کێ بەرپرسە لە زیاد بوونی دیاردەی کوشتن

شیرین یونس – پەرلەمانتار

 

بەداخەوە دیاردەی کوشتن و توندوتیژی لە شار و شارۆچکەکانی ھەرێمی کوردستان ھێندە زۆر بووە، رۆژ نیە ھەواڵی کوشتنی چەند کەسێک نەبیستین .

 

لێرەدا ئەوەی مایەی سەرسوڕمان و ھەڵوەستە لەسەرکردنە لەوە زۆر مەترسیدارتر ئەوەیە، ھەواڵی کوشتن بووەتە ھەواڵێکی سادە و ئاسایی دێتە باسکرن. بەداخەوە لە ھەرێمی خۆمان سەرەرای سەختی و ناخۆشیژیان و گوزەرانی ھاوڵاتیان سەرەرای قەیرانی تەندروستی و بێکاری، وای لێھاتووە، کەس لە سەلامەتی ژیانی خۆی دڵنیای نەبێت بەشێوەیەک کاتێک کەسێک لەماڵ دەچێتە دەرەوە بۆ کار و کاسبی، خێزانەکەی دڵنیانییە لە ھاتنەوەی بەسەلامەتی !

 

خراپتر لەوە زۆرجار دەبینین تۆمەتبار لە بەردەم میدیاکان و بەبەرچاوی دامودەزگا فەرمیەکان زۆر بە ئاسایی حیکایەتی کوشتن دەگێرێتەوە، وەک پاڵەوان خۆی نمایش دەکات و کەسیش قسەناکات، حکومەتیش وەک بڵێی لە گوێی گادا خەوتبێت نە بای دیبێت نەباران، ھەر بەراستی ئەم دیاردەیە زۆر نامۆیە بە دابونەریتی کوردەواری خۆمان، ھەربۆیە ئەرکی لایەنی پەیوەندیدارە لە حکومەت و پەرلەمان بەوردی بەدواداچوون بکەن بۆ دیاردەی کوشتن و ھۆکارەکانی و ھەنگاوی کردارەکی بنرێت بۆچارەسەری ئەو دیاردە دزێوە، بێگومان لە پێش ھەمووشتێک قەدەغە کردنی دیاردەی ھەڵگرتنی چەک، دەبێت چەک تەنھا لای پۆلیس و ئاسایش بێت نابێت چەک بەدەستی ھاوڵاتی مەدەنی بێت لەناو ماڵ بێت .

 

نابێت کەس لەسەرووی یاسا بێت، تاکو کەسانێک ھەبنخۆیان پێ لە سەرووی یاساوە بێت، تاکو دیوەخان لە بەدیلی دادگا ببێتە مەیدانی چارەسەرکردنی کێشەکان، تاکو حزب داڵدەی تۆمەتباران بدات، تا مرۆڤ وا بەبێ نرخ سەیربکرێت بەداخەوە دیاردەی تاوان و کوشتن روو لە ھەڵکشان دەبێت.