سەرۆکایەتی پەرلەمان دانیشتنی پەرلەمانی هەڵپەساردووە

گوڵستان سەعید – سەرۆکی فراکسیۆنی بزوتنەوەی گۆڕان

گوڵستان سەعید – سەرۆکی فراکسیۆنی بزوتنەوەی گۆڕان

 

سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان دوو مانگە کارەکانی خۆی بۆ دانیشتنەکانی پەرلەمان هەڵپەساردووە و کۆبوونەوە ناکرێت، دەرئەنجامی ئەو ململانێیەی کە لە نێوان پارتی و یەکێتی دایە لەسەر پۆست و پارە و گرفتێکی تر ئەوەیە کە ڕێز لە ئیرادەی خەڵکی کوردستان ناگرن بە هەموو ڕەنگ و بیروڕا جیاوازەکانەوە، بە ویستی خۆیان بڕیار لەسەر ئەنجامدان یان ئەنجامنەدانی دانیشتنەکانی یاسایی پەرلەمان دەدەن، کە لە ئێستادا دەبوو پەرلەمان گرفتی هەمواری یاسای هەڵبژاردنی بکردایەتە پێشینەی جەلسەکانی پەرلەمان، کە لە ساڵی ٢٠٢١ ئێمە وەک فراکسیۆنی گۆڕان یەکەم فراکسیۆن و تاکە فراکسیۆن بووین بۆ ئەو مەبەستە پێشنیازی یاساییمان پێشکەش کردووە، بەڵام نەکرایە بەرنامەی کاری دانیشتنەکانی پەرلەمان، ئێستاش کەوتینە ئەو قەیرانەی کە هەیە لەبەر ئەوە بە پێویستی دەزانین سەرۆکایەتی پەرلەمان فشار لە کۆی هێز و لایەنە سیاسیەکان بکەن و بیانهێننە سەر مێزی گفتوگۆ و چارەسەری ئەو دۆخە نەخوازراوەی هەرێمی کوردستان، ئەو هەموو قەیران و گرفتانەی هاووڵاتیانی تیادان بەهەند وەربگرن و چارەسەری پێویستی بۆ گرفتی داهات و مووچە و نەبوونی هەلی کار و خراپی ڕەوشی دڵنیایی پاراستنی هاووڵاتیان لە کوشتن و تاوان و نەبوونی خزمەتگوزاریەکانی تەندروستی و پەروەردە و پاراستنی ژینگە و پاککەرەوەکان لە ئەستۆ بگرن، بەداخەوە ئێستا پەرلەمان خۆی بووەتە گرفت و کۆنابێتەوە.

 

ئێمە وای دەبینین کارکردنی لەم جۆرە بۆ بێ ڕۆڵکردنی پەرلەمانە لە چاودێری کردن و بەدواداچوون بۆ دەزگاکانی حکومەت، کە دەبوو پەرلەمان لەگەڵ ئەرکی چاودێریکردن ئەرکی دەرکردنی یاسا و پەسەند کردنی بودجەشی کە لە ئەستۆدایە، جێبەجێ بکردایە، لە ماوەی نۆ ساڵی ڕابردوو یاسای بودجەش نەهاتووەتە پەرلەمان لەلایەن حکومەتەوە کە لە سەرەتای کابینەکەدا لە هێڵە گشتیەکانی کارنامەی حکومەتدا هاتووە و لە پەرلەمان دەنگی پێدراوە، بەڵام ئەویش هەر نووسین بووە و نەبوو بە کردار، پەرلەمانیش ناپرسێتەوە بۆ؟ لەگەڵ ئەوەی چەند جارێک بە یاداشت و بە پرسیار و بە خاڵی پەیڕەوی داوامان کردووە یاسای بودجە یەکەم هەنگاوی شەفافیەتە پێویستە بینێرن بۆ پەرلەمان بەڵام ئەویش بێ وەڵام بووە و سەرۆکایەتی پەرلەمانیش فشاریان بۆ ئەو مەبەستە لە ئاستی پێویست دا نەبووە

 

ئێمە وەکو فراکسیۆنی گۆڕان پێمان گرنگە چیتر درێژە بەو ڕەوشە نەدەن دەرگای پەرلەمان داخەن، دەبێ هەوڵی لێکتێگەیشتن و چارەسەری لۆژیکی نێوان لایەنە سیاسیەکان بدرێت لە پەرلەمان قەیرانەکە بەهۆی هەمواری یاسای هەڵبژاردن دروستبووە، کە پێشتر ئێمە پرۆژەمان بۆ چارەسەری پێشکەش کردبوو، پارتی بۆ هەمواری یاسای هەڵبژاردن سێ رێکەوتنی واژۆ کردووە کە دەبێ تەوافوقی لایەنە سیاسیەکانی لەسەر بکرێت، چونکە ڕەهەندێکی نیشتیمانی هەیە پەیوەندی بە هەموو خەڵکی کوردستانەوە هەیە، نابێت بەبێ ڕێکەوتن هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت، لە ڕێکەوتنی پارتی و گۆڕان ئاماژەی پێدراوە، لە ڕێکەوتنی پارتی و یەکێتی دووبارە ئاماژەی پێدراوە لە ڕێکەوتنی فراکسیۆنی پارتی لەگەڵ سەرجەم فراکسیۆنەکانی پەرلەمان، کە سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی واژۆی کردوە لەگەڵ کۆی سەرۆک فراکسیۆنەکانی تر کە نابێت بەبێ ڕێکەوتن و تەوافوق هەڵبژاردن بکرێت و دەبێت یاساکە هەموار بکرێتەوە.

 

ئێمە وەک ئەرکێکی پەرلەمانی و سیاسی داوامان کردووە پەرلەمان ڕۆڵ بگێرێت لە فشارکردن بۆ هێزە سیاسیەکان، دەستی حیزب لە بڕیاردان لە دەرەوەی خۆی کۆتایی پێبێت، دەزگاکانی هەرێمی کوردستان تا لە دەرەوەی خۆی بڕیاری لێبدرێت قەیرانەکان هەروا بەردەوام دەبن، دەبێت ئەوەش چارەسەر بکرێت و پەرلەمانی کوردستان دەزگای شەرعی و مەرجەعی خەڵکی کوردستانە کە بڕیارە چارەنوسسازەکانی تیادا یەکلایی بکرێتەوە، بۆیە بە گرنگی دەزانین ئەو مەرجەعە بێت کە خەڵک چاوەڕێی لێدەکات.