هاتنی جەژن سەرەتا پیرۆز نەبێ لە ستەمکاران

نەجیبە قەرەداغی - چالاکوان

 

هاتنی جەژن سەرەتا پیرۆز نەبێ لە ستەمکاران چ لە ئاستی دەوڵەت و  دەسەڵاتدا بن، سەرمایەدار بن یان مژۆکی خوێنی رۆڵەکانمان. پیرۆز نەبێ لەوانەی کە بە پاساوی جۆربەجۆر رۆڵەی ئەم کۆمەلگەیە دەخەنە زیندانەوە ، یان بۆ دەمکوتکردنیان تیرۆریان دەکەن. پیرۆز نەبێ لەو موسڵمانە مونافیقانەی لە داگیرکەری سەر وڵاتەکەی خۆیان بێدەنگن نمونەی ئەو گەمژانەشی کە گەمە بە هەستی ئایینی کۆمەڵگە دەکەن. پیرۆز نەبێ لەوانەی کە دەستیان بە کڵاوەکەیانەوە گرتووە کە بانەیبات و زۆر دەمێکە نەک هەر با بردوویەتی بەڵکو بەدەست داگیرکەرانەوە گەمەی پێدەکرێ.پیرۆز نەبێ لەوانەی کە زۆر دەڵێن و کەم دەکەن

 

جەژن پیرۆز بێ لەو تێکۆشەرانەی کە سنگ بە سنگ لە سەنگەری بەرخودانن دژ بە داگیرکەری فاشیست و خوێنخۆر. لەو باوک و دایکی شەهیدانەی کە ساڵانە بۆ ئێسکی رۆڵەکانیان لەم دەرگا و لەو دەرگای دەسەڵاتدارەکان و کەواسورانی بەرلەشکری دوژمن دەدەن و بۆ وەرگرتنەوەی ئێسکی رۆڵەکانیان هیچ نەماوە نەیکەن. پیرۆز بێ لەو هەموو ئەو کەسانەی کە ویژدان و ئەخلاقیان زیندووە و هەستی مرۆڤبوونیان لەئاستی باڵای بەپرسیاریتی دا لە بەرامبەر ستەم دەستیان بە کڵاوەکەی خۆیانەوە نەگرتووە بەڵکو دەزانن کە کلاوی تاکەکەسیانە لە ئاستی کلاوێکی گەورەی ئابڕومەندانەدا بێنرخە. پیرۆز بێ لەوانەی کە زۆر دەکەن و کەم دەڵێن.