیان دەپارێزن. ئاشوریەکان بڕیاریاندا جیاوازی نەکەن لە نێوان ژنان و پیاواندا. هەر بۆیە لە جەنگی چیای کانی با و قەڵای لاربوسادا، ئاشور ناسڕ پاڵی دووەم خۆی دەگەڕێت لە شارۆچکەکاندا هەموو ژنان و پیاوانی گەنج دەدۆزێتەوە و دەیانگرێت، بە بێ جیاوازی لەناو ئاگردا دەیانسوتێنێت. ئەمەش بە شانازییەوە باس لێدەکات، و دەڵێت "من سەریانم بە داری چیاکاندا هەڵواسی و سوتاندمن". لە کۆتایشدا نەوەی ئەو ژن و پیاوانەی سوتێنران، لە ساڵی ٦١٢ پێش زاینیدا ئاشوریەکانیان لەسەر نەخشە سڕییەوە.
لە خانزادی میری سۆران، قەرە فاتم، حەپسەخانی نەقیب و مەستورەی ئەردەڵانەوە، تا ئەمڕۆ بە دەلال و چاوەڕێ فریشتە و بەسێ و زیلان و ساکینە و هەزارانی دیکە دەگات؛ ژنی کورد، شکێنەری زهنیەتی وەلاخستنی ژنان بوون. ئەگەرچی سیستمی ڕەگەزگەرایی و کاڵابوونیش سیاسەتیان بەسەردا بەڕێوە ببات، وەک ڕێبەری گەلی کورد دەڵێت: "ژن ئەو خوداوەندە بوو کە لە زەقورەکانی سۆمەردا کرایە کەنیزەکی کۆشک و لە شارستانییەتی گریک-ڕۆمادا کرا بە کۆیلەی ئیش و کاری ماڵ، لە شارستانییەتی ئەوروپاشدا تەنها وەک ئۆبژەیەکی زایەند-سێکسی بە پەیمانێک بەسترا بە پیاوەوە، لە شارستانییەتی سەرمایەداریشدا کرا بە کاڵایەکی بازرگانی جیهانیی، لە ڕێگای زاڵبوون و باڵادەستی پیاوەوە مێژوو پێناسەیەکی ڕەگەزپەرستی وەرگرت و تا ئێستا بەردەوامە". بەڵام ژنانی کورد، بە مێژووی نیو سەدەی بزوتنەوەی ئازادیخوازی کورد، بە ئایدۆلۆژیای ڕزگاری ژن، هەموو کۆیلەبوونێکیان ڕەتکردەوە و سیستمی ڕەگەزگەراییان هەڵوەشاندەوە.
ئایدۆلۆژیای ڕزگاری ژن، بە دامەزراندنی پارتی کرێکارانی کوردستان و یەکەم ژنە شۆڕشگێری دۆزی کورد و ژن لە پارتەکەدا ساکینە جانسز، دەستیپێکرد و ڕۆژ بە ڕۆژ پەرەی سەند، لە ڕوانگەی ڕێبەر ئۆجالانەوە، لە چارەسەرکردنی کێشەکانی شەڕەوە تا ڕەخساندنی ئاشتییەکی پشتبەستوو بە ئازادی، پێویستیان بە پەرەسەندنی ئایدۆلۆژی ڕزگاری ژن هەیە، لەسەر ئەم بنەمایەش؛ ژنان بە بەشداریکردن لە کایەی سیاسیدا لە دوای ساڵانی ٨٠ەکان لە باکووری کوردستان و دامەزراندنی ڕێکخستنی یەکێتی ژنانی وڵاتپارێزی کوردستان لە ساڵی ١٩٨٧دا کە دواتر گۆڕا بۆ پارتی ئازادی ژنانی کوردستان-پاژک، هەروەها لە بە لەشکربوونی ژنان لەناو ڕیزەکانی گەریلا و لە دواتردا دامەزراندنی یەژاستار، سەلماندیان کە سیستمی دیموکراتیک چاخی شۆڕش و شارستانییەتی ژنە.
جگە لەوەی لە چیاکانەوە دژ بە دەوڵەتی داگیرکاری تورکیای ئەندامی ناتۆ، چەکیان هەڵگرت و دەستیان بە خەباتکرد لە پێناو دۆزی کورد و ژندا، لە ناو شارەکانیشەوە دەستیان بە خەباتی ڕێکخستنی کرد و کوچە و کۆڵانیان کردە ناوەندی تێکۆشان. ئەمە تەنها لە ناوچە و پارچەیەکی کوردستاندا نەبوو، بەڵکوو ژیان بۆ کورد و ژن لە چوار پارچەی کوردستان وەک یەکە، بۆیە ئەو فکر و فەلسەفەیەی زیندووبوونەوەی بە کوردستان بەخشی؛ ئێستاش بە جیهاندا بڵاوبووەتەوە و بووەتە هێزێکی گەردوونی و فەلسەفەی "ژن، ژیان، ئازادی" ڕێنوێنی دەکات.
لە کاتی هێرشەکانی داعش بۆ سوریا و عێراق، مەترسی گەورە لەسەر خاکی کوردان و ژنان بوو، ژنان ڕووبەڕووی چەتەکانی داعش بوونەوە و لە ڕۆژئاوای کوردستاندا گەورەترین بەرخۆدان و بەرەنگاری کرا، ژنان بەو قوربانییەی کە دایان، بەو جەستەیەی خۆیان کە پارێزگارییان لە خاک کرد وەک ئارین میرکان، بوونە سەرمەشقی تێکۆشان و شۆڕشی ڕۆژئاوایان بە شۆڕشی ژن پێناسە کرد و بوونە هەوێنی ئاواکردنی خۆبەڕێوەبەری و سیستمی دیموکراتیک و هێزی سەربازیی ژنانیان بە ناوی یەکینەکانی پاراستی ژن-یەپەژە لە ٤ی نیسانی ٢٠١٣دا کردە دیاری بۆ فکر و فەلسەفەی ئازادی ژن، تا لە بواری سەربازی، سیاسی و ڕیکخستنیدا ژنان ڕۆڵ بگێڕن.
ئەم مێژووەی ژنانی کورد، لە هەر سەردەمێکدا و بە شێوازێک خۆی نوێ دەکاتەوە، هەنگاوی دیکە دەبڕێت وەک بڵێی لەناو خۆڵەمێشەوە سەرهەڵدەدەنەوە، باشترین نمونەش چوار قۆناغی تێکۆشانی ژنی کوردە، کە لە نەبوونەوە؛ بوونە مۆرکی خەباتی ژنان بۆ ئازادی و ڕزگاری نیشتمان، ئەوانیش؛ ساڵانی خەباتی لەیلا قاسم و هاوەڵانی لە باشووری کوردستان، خۆڕێکخستن و سوپابوونی ژنان لە باکووری کوردستان، شۆڕشی ژن لە ڕۆژئاوای کوردستان، سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان.
هەر لەو چوارچێوەیەدا؛ دوای پەرەسەندنی خەباتی ڕێکخراوەیی، سیاسی و سەربازی ژنان لە سەدەی ٢١دا و بە تایبەت لەناو ڕیزەکانی پەکەکەدا، لە پەیامێکیدا بۆ کۆنگرەی نەتەوەیی ژنان ڕێبەری گەلی کورد، عەبدوڵا ئۆجالان دەڵێت: لە سەرەتای ساڵانی ٢٠٠٠ەکانەوە بەهاری ژنان دەستی پێکردووە، هاوشێوەی کونکردنی بەفر و سەهۆڵی زستان پشکوتنی گوڵە بەیبوون و حاجیلەکان، بەفر و زستانی دژواری زۆرداری و تەلەکەبازی سەر ژنانیش تێکدەشکێنرێت، ئیتر ئازادی ژن بەدیدێت، ئەوەش بە بەهاری ژن، خونچەکردن و گوڵکردنی بزووتنەوەی ئازادی ژن بەرامبەر بە بەفر و زستانی ڕەش بەناو دەکەم، وێڕای مێژووی قێزەونی ٥٠٠٠ ساڵە، هیوادارم هەنگاو بە هەنگاو خۆتان لە پاشماوەی بەفری دونیای پیاو پاک بکەنەوە و ڕاستی خۆتان بئافرێنن.
هەروەها لەبارەی تێکۆشانی ژن لە سەدەی ٢١دا دەڵێت: لە ڕێگای پشتبەستن بە ژن، سەدەی ٢١ دەبێتە سەدەی دیموکراسی و ئازادی ژن و کۆمەڵگە، هەوڵمدا پیشانی هەر کەس لایەنێک، بە تایبەت پەکەکەی بدەم، کە شەڕ و تێکۆشانی ژن لایەنێک نییە بچوک ببینرێت، من جەنگاوەرێکی ئازادی ژنم، زۆریش ڕادیکاڵم، تامەزرۆ و عاشقی ئازادیم، قاڵبوونەوەی بەردەوامم بەرامبەر بە ژنان هەیە و ئەو خەباتەم خۆشدەوێت، لەو بڕوایەشدام ڕۆژێک بەو ژنە بەهێزە دەگەن کە پیاوی کۆنەپەرست و زۆردار بێننەوە سەر ڕاستەڕێ.
لە کۆتا پەیامی سەدەی ڕێبەر گەلی کوردیشدا بە ناوی "بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک"، کە لە ٢٧ی شوباتی ئەمساڵ بڵاوکرایەوە، داوای خەباتی بنەڕەتی دەکات بۆ بنیادنانی نەتەوەی دیموکراتیک، کە ژنان پێشەنگایەتی بکەن و لە ٨ی ئاداریشدا بە پەیامێکی تایبەت، جەختی لە چەسپاندنی ئاشتی بە دەستی ژنان کرد و ڕایگەیاند "پرسی ژن لە پرسی کورد قووڵترە، لە پرسی کورد گەورەترە. لەم ڕووەوە، ئێمە تەنها هەنگاوێکی سەرەتاییمان ناوە. کولتووری شەڕ و پێکدادان زیاتر دژی ژنان بەڕێوەدەچێت. لەناوبردنی ئەم کولتوورە، داینەمۆی تێکۆشانی ئێمەیە. ڕۆحی ئەم سەردەمە، سیاسەتی دیموکراتیکە، زمانی ئەم سەردەمە، زمانی ئاشتییە. بانگەوازی "ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک" هاوکات ڕێنێسانسێکە بۆ ژنان و پێشەنگایەتی بکەن.