دیوە ترسناکەکەی سوڵحی عەشایەری

پەیمان عیزەدین – چالاکوان

 

سوڵح، پێکهاتن، ڕێککەوتن، لە تێگەیشتنە سەرەتایی و سادەکەیدا بابەتێکی ئەرێنییە و ئاماژەیە بۆ تێگەیشتنی دۆخی ڕووداوەکە و بەرجەستەکردنی لێبوردەییە .

 

بەڵام ئەم لێبوردەییە کە لەڕێی سوڵحی عەشایەرییەوە بەیان دەکرێت، دیوێکی ترسناکی هەیە هەم لەسەر ئاستی کۆمەڵگە و هەم لەسەر ئاستی خێزان .

 

٭بەرپرسان و کوڕەکانیان ئەو سوڵحانە دەکەنە جێگرەوەی یاسا و بە پشتبەستن بەهێزی سیاسی و سەربازییان، دوپاتی پەراوێزخستنی یاسا و دادگاکان دەکەنەوە و بە ڕوونی پێمان دەڵێن ئێمە لەسەروو یاساوەین .

 

٭پەیامێکی ڕاستەوخۆ دەدەنە کۆی منداڵی بەرپرسان کە هەموو شت خۆیانن، بکوژن، ببڕن، بسوتێنن، بێخەم بن یاسا دەستی بەوان ناگات، ئەوەتا هەر ئەمڕۆ کوڕی کۆنە بەرپرسێکی تری یەکێتی تاوانێکی ئاشکرای ئەنجامدا .

 

٭ لەسەر ئاستی خێزانیش ئەم سوڵحانە هیچ بەها بۆ ژیانی تاکەکانی خێزان ناهێڵێتەوە، بوون و نەبوونیان وەک یەک لێدەکات، ژیانیان هێندە بێبەهایە کە باوک یان سەرۆکی خێزان دەتوانێت مامەڵەی پێوە بکات و لەسەر حسابی خوێن و ژیانی ئەوان ببێتە پاڵەوان و لێبوردە و جێی ستایش .

 

ئەم جۆرانە لە سوڵح بەتایبەتی لە حاڵەتی کوشتنی بە ئەنقەستدا، لەیەک کاتدا بێبەهاکردنی ژیانی کوژراو و ڕێزگرتنە لە بکوژ .

 

جاران لە دیوەخانەکان و لەسەردەستی شێخ و سەرۆک عەشرەتەکاندا ئەم سوڵح و مەجلیسە دروست دەبوو، بەو پێیەی دیوەخان و شێخایەتیی و عەشرەتگەری گۆڕاون بە حزب و مەکتەب سیاسی و بەرپرس و کوڕی بەرپرسان، ئێستا ئەوان بەو ئەرکە هەڵدەستن، سی ساڵە باوکەکانیان کارەساتی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی دەخوڵقێنن، ئێستا نۆرەی مناڵەکانیانە ئەوەی فریای نەکەوتوون ئەمان تەواوی دەکەن .