هەشتی ئادار و هێزی ژنان

سۆما خالید- ڕۆژنامەنوس

هەشتی ئادار ڕۆژی جیهانی ژنانە وبووەتە سیمبولی یەکسانی، دادپەروەری و دانپێدانان بە ڕۆڵی ژنان لە سەرانسەری جیهاندا، کە هەموو ساڵێک یادی دەکرێتەوە بۆنەیەکی جیهانییە بۆ ڕێزلێنان لە دەستکەوتەکانی ژنان لە بوارە جیاجیاکاندا، جەختکردنەوەیە لەسەر داکۆکیکردنی مافەکانی ژنان و دەستبەرکردنی مافەکانیان، سەرنجدانە لەسەر ئەو ئاستەنگ و کێشانەی کە ژنان ڕووبەڕووی دەبنەوە، هەروەها تیشک خستنە سەر تێکۆشانی بەردەوامییەکانیانە لە دژی جیاکاری و توندوتیژی و پەراوێزخستن، هەشتی ئادار بیرخستنەوەی ژنانە بۆ یەکدەنگی و یەک ڕەنگی لە خەبات و تێکۆشانەکانیان دژی توندوتیژییەکان و نادادییەکان لە پێناو چەسپاندنی ژینگەیەکی یەکسانی و دادپەروەری.

 

سەڕەرای ئەوەش دەرفەتێکە بۆ نوێکردنەوەی بەڵێنی پەرەپێدانی خەبات و دەستەبەرکردنی بەدەستهێنانی ماف و دەستکەوتی زیاتر، لە ڕووبەڕووبوونەوەی هەر ئاڵنگارییەک کە ڕێگرە لە بەرەوپێشچوونی ژنان بەرەو یەکسانی و دادپەروەری، کە ژنان بە درێژایی دەیان ساڵ خەباتێکی درێژخایەن و قوربانی گەورەیان داوە لە پێناو ماف و پێگەی خۆیان لە کۆمەڵگادا و جگە لەوەی ململانێیەکان پڕ بووە  لە ئاڵنگاریی و تراژیدیا.

 

ڕۆڵی ژن لە کۆمەڵگەدا

ژنان بە گشتیی لە کۆمەڵگەدا ڕۆڵی سەرەکی دەگێرن وەک پەروەردە کردن و گواستنەوەی بەها و کەلتوورییەکان کە یارمەتیدەرن بۆ دابینکردنی ژینگەیەکی تەندرووست و بەرەوپێشبردنی دەروونی خێزان و کۆمەڵگە. بوونی ژنان لە هێزی کار و ئابوورییدا دەبێتە هۆی گەشەی ئابووری لە کۆمەڵگەدا، بوونیان لە ناوەندەکانی بڕیاردانی کایەی سیاسیی و بەڕێوەبردندا دەبێتە هۆکاری جیاوازی تێڕوانین و بڕیاردانی گشتگیرتر و دەبێتە یارمەتیدەر بۆ باشتر کردنی بڕیارەکان. جگە لەوانەش ژنان وەک مامۆستا و پەروەردەکار ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕن لە پەروەردەکردنی نەوەکانی داهاتوو و پێشکەوتنی کۆمەڵگا و بە بەشداری ژنانی چالاک لە ڕێکخراو و گرووپە کۆمەڵایەتیەکان و چالاکییە کەلتوورییەکان ناسنامەی کەلتووری کۆمەڵگا دەپارێزن.

 

پێشەنگایەتی ژنان لە کۆمەڵگەدا

ژنان لە چەندین دەیەی ڕابردوودا پێشکەوتنی بەرچاویان لە زۆر بواردا بەدەستهێناوە، هەرچەندە هێشتا ئاستەنگ و بەربەست هەن کە پێویستە بەسەریاندا زاڵ بن، هەندێک لەو بوارانەی کە ژنان تێیدا پێشکەوتنیان بەدەستهێناوە بریتین لە، پەروەردە و خوێندن، ئامادەبوون لە بازاڕی کار، سیاسەت و سەرکردایەتی، وەرزش و پێشبڕکێی نێودەوڵەتی، کەلتوور و هونەر و بەڕێوەبردن.

 

ژنان لە زۆربەی وڵاتان دەستگەیشتنیان بە خوێندن زیاترە و لە هەندێک بواردا لە پیاوان سەرکەوتووترن، هەروەها لە زیاتر لە کەرتی تایبەتدا کار دەکەن و تەنانەت ڕۆڵی سەرکردایەتی و بەڕێوەبردنیان هەیە، ژمارەی ژنان لە پێگەکانی حکوومەت و سیاسەتدا زیادی کردووە و لە هەندێک وڵات دەرفەتی زیاتریان بە ژنان داوە  و گەیشتوون بە پێگەی باڵا وەک سەرۆککۆمار و سەرۆکوەزیران، ژنان مەدالیای بەرچاو و ڕیکۆردی نوێیان لە بوارە وەرزشییە جۆراوجۆرەکاندا بەدەستهێناوە، چەندین هونەرمەندی ژن لە بوارەکانی سینەما و مۆسیقا و ئەدەب و هونەرە بینراوەکان ناسراون و کارەکانیان کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر کەلتووری جیهان هەبووە و  لەهەندێک بواریشدا ژنان لەپیاوان سەرکەوتووتر بوون لە پێشەنگایەتی کردنی دەستپێکەکاندا.

 

سەرکەوتنی ژنان لە کۆمەڵگەدا

بە درێژایی مێژوو ژنان لە کۆمەڵگەدا بە لێهاتوویی و توانای خۆیان توانیویانە لە بوارە جیاجیاکانی ژیاندا سەرکەوتنی بەرچاو بەدەست بهێنن، ژنانی سەرکەوتوو متمانەیان بە توانا و بەهرەکانیان هەیە  بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانیان، ئەم متمانە بەخۆبوونە یارمەتییان دەدات ڕووبەڕووی ئاستەنگەکان ببنەوە و سوود لە دەرفەتەکان وەربگرن، بە پلاندانانی ورد و بەڕێوەبردنی کات خۆیان هاوسەنگ کردووە و هەمیشە هەوڵ دەدەن فێر بن و خۆیان باشتر بکەن، کە دەرفەتی پەروەردەیی بەکاردەهێنن بۆ پەرەپێدانی تواناکانیان، بە تەرکیز کردن لەسەر ئاماجەکانیان هەوڵدەدەن بەدەستی بهێنن، توانای خۆگونجاندن لەگەڵ گۆڕانکاری و بارودۆخی نوێ یەکێکە لە تایبەتمەندییەکانی ژنانی سەرکەوتوو کە یارمەتییان دەدات ڕووبەڕووی ئاستەنگەکان ببنەوە.