کاتێک میدیا سنورەکانی مرۆڤایەتی دەشکێنێت

سارا موحسین بەرزنجی - نووسەر

هێرشە تێرۆریستیەکان لەلایەن گروپە چەکدارە لە یاسا دەرچووەکانی عێراق کە لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانی ئەکرين بەردەوامی هەیە، کە بوونەتە هەڕەشەیەکی ڕاستەقینە بۆ ژیان و سەلامەتیی هاوڵاتیانی بێتاوان. ئەم گروپانە لە زۆربەی کاتدا لەژێر هیچ چاودێرییەکی ڕاستەقینەی حکومەتی فیدراڵیدا نین، بە ئازادی هێرش دەکەن و هیچ بەرپرسیارێتییەک لەسەر ئەنجامەکانیان هەڵناگرن.

 

هێرشەکانی رۆژانی ڕابردوو ، بەداخەوە هاوولاتی سڤیل بوونەتە قوربانی، بە ڕوونی دەريدەخات کە شتێک بە ناوی “ئاسایش” لە ژێر سایەی حکومەتی فیدراڵ بونی نیە و نەیتوانیوە ئەم گروپانە کۆنترۆڵ بکات، هەست دەکرێت بە شێوەیەکی نەرێنی ئەم بارودۆخە ڕەخسێنراوە بۆ بەردەوامبوونیان.

 

هەڵبەت لە هەموو جیهاندا، میدیا ئەرکێکی گەورەی هەیە: گواستنەوەی ڕاستی. بەڵام ئەم ئەرکە سنووری هەیە، چونکە مرۆڤایەتی لە هەموو شتێک گرنگترە. کاتێک باس لە مردن و شەهیدبوون دەکرێت، ئەمە تەنها هەواڵ نییە، بەڵکو ژیانێکە کۆتایی هاتووە و خێزانێکە بە تەواوی تێکشکاوە.

 

هەندێک میدیا، لە هەرێمی کوردستان، ئەم سنوورە ناناسن. لە جیاتی ئەوەی ڕاستی بە ڕێز و بە شێوەیەکی مرۆڤانە بگوازنەوە، دەچنە ناو ماڵەکان و قووڵترین ساتی ئازار دەکەنە نمایش. لە ئیتیک و تیۆری میدیای جیهاندا بنەمایەکی ڕوون هەیە: “Do No Harm — زیان مەگەیەنە”.

 

بەڵام هەندێک میدیا لە کوردستان پێچەوانەکەی بەرجەستە دەکەن.مایک دەخرێتە بەردەم منداڵێک کە هێشتا شوکی لەدەستدانی دایک و باوکی تێپەڕ نەبووە… ئەمە ڕاگەیاندن نییە، بەڵکو دووبارە بکوژی لایەنی دەروونییە.

 

فرمێسک بۆ نمایش نییە.

مەرگ بۆ لایک نییە.

تکایە مایک مەبەنە بەردەم ئەو هەناسە سووتاوانە…

مرۆڤایەتی پێش میدیایە

ئەمە چییە؟

ئەمە میدیا نییە.

ئەمە سووکایەتییە بە مرۆڤایەتی.

 

نیشاندانی فرمێسک و خوێن بە شێوەی راستەوخۆ، یان بۆ هاوسۆزی بینەره ياخود پەلەقاژەی یەکەم بوونە ، كه کاریگەرییەکی قووڵ لەسەر دەروونی کۆمەڵگە دروست ئەکات. کاتێک هاوڵاتی بەردەوام ئەم دیمانانە دەبینێت، هەست بە بێهیوایی دەکات و ورەی کۆمەڵگە کەم دەبێتەوە.

 

هاوکات، شەهید پێویستی بە ڕێز هەیە، نە بەوەی ببێتە ناونیشانی هەواڵ و بابەتی پرسیار و وەڵام لەناو شیوەن. خێزانەکانیان پێویستیان بە ئارامی هەیە، نە بەوەی بخرێنە بەردەم کامێرا.

 

پرسیارێکی سادە هەیە: ئایا هەموو شتێک کە دەتوانرێت پیشان بدرێت؟ پێویستە پیشان بدرێت؟ وەڵامەکە ڕوونە: نەخێر. میدیا دەتوانێت ڕاستی بڵاو بکاتەوە، بەڵام بەبێ ئەوەی کە کەرامەتی مرۆڤەکان بشکێنێت. دەتوانێت باسی هێرشەکان و قوربانیان بکات، بەڵام بەبێ ئەوەی دەستی لە زامەکان بدات کە هێشتا تازەن. لە کۆتایی، ئەمە یاسایەکی سادەیە: “مرۆڤایەتی پێش میدیایە”