کورد لە جیاتی یەکڕیزی، پێویستی بە کوالسیۆنە

بڵێسە جەبار فەرمان – پەرلەمانتاری پێشوی عێراق

یەکڕیزی ئەو وشەیەی کە لەناو کوردا زۆرترین بەکارھێنەری ھەیە و کەمترین کارپێکەر، ئەو وشەیەی بۆچوونی جیاوازی لەسەرە و پێناسەی جیاوازی لە دیدی جیاوەزەوە بۆ دەکرێت، لە فەرهەنگی سیاسی حزبە کوردییەکانی ھەرێمی کوردستاندا هیچ دەستەواژەیەک هێندەی "یەکڕیزیی نیشتمانی" و "سازان" بەکارنەهێنراوە.

 

ئەم وشەیە لای ھەندێک واتا "من بڕیار دەدەم و نەخشەڕێگا دادەڕێژم بەو شێوەیەی خۆم قەناعەتم پێی ھەیە" و لایەنە کوردییەکانی تریش دەبێت لەگەڵم بن و پشتگیریم بکەن بێ ھیچ راوبۆچوون دەربڕینێک، لای ھەندێکی تر واتا پێکەوە دژی داگیرکاری وڵاتانی دراوسێ بوەستینەوە و لەیەک کات و ساتدا دژایەتی ھەموو دەوڵەتە داگیرکەرەکان بکەین و بێ رەچاوکردنی ھەندێک تایبەتمەنی ھەرێم یا پارچەیەکی کوردستان و پێکەوە ھەموو چەک بکەینە شان و ببین بە گەریلا، ئەگەر ھات و ئەمەمان نەکرد ئەوا ناپاکی نیشتمانی کراوە، لای ھەندێک لایەنی تر تێکڕای کورد موسڵمانە و دەبێت بایکۆتی حکومەتە کافرەکان بکات و لە خیتابەکانیدا دژ بە ئیسرائیل و زایۆنیزم بۆستێتەوە و پشتگیریی خەبات و تێکۆشانی فەلەستین بکات و گەر ھاوڕا نەبیت واتا لە یەکڕیزیی نیشتمانی لاتداوە.

 

کوالیسیۆن لە جیاتی یەکڕیزی

بە بۆچوونی من یەکڕیزی دەستەواژەیەکی ھەڵەیە. یەکڕیزی بەو واتایە دێت کە ھەموو یەک رەنگ و یەک دەنگ بن بێ جیاوازی. ئەگەر ئەمە رووبدات، ھیچ مانایەک بۆ بیروبۆچوونی جیاواز نامێنێتەوە و فرە حزبی ھیچ واتایەکی نابێت. ئەوەی راسترە ئەوەیە کە حزبە کوردییەکان پێکەوە کوالیسیونێک دروست بکەن.

 

کوالیسیون وشەیەکی لاتینیە و بە واتای یەکگرتن لەسەر بابەتێک، واتا بۆ ھەربابەتێک پێکەوە نەخشەڕێگایەک دابڕێژن و لەسەری ھاوڕا بن. بۆ نموونە کورد لە بەغدا دەبێت داکۆکی لە بابەتێکی نیشتمانی بکات، ئێمە بەشێکی سەرەکین لە عیراق و مافێکی زۆرمان بەسەر حکومەتی عیراقەوە ھەیە کە تائێستا بە ھیچ شێوەیەک ڕەچاو نەکراوە، کێشەی کورد لەگەڵ عێراق لەسەر خاک و ئاو و مافە، سیاسەتی کورد لە بەغدا دەبێت لە پێناوی مافەکانیدا بێت. بەڵام وەک دەبینین خۆمان بەو سیاسەتە ھەڵەیەی پەیڕەوی دەکەین، رۆژ لە دوای رۆژ سەنگی کورد لە عیراق سووکتر دەکەین.

 

نەخشەڕێگا و دانانی هێڵی سوور

ھەر حزبە و بۆچوونی جیاوازی ھەیە لەسەر مامەڵەکردن لەگەڵ ناوەند دا، ھەربۆیە دەبێت نەخشەڕێگایەکمان ھەبێت و لەو نەخشەڕێگایەدا ھێڵە سوورەکان دیاری بکەین و ئامانجەکانمان دیاری بکەین و بیکەین بە وەرەقەی کار. لەسەر ئەو وەرەقەی کارە داوا لە ھەموولایەنەکان بکرێت کوالیسیونێک دروست بکەن لەو بابەتە نیشتمانییانەی دەستنیشانکراوە ھاوھەڵوێست بن. ئەمە بە واتای ئەو یەکڕیزییە نا کە ھەریەکە و لێکدانەوەیەکی بۆ دەکات.

 

دوو هێڵی سیاسی و ستراتیجی

ھەرێمی کوردستان پێویستە دوو جۆر لە سیاسەت و ستراتیج پەیڕەو بکات، لەلایەک وەک ھەرێمێکی دەستووری لەناو دەوڵەتی فیدراڵی عێراقدا و لەلایەکی ترەوە وەکو باشووری کوردستان پەیوەست بە رووداوەکانی کوردستانی گەورە. ھەڵوێست و ستراتیج بۆ ئەم دوو ھێڵە دیاری بکرێت.

 

بێگومان دیاریکردنی سیاسەت و ستراتیج بە ڕاوێژ و گفتوگۆ و رێکەوتن لەگەڵ لایەنە سیاسییە کوردییەکاندا دەبێت و دواتر پێکھێنانی کوالیسیۆنێکە بۆ داڕشتنی چوارچێوەی کارکردن.

بەناوی یەکڕیزیی و پەرۆشی بۆ یەکڕیزییەوە ناپاکی و چاوبەستەکی زۆر روویداوە. یەکڕیزیی نیشتمانی لەکاتی قەیراندا دەکەوێتە ناو گوتاری سیاسی لایەنەکانەوە.

 

هاوار بۆ یەکڕیزی لە تەنگەتاوبووندا

ھەندێک لایەنیش کە کێرڤی بەرژەوەندیی خۆیان ھەڵکشا، بەبێ حسابکردن بۆ پێکھاتە سیاسییەکانی تر لەگەڵ لایەنی تردا پێکدێن بەبێ رەچاوکردنی بەرژەوەندیی باڵای گەلەکەمان. ھەرکاتیش بەرژەوەندییەکانیان کەوتە مەترسییەوە، ھاواری یەکڕیزیی کورد دەکەن و لایەنی تر تۆمەتبار دەکەن کە بڕوا و بۆچوونی جیاوازیان ھەیە.

 

لەدوای سەدان بەیت و بالۆرەی یەکڕیزی ئیتر دەرکەوتووە ھەر قسە بوون و بەھەڵە بەکارھێنراوە، لەجیاتی یەکڕیزی کوالسیۆن بەدیلە بۆ گەیشتن بە ئامانجی ھاوبەش.