جنێودان کەلتورێکی بەئازار و ئازارشکێن

ئاشتی حەمە ساڵح – مامۆستای زانکۆ



دەگێڕنەوە شوانێک دەچێت بۆلای "جەنابی قازی"شکات لە پاسەوانەکەی پاشا دەکات کە ھەستاوە بە دزینی یەکێک لە مانگاکانی، ئیتر جەنابی قازی بە پاسەوانی پاشا ناوێرێت بەڵام لەبەر خۆیەوە دەست دەکات بە جنێودان و لەعنەت کردن لە پاسەوانەکەى پاشا ، شوانەکەش زۆر بەخێرایی ھەڵدەستێت و دەیەوێت بڕوات، جەنابی قازی دەڵێت ئەوە چییە؟! بۆ کوێ دەڕۆی؟
شوانەکە دەڵێت جەنابی قازی من ھاتم مافەکەم بۆ وەربگریتەوە ، ئەگەر بەجنێودان چارەسەر دەبێت ئیستا ئەڕۆم بۆ لای فڵان (......) ی لای خۆمان خراپترین جنێوی لایە با ئەو بۆم چارەسەر بکات.

بەداخەوە ئەمڕۆ لەھەموو سەردەمێک زیاتر خەڵکی جنێو فرۆش ڕەواجی پێ دەدرێت، دەبینین لە زۆربەی شوێنەکان بووەتە کەلتور و قەرەباڵغی بۆ کۆڕو کۆبوونەوەکان دروست دەکات، و خەڵکێکی زۆر پێشوازی لە کەسی جنێو فرۆش دەکەن و بەقسەکانی پێ دەکەنن، دواتر وەک داب و نەریت لە کۆمەڵگەکاندا دەچەسپێت و لەلای خەڵک ئاسایی دەبێتەوە .


خەڵکێک ھەیە ھەر لەسەرەتای فێربوونی زمانەوە مناڵەکانی فێری جنێودان یان قسەی نەشیاو دەکات، بەڵام کە مناڵەکە لەکاتی میوانداریدا ئەو دەستەواژانەی بەکارھێنا، لەلایەن باوک و دایکییەوە سزا دەدرێت ئیتر ئەم مناڵە نازانێت بۆچی سزادراوە؟ ئایا ھەڵەی کردووە؟


مەترسییەکە گەورەتر دەبێت و زەقتر دەبێتەوە کە کەسەکە گەورە دەبێت و دەچێتە پێگەیەکی دبلۆماسی و دیار ، ئیتر ئەو بابەتە قبوڵ ناکرێت و کارەسات دروست دەکات.
لەبازاڕدا لە دراماکاندا ، لە کۆبوونەوەکاندا، زۆر بەسانایی ئەم دەستەواژانە بەکار دەھێنرێت و سانسۆر ناکرێت دەبێتە شەوچەرە، ئیتر بە ئاسانی دەگوێزرێتەوە بۆ ھەموو ئاست و پێگەیەک .
بۆ ئەوەی ئەم دیمەنە نەخوازراوە کۆنتڕۆڵ بکرێت زۆر گرنگە ھەر لەسەرەتاوە دەستپێبکرێتەوە و لایەنی پەیوەندیدار بە پەروەردە، میدیاکان، حزبەکان، ئەرکی دەماغ شۆردن بۆ تاکەکانی کۆمەڵگەکەمان بگرنە ئەستۆ.