ژنێكی بەهێز بە

یەریڤان شاسوار - مامۆستا و چالاکوان

بەهێز بەو مانایە نا كە خاوەنی سوپایەك لە خەڵك بێت بتپارێزێت، قسە لەسەر ئەوە نییە كە جەماوەری بیت یان چەندە نازدار بیتت، یان چەندە دەوڵەمەند و چەندت پارە دەستدەكەوێت، بەهێزیەك كە پەیوەندی بە كاراكتەری ژنبوونمانەوە هەبێت و بە بەهێزی دەروونیمانەوە هەبێت.


پەروەردە و پێگەیاندنی مێینە لە خێزاندا كارێكی چەندە پیرۆزە، سەد ئەوەندە بەرئەنجامی ئەرێنی لەسەر خودی خێران و كۆمەڵگە دروست دەكات، پشتگیری و پاڵپشتی مناڵێكی كچ پێویستە چەند جارە بێت بۆ ئەوەی بتوانین تاكێكی ڕۆشنبیر و متمانە بە خۆبوو دروستبكەین، بە تایبەت لە بواری خوێندن و خود ڕۆشنبیركردندا.

 

لەلایەكی ترەوە ئەگەر خاوەنی هەزار بڕوانامەی باڵا بیت، بەڵام لە ڕووی ڕۆشنبیری و متمانە بەخۆبوونەوە لاواز بیت، ناتوانیت خزمەت بە كۆمەڵگە بكەیت، كەواتە مێینەیەكی بەهێز ئەگەر متمانەی تەواوی بەخۆی هەبێت، ڕۆشنبیر و خاوەنی دەروونێكی بەهێز بێت، نەك تەنها تاكێكە، بەڵكو خوێندنگەیەكە بۆ پێگەیاندنی نەوەكانی داهاتوو، پێویستە ژنان لەو ڕوانگەوە بیربكەنەوە كە بەشێكی زۆری چاككردنی كایەكانی كۆمەڵایەتی لە ئەستۆ بگرن، چونكە خۆجوانكردن و نمایش كاری ئەوان نییە، ئەوان لە بنەڕەتەوە كۆڵەكەی ڕێكخستن و بنیادنانی كۆمەڵگەن لە هەموو كایەكاندا.


ئێمەی ژنان پێویستە كاتەكانمان لە دۆزە شایستەكاندا خەرج بكەین، بیركەینەوە چۆن خۆمان پێبگەیەنین، چیتر بخەمە سەر خەرمانی پڕ بەرهەمی كارەكانم، چۆن هەوێنی لەدایكبوونی دەرفەتی ناوازە بم بۆ خزمەتی خۆم و هاوڕەگەزەكانم، پشتگیری لە كێ دەكەم و لە كوێدا، پێویستە هەمیشە ئەم پرسیارانە لە خۆمان بكەین بۆ ئەوەی ببین بە خاوەن مێشكێكی بەهێز و ڕەخنەگرانە نەك تەنها و تەنها جێبەجێكەر.


پێویستە نەترسین لە وەستانەوە بۆ پراكتیزەكردنی ئەوەی بە تەواوی باوەڕمان پێیەتی و بەهێزترمان دەكات لە كۆمەڵگەدا، ژنی بەهێز ژنانی دیكە بنیاد دەنێن، دڵخۆش دەبن بەسەركەوتنەكانیان، ئێمەی ژنان پێویستە شانازی بە كار و بڕیارە باشەكانمانەوە بكەین و پێویستە ڕاستگۆ و ڕاشكاوبین لەگەڵ خۆمان.