گەڕانەوەی داعش

ڕه‌نگین عه‌بدوڵڵا

- ئەندام پەرلەمانی پێشووی عێراق

 

داعش لە گەڕێکی دیکەی پەلامار و هێرشە تیرۆریستەکانیدا زەنگی گەڕانەوە بۆ ناوچەکە لێدەدات، بێگومان وەک چۆن داعش پلانێکی ئیقلیمی و ناوچەییە، بەهەمانشێوە رووبەڕووبوونەوەشی پلانێکی ناوچەیی و جیهانییە.

 

کۆمەڵێک جیهادیستی عەقڵ فاشی بە سکی برسی و جلوبەرگی شڕەوە هاتن و دەستیان بەسەر مەساحەیەکی گەورەی جوگرافیدا گرت لە عیراق و سوریا، هەر ئەوکات ئەم هێزە بەربەرییە بەهاوکاری هێزە دەرەکییەکان دەوڵەتەکەی لە موسڵ ڕاگەیاند.

 

فیکری داعش پێش ئەوەی باکگراوندێکی سەلەفی و جیهادی دینی هەبێ، ئەجندایەکی داگیرکاریی و پلانێکی ئایدیۆلۆژی مێژوویی هەندێ لە دەوڵەتەکانی ناوچەکەیە، داعش هێندەی لەسەر ئەو نەخشە و پلانە سیاسییانە ئیش دەکات کە خزمەتی ڕاستەوخۆیە بە هەندێک وڵاتی ناوچەکە هێندە لەسەر بنەمای ئاینی و مەزهەبی و دەق و شەریعەت ناوەستێ.

 

واتە هێندەی دەیەوێ پەلامارە دڕندانەکانی وەک کارتی فشاری سیاسی بەکاربهێنێت، کەمتر دەیپەرژێتە سەر فەریزە ئاینییەکان، چونکە زۆرێک لەو بەناو جیهادیست و سەلەفیستانەی ناو داعش بە قسەی زۆرێک لەو چیرۆکانەی لە زاری خۆیانەوە بیستوومانە تەنانەت هەندێکیان نازانن نوێژ بکەن.

 

لێرەوە ئەو خاڵە ڕووندەبێتەوە کە ئەم هێزە وەحشییەی لێرە و لەوێ بەردەدرێتە گیانی هاووڵاتیان و هەندێ هێزی سیاسی و ئەمنی لە ئەساسدا ئامانجێکی پەروەردەیی و ڕێکخراوێکی بانگخوازی و تەنانەت جیهادیشی نییە، چونکە زۆربەی سەرکردە و سەرە زلەکانی ناو ئەم رێكخراوە تیرۆریستییە کۆنە بەعسی و قاچاخچی و موعتادن.

 

ئەمڕۆ ئەم هێزە دڕندەیە نیازی گەڕانەوەی هەیە بۆ ناوچەکە و ئامانجیشی لەم گەڕانەوەیە بریتییە لە دژایەتیکردنی گەلی کورد جا ئەگەر باشووربێ یان رۆژئاوا یان هەر شوێنێکی دیکەی کوردستان، گرفتی گەورە ئەوەیە هیچ خوێندنەوەیەکی قووڵ بۆ گەڕانەوەی داعش نەکراوە.

هێزە سیاسی و دەسەڵاتدارەکانی هەرێم بەتەواوی ئەم وەحشییە بەرەڵایەیان فەرامۆش کردووە، لە کاتێکدا مێژووی تەهدیدە گەورەکەی داعش لە ٢٠١٤ زۆر نزیکە و خەریک بوو بێنە هەولێر و سەری رەشیش، وەک هەمیشە پارتی دیموكراتی کوردستان دوژمنی حەقیقی گەلی کوردی لەبیر کردووە و خۆی سەرقاڵ کردووە بە ملشکاندن و لێدان لە هێزە کوردستانییەکان، لە کۆتایشدا ئەوەی باجی هەڵە ستراتیژییەکانی پارتی دەدا خەڵکی کوردستان و رۆڵە برسییەکانی هێزی پێشمەرگەیە.

 

برێت مەکگۆرک لە چەند رۆژی ڕابردوودا وتی: « گروپی تیرۆریستی داعش لە ڕێگای تورکیاوە مەشقیان پێدەکرێ و رەوانەی ناوچەکە دەکرێن بۆ خوێنڕێژی و تیرۆر.» ڕەنگە ئەمە یەکەمجاربێ بەرپرسێکی گەورەی ئەمریکا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هێندە تۆخ تورکیا بخاتە نێو چوارچێوەی هاوكاری ڕاستەوخۆی تیرۆرەوە.

 

پێویستە سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان و دەزگا ئەمنییەکان بەهەند ئەم لێدوانەی مەکگۆرک وەربگرن و گەڕانەوەی داعش وەک هێزێکی مەشقپێکراو بە جدی وەربگرن.

ڕێکخستنەوەی ماڵی و کورد و یەکێتی نەتەوەیی و نیشتمانی لەم قۆناغەدا ئەرکی ڕاستەقینەی پارتی دیموکراتی کوردستانە نەک کردنەوەی جەبهەی ناکاو بۆ لێدان لە هێزە کوردییەکان کە ئیش دەکەن بۆ بونیادنانی کوردستانێکی ئازاد و پێشکەوتوو.