هەیبەتی کوردی پێگەیشتوو باڵاتر لە هەیبەتی چەک!

نەجیبە قەرەداغی - نووسەر

ئەمڕۆ لە ئەشکەوتی جاسەنەی باشووری کوردستان هەنگاوێکی مێژوویی نرا. ئەگەر ئەم هەنگاوە تەنیا وەک هەنگاوێکی پەیوەست بە پرسی کورد و ململانێی نێوان تورکیا و پەکەکە لێک بدرێتەوە، کەم دێنێت. ئەم هەڵوێستە مێژووییە بۆ هەموو مرۆڤایەتی، هەڵوێستێکی ئەخلاقی، ویژدانی و دیموکراتیانە و مێژووییە، لە کاتێکدا کە دونیا بەرەو جبەخانەیەکی سەربازی و ملیتاریزم دەبێ و تەپەی پێی ئەم پرۆسەیە لە ئەوروپا هەستی پێدەکرێت بەپێی دوایین ڕاپۆرتی ئیستخباراتی ئەڵمانیا. هەر بۆیە ئەم هەنگاوەی بزوتنەوەی ئازادی کوردستان پێداگرییە لەسەر پەرەدان بە ژیانێکی ئاشتیانە و کۆمەڵگەی دیموکراتی وەک کولتوورێک و وەک ئەخلاقی پێکەوەژیان لە کوردستان، ڕۆژهەلاتی ناوەڕاست و هەموو جیهان.

 

ئەوەی سوتێنرا تەنیا چەک نەبوو، ئەوەی سووتێنرا ئامرازەکانی وەڵامدانەوەی ستەم و زوڵمی ١٠٠ی دەوڵەتێکی داگیرکەر، فاشیست و نەژادپەرستی تورکە کە دەیویست بە لەناوبردن وەڵامی داوا و ویستی گەلی کورد بداتەوە. ئەو ئامرازە کۆتایی بە قۆناغێک هێنا و ئیرادە و بوونی گەلی کوردی گەیاندە ئاستی پێگەیشتوویی. لە جێیەک ئاشتی و دیموکراتی و یەکسانی هەبێ هەرگیز پێویست بە چەک نامێنیت، ئەو هەنگاوە سەمبولییە بۆ دەستپێکردنی ئەو قۆناغی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتییە.

 

لەم دە ساڵەی دواییەدا بزوتنەوەی ئازادی کوردستان گۆڕانکاری ستراتیژییانەی شەڕی گەلی شۆڕشگێڕی لە دژی داگیرکاریی لە تاکتیکی شەڕی تونێل و فراوانکردنی ئەشکەوت دا قاڵکردەوە کە دەبوو لە سەرەتای نەوەدەکانەوە پەرەی بەم تاکتیکە بدایە و لە ماوەیەکی کورتدا و بێ ئەوەی شەڕ درێژ بکرێتەوە ئەنجامی بەدەست بهێنایە. تاکتیکێک کە دەوڵەتی بە چۆک دا دەهێنا.

 

ئەوەی لەم ماوەی ئەم پێنج تا شەش ساڵەی دواییدا کرا خاڵی شکانی لێکەوتەوە بۆ دەوڵەتی تورکیا. لە یەکەمین ئۆپەراسیۆنی شۆڕشگێڕیی شەهید سارا کە لە دوکان ئەنجام درا، دوو بەرپرسی میت دەستگیر کران و زۆر زانیاریان لەسەر کارەکانی میت و دەوڵەتی قووڵ ئاشکرا کرد لە شەڕی دژی بزوتنەوەی ئازادی کوردستان. خاڵێکی تری شکانی فاشیزم ئەو کاتە بوو کە ئۆپەراسیۆنی دەوڵەتی تورک بۆ سەر گارە کە ئامانجەکەی کوشتن یان ڕزگارکرن-ی ئەندامانی میت شکستی هێنا و بە ملشکاوی کۆتاییان بە ئۆپەراسیۆنەکەیان هێنا. شەڕی ئەشکەوت و تونێڵەکان بووە مۆتەکە بۆ دەوڵەتی تورک، وێرای بەکارهێنانی چەکی قورسی قەدەغەکراو، ناپاڵم و چەکی کیمیاوی لەبەرامبەر گەریلا و خەڵکی سڤیل و پێشەنگانی بزوتنەوەکە، بەڵام زیانی ئابووری و زەبر لە پرەستیژی دەوڵەتی تورکیا دەدرا و گۆڕانکارییە هەرێمیەکانیش و بەرخودان گەریلا و گەل و بەرخودان و هەوڵەکانی ڕێبەر ئۆجالان بۆ ئاشتی لە ئیمرالی، پاڵی بە پەرەسەندنی ئەم قۆناغەوە نا کە ئێستا گەیشتۆتە خاڵێكی وەرچەرخانی گرنگ.

 

پرۆسەی نزیکەی نۆ مانگی ڕابردوو، بە هەستیاری و سەرنجێکی زۆرەوە درێژەی پێدرا. ڕێبەر ئاپۆ لە پەیامە مێژووییەکەی دا لە ٢٧ شوبات پەرەی بەو پرۆسەیەدا کە دەوڵەت دەستپێشخەری بۆ کردبوو. خۆ بە خۆ ڕێبەر ئۆجالان لە ١٩٩٣ ەوە دەیویست چەک بخاتە دەرەوەی ستراتیژی تێکۆشان و پەرە بە ڕێبازی چارەسەری ئاشتی و دیموکراتیانەی پرسەکە بدات. پرسەکەشی بە پرسی کوردەوە و واوەتر وەک پرسی قەیرانی سیستەمی جیهانی بینی. لە پرسی کورد زیاتر وەک پرسێکی زهنی و بونیادی بینی. بۆ ئەوەش دەبوو بزوتنەوەی ئازادی کوردستان بەو قۆناغی ئیزۆتەریکەی کە ٥٢ ساڵە لە پرۆسەیەکی سووڕی گەشەی ناوخۆیی و کۆمەڵایەتیکردنیدا هەنگاوێکی دیکە بنێت و بە قۆناغی پێگەیشتوویی پەرە بە عەقلی کورد بدات کە لە جەوهەرەکەی دا پەرەدانە بە ئەقڵی ژن.

 

سەمبولیزم و هەنگاوە مێژووییەکان، بۆچی ئەشکەوت؟

کۆنگرەی ١٢ پەکەکە کە لە کۆنگرەی فەسخکردن زیاتر سەرەتای قۆناغێکی نوێی مێژوویی، نیشاندانی ئیرادەی گۆڕانکاری و وەرچەرخانی دیموکراتی بزوتنەوەکە و دواتریش پرۆسەی وەلاوەنانی چەک کە ئەمڕۆ لە بەردەم ئەشکەوتی جاسەنە ئەنجام درا، لە بەرزترین ئاستی بەرپرسانی بزوتنەوەکە ئەنجام درا ( ١٥ ژن ، ١٥ پیاو، کە چوار کەسیان بەرپرسی باڵای بزوتنەوەکەن – بەسێ هۆزات- بەهزاد چارچێلا - تەکین موش و تێکۆشین هۆزان)، دوای ڕاگەیاندنێکیابە زمانی کوردی و تورکی، کە ئاماژە بەوەی بە ئیرادەی خۆیان و بۆ پەرەدان بە پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتی ئەوان وەک " گروپی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتی" چەکاکانیان لەناودەبەن- دەسوتێنن.

 

لە تێگەیشتنی سەمبولیزمیەوە کە کارێکتەری سەرەکی بزوتنەوەکەیە، هەڵبژاردنی ئەشکەوتی جاسەنە هەر وا ڕێکەوت نییە. ئەو ئەشکەوتەی کە شێخ مەحمود پەنای بۆ برد لە تێکۆشانی لە بەرامبەر داگیرکەری ئینگلیز و لەوێدا چاپخانەی دانا و یەکەمین گۆڤار بەناوی " دەنگی حەق " بڵاوکردەوە بە زیادەوە ڕاڤەکارە بۆ دۆخی ئەمڕۆ. هەر گەڕاننەوەی گەریلاکانی ئازادی بەرەو ژووربۆ ئەشکەوتەکە ئاماژەیە بەو بەردەوامیی. بەردەوامی چی؟ تێکۆشان بەڵام بە بێ چەک واتە تێکۆشانی هزری و سیاسەتی دیموکراتی، هەر وەک بەسێ هۆزات لە دوای ڕاگەیاندنەکە وتی؛ پێویست بە زەمینەی حقوقی دەکات".

 

ئاشتی چییە لە دیدی ڕێبەر ئۆجالانەوە؟

ڕێبەر ئۆجالان لە کتێبی سۆسیۆلۆژیا ئازادی دا لە ئاشتی دا دەڵێت؛ ڕێکەوتنی نێوان " دیموکراسی و دەوڵەت" لە دوایین مانفیستۆی کۆمەڵگەی دیموکراتیدا کە نزیکەی ٢٠٠ لاپەڕەیە وەک ڕێکەوتنی نێوان " کۆمین و دەوڵەت " پێناسەی دەکات و دەڵێت ڕیشەییترین ململانێییە لە مێژوودا و ئەمجارەیان بەم تێکۆشانەی ئێمە وەریدەچەرخێنین بۆ دیالێکتیکی یەکتر تەواوکردن نەک لەناوبردن، ئەوەش دەبەستێت بێ مەرجەوە؛ یەکەم هەموو کەسێک لە ئارامیدا بژی، لەسەر بنەمای داننان بە خۆپاراستنی کۆمەڵگە و کارێکتەری کۆمەڵگەیەکی ئەخلاقی و سیاسی( واتە خۆبەڕێوەبردن) کە هەندێک ڕۆشەنبیری ترسێکی زۆریان لە پرۆسەی بە ئەیالەتکردنی تورکیا لە سەر مۆدێلی ئەڵمانیا، سویسرا و ئەمەریکا لێ نیشتووە. مەرجی دووەمیش دووەمیش ئەوەیە کە یەک لایەن نابێت زاڵ بێت و دەبێ هەردوولاش ڕاگرتنی شەڕ قبووڵ بکەن، سێیەمیش، هەموو لایەک لە چارەسەرکردنی کێشەکەدا، ڕێز لە تێکۆشان و دامەزراوە دیموکراتییەکانی کۆمەڵگە بگرن. ئەوەش تەنیا لە دەرەوەی سێبەری چەک شیاو دەبێ، جا ئەو چەکە بەدەست هەر لایەنێکیانەوە بیت.

 

هەیبەتی چەکی گەریلا و شەڕی پارتیزانی لە مێژوودا بابەتی شیعر، سینەما، ڕۆمان و نووسین بووە، بەڵام مەراسیمەکەی ئەمڕۆ نیشاندا کە هەیبەتی مرۆڤی شۆڕشگێڕ لە هەیبەتی چەک باڵاترە. ئەو هەیبەتەیە کە پێویستی بە قسەی زیاترە. ئەم هەنگاوە زۆر قوورسترە لە قۆناغی شەڕی چەکداری و پێویستی بە تێکۆشانێکی هەمە لایەنە هەیە. بەڵام بۆ یەکەم جارە لە مێژوودا لە وتارێکی دیکە باس لەو سەختیەکانی تێکۆشانەکە و هەنگاوە پێویستەکان دەکەم.