بازرگانی بە ماددەی ھۆشبەر دەکەیت یان تەنھا بەکاریدەھێنیت؟

گەرمیان خالد گڕاوی - ملازمی مافپەروەر

 

سەرەتای ئاڵوگۆڕ و گواستنەوەی ماددەی ھۆشبەر دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی نۆزدەھەم، لەوڵاتی بەریتانیا، ئینگلیزەکان بۆ یەکەم جار ماددەی (تلیاک)یان بۆ چین گواستۆتەوە، لەو کاتەدا ھیرۆین، کۆکاین و تلیاک وەک ئامرازێکی سیاسی لە دەستی دەوڵەتدا بوو، وەک چەکێکی سیاسی دژی چینیەکان بەکاریان دەھێنا، ئەمە بوو بەسەرەتای بڵاوبوونەوەی ماددەی ھۆشبەر بەشێوەیەکی خێرا و دروستبوونی ڕێکخراو گروپی گەورەی تاوانکاری، لەوێوە بازرگانی کردن بە ماددەی ھۆشبەر بوو بە دیاردەیەکی جیھانی.

 

ئەمریکا یەکێک بوو لەو وڵاتانەی تا ئێستاش باجی فراوانی بڵاوبونەوەی ماددەی ھۆشبەر دەدات لە وڵاتەکەی، کە ئەمەش لە مێژویەکی دوروەوە دەستپێدەکات، لە ساڵی ١٩٧٠ یەکەم سەربازی ئەمریکی لە ڤێتنام ئاڵوودەی ھیرۆین بوو، ساڵێک دواتر لە گووتارێکی مێژویدا، ٣٧تەمین سەرۆکی ئەوکاتەی ئەمریکا( ریچارد نیکسۆن) شەڕی دژی ماددەی ھۆشبەر ڕاگەیاند، تاوەکو ئێستاش ئەمریکا گەورەترین بازاڕی ماددەی ھۆشبەرە بەجۆرێک ڕێژەی بازرگانان لە دکتۆری ددان زیاترە لەو وڵاتە و ڕۆژ لە دوای ڕۆژ ڕێژەی بەکارھێنانی ماددەی ھۆشبەر لەئەمریکادا لەھەڵکشاندایە بە شێوەیەک بە پێی سەنتەری کۆنتڕۆڵکردن و نەھێشتنی نەخۆشیەکان لە ئەمریکا (CDC) تێکڕای مردن بەھۆی ماددەی ھۆشبەر لە ساڵی ٢٠٠٠- ٢٠١٦ بە نزیکەی ٪‏١٣٦ زیادیکردووە.

 

ئەمڕۆ بازرگانی ماددەی ھۆشبەر یەکێکە لە گەورەترین بازرگانیە جیھانیەکان، وەک گەورەترین کێشەش دەبینرێت بۆ کۆمەڵگاکان، لە جیھاندا تێکڕای سەرماییەی بەگەرخراو لە بازرگانی ماددەی ھۆشبەردا دەگاتە نزیکەی چوارسەد ملیار دۆلار، کە دەکاتە ٪‏٨ی کۆی گشتی بازرگانی لە جیھان و تێکرای بەکارھێنەرانیشی دەگاتە نزیکەی ١٩٠ ملیۆن کەس لە جیھاندا.

 

کوردستانیش پشکی گەورەی بەرکەوتووە لەبابەتی بازرگانی و بەکارھێنانی ماددەی ھۆشبەر، بەجۆرک چینێک بەکاری دەھێنن کە ئاستی ھۆشیاری و پەروەردەیان لە ئاستێی ھێندە نزم دایە کەنازانن لێکەوەتە خراپەکانی چین؟ و کاریگەریان چیە؟ جیا لەوەش درکیان بە قەدەغەی و ترسناکی ماددە ھۆشبەرەکان نەکردووە، ئاشناییان نیە، بەوەی گیرۆدەبوون بە ماددەی ھۆشبەر وڵامدانەوەی فیزیۆلۆژیکی جەستەیە بە کەڵک وەرگرتنی دووبارە لە ماددە ھۆشبەرەکان.

 

ئەمەش چەندین ھۆکار لەخۆی دەگرێت:

کەمتەرخەمی لایەنی پەیوەندیدار بە بڵاو نەکردنەوە ھۆشیاری، نەگەیاندنی پەیامی ترسناکی ماددەی ھۆشبەر بە کۆمەڵگا و ھۆشیار نەبوونی خێزان و پەروەردەی ناتەندروست، ئاسانی لە بەدەستھێانان و بەکار ھێنان و بڵاو بوونەوەی گرووپی جۆراو جۆر لە ژێر ناونیشانی نەمانی خەمۆکی و چوونە جیھانی مەستی.

 

پێش ئەوەی کەسی بەکارھێنەر پێوەی ئاڵوودەبێت دەبێت بزانێت، دوای ئاڵوودەبوون نەخێزان نەژیان نەخواردن خواردنەوە، تەنانەت خەو و بیرکردنەوەش وەک خۆی نامێنێ بەڵکو تەواو ژیانی پێچەوانە دەبێتەوە، لە نیشانە دیارەکانی: دەبتە ھۆی کەم بوونەوەی کێش، خەمۆکی زۆر، کەمی خواستی جنسی، ڕەش بوونی ڕەنگی پێست بەتایبەت ژێر چاو، تووشبوون بە نەخۆشی دەروونی جۆراوجۆر، تێک چوون و نەمانی خەو، توشبوون بە نەخۆشی لە دڵ و سیەکان، توشبوون بە ئایدز و ھێپاتیت، لە ناوچوون و مردن.

 

لەگەل تەواوی لایەنە خراپەکانی ماددەی ھۆشبەر، بەڵام بوونە دیاردە لەبابەتی بازرگانی و بەکار ھێنانی ماددەی ھۆشبەر دەبینرێت لە کوردستان، بەجۆرێک لە دادگا، کەیسە ھەرە زۆرەکان بازرگانی و کێشانی ماددەی ھۆشبەرە، بۆتە عادەت لە کاتی ئاڕاستەکردنی پرسیار بەرەو ڕووی تۆمەتبار، کە زۆر جار گوێبیست دەبم لەدادوەر لەکاتی دادگایکردن، یەکەم پرساری دەیکات و دەڵێت: (بازرگانی بەماددەی ھۆشبە دەکەیت یان تەنھا بەکاریدەھێنیت). ئەمە بۆمان پشتڕاست دەکاتەوە ماددەی ھۆشبەر لە چ ئاستێکی بەرزدایە.

 

بۆ ھەرێمی کوردستان تا ئەو کاتەش ڕووبەڕووبوەنەوەی مادەی هۆشبەر قورس نیە، ئەگەر لایەنی پەیوەندیدار لە ئاست بەربڵاوی دیاردەکە و مەترسیەکانی تێبگەن و کاری جدی بکەن بۆ نەھێشتنی.

 

پشتگوێخستنی لە لایەن بەرپرسانی ھەرێم و بەئاسانی داخلبوونی بە ڕێگای قاچاغ و لە وڵاتانی دەوروبەر، ئەگەر ڕووبەڕو بوونەوەکان لە ئاستێکی پێویستدا نەبێت کار لە کاران دەترازێ.!

 

چارەسەریش گرتنەبەری ڕێکاری یاسایی قورسە لە سنوورەکان بۆ کۆنتڕۆڵی سنووری بازرگانی نایاسایی، بەتایبەت ماددەی ھۆشبەر، وە سەپاندی سزای تووند و غرامە کردن( پێبژاردن) بە بڕکی زۆر کە لەتوانای ماددی بەکارھێنەر یاخود کەسی بازرگانی ماددەی ھۆشبەر زۆر زیاتربێت.