لەو وڵاتانەی باوک/پیاوسالاری بەهێزترە

سۆلماز درودی – چالاکوان

 

لەو وڵاتانەی کە سیستمی باوک/پیاوسالار بەهێزتر و بەو پێیەش یاسا و کولتووری کۆمەڵگە زیاتر لە ژێر کاریگەری ئەو بۆچوونەدایە، کاتێک وشەی ژن دەبیسترێت هەندێک ڕۆڵی وەکوو کابان، دایکی میهرەبان، کچی بەحەیا، خوشکی لەخۆبردوو یان هەندێک سیفەتی وەکوو بەناز، هەست ناسک، نەرمونیان و دڵ ناسک و هتد وەبیردێنێتەوە. هاوکات چەند واتایەک کە هەڵگری سنوورەکان و زنجیرەکانی دەستوپێی ژنانە لەگەڵ وشەی ژن تێکەڵ کراون وەکوو بەشەرم، بەحەیا، خانم و بە پێی جێگە بوونەوەی ژنان لە ناو ئەو ڕۆڵ و دەور و واتا و سیفەتانە بایەخیان دیاری دەکرێت.

 

لە ئاکامی ئەو نۆرمانەدا زۆربەی ئەو کەسانەی کە لە باری بیۆلۆژیکییەوە ژنن هەوڵدەدەن لەو بازنەی "ژنانە" بوونەدا جێگەیان بێتەوە و لەو ژنە بچن کە بەو نۆرمانە داتاشراون، بۆ نموونە قژی درێژ، سنگی بەرز، دەست و قاچی بێ موو، ڕوومەتی بەرز، پێستی نەرم، ناوقەدی باریک، سمتی بەرز، لووتی باریک و قنج و دەیان شتی دیکە کە ڕۆژانە بە پێی کات و شوێن لە گۆڕاندایە، ناوی جوانیی ژنانەیان لێنراوە.

 

باو بوونی جوانکاری و ڕاکێشرانی کچان و ژنان بۆ لای ئەم دیاردەیە، ئاکامی هەر ئەو ڕوانینە و زاڵبوونی هەر ئەو نۆرمانەیە کە باسکران. لاوان و تازەلاوانێک کە لە ژێر کاریگەری پەروەردە و میدیایەکدان کە ئەو بە ناو بایەخانە زەق دەکاتەوە و وەکوو نۆرم لە کۆمەڵگەدا جێگیریان دەکات، تاکبوون و حەز و پێخۆشبوونەکانیان لە چوارچێوەی تەسکی ئەو قاڵب و نۆرمانەدا قەتیس دەمێنێت و ئەوپەڕی ئاواتیان دەبێتە گەیشتن بە لووتکەی ئەو نۆرمانە و بوون بەو ژنە دڵخوازەی کۆمەڵگەی پیاوسالار.

 

یەکسانیخوازانی کوردستان و ئەوانەی بایەخە مرۆییەکانیان بەلاوە گرنگە پێویستە بنج و ڕیشەی خەسارە کۆمەڵایەتییەکان ببنینن و بیناسن، هێرشکردنە سەر کەسانێک کە قوربانی ئەو خەسارانەن بارێک لە سەرشانیان سووک ناکات، وتوومە و دیسان ئێژم خۆبوون شۆڕشگێڕانەترین کارێکە کە مرۆڤ دەتوانێت بیکات.