دادگاکان متمانەی ژنانیان دۆڕاند

ئاهەنگ کاوانی – نووسەر

ئاهەنگ کاوانی – نووسەر

 

١- کاتێک کوڕەکەت وا پەروەردە دەکەی بۆی هەبێت لە خوشکەکەی هەڵبدا گەر «هەڵەی» کرد یان دەنگی بەرزکردەوە، لە ژنەکەی بسرەوێنێت وەختێک بەدڵی ئەو نەجوڵایەوە.. باوک و برا بۆیان هەبێت فیشەکێک بە تەپڵی سەری خوشک یان کچەکەیانەوە بنێن، چونکە بەپێی عەقڵی تەسک و بچوکی ئەوان نەژیاون.. کاتێک لە منداڵییەوە هێندە دەسەڵات «دەسەڵاتی مان و نەمان» دەدرێتە دەستی نێر، واتا پەروەردەیەکی ناتەندرووست و نایەکسانت کرد. کە گەورە بوو بە مافی ڕەوای خۆی دەزانێت، شەق لە هەر ژنێ هەڵدا کە لە «نێرایەتی» ئەو کەم بکاتەوە.

 

٢- کاتێک باوک، بە بەرچاوی کوڕەکەیەوە لە هاوژینی خۆی هەڵبدات، یان هەر جۆرە مامەڵەیەکی ناشایستە بەو ژنە کە دایکی منداڵەکانییەتی، هەر جۆرە دەنگ بەرزکردنەوە و بێڕێزییەک پێی، دانی مۆڵەتە بە کوڕەکەی کە هەمان شت بکات بەرامبەر خوشک و دایکی و هاوژینی خۆی و هەر ژنێک بێتە بەردەمی، چونکە منداڵان چاو لە گەورەکان دەکەن، دایک و باوک نموونەی یەکەمی بەردەم منداڵن.

 

٣- حکومەت وەک دایبابی کۆمەڵگە، گەر بێدەنگ بێت لە ئاست هەر غەدر و تەعەدایەک منداڵەکانی لە یەکتری بکەن و سزای منداڵە لاسار و بەدڕەفتارەکەی نەدا، منداڵەکانی تریشی چاوی لێدەکەن و مێگەلێک لە بەدڕەفتار و بێڕەوشت و شەقوەشێن دروست دەبێت، لە جێی کۆمەڵگەیەکی تەبا و بەڕێز لە ئاست دایکان، ژنان و گەورەکان.

 

٤- من باوەڕم بە تۆڵەکردنەوە نییە، بەڵام سزا پێویستە، سزای دەمودەست. ئەگینا قبوڵکردنی تەعەددایەکی لەوجۆرە و بێدەنگ بوون لە ئاستی، سەرشۆڕییە بۆ هەرچی ئەوانەی بەناوی مافی ژن و مافی مرۆڤەوە بە کۆڵ پارە وەردەگرن و زمانییان دووهێندەی باڵایان درێژە.

 

٥- دادگاکان دەبێ ئیتر گومان لە دادی خۆیان و دارودەستەکەیان بکەن، ئەو تۆزە متمانە و ئومێدەی ئێمەی ژنان بە ئێوەمان هەبوو، دۆڕاندتان.