لێکچوونەکانی بیناسازی شارستانییەتی سۆمەری و کوردیی هاوچەرخ

نوسینی: لاڤە واحید

 

سۆمەرییەکان کە نزیک پێنج هەزار ساڵ پێش زایین لە ناوچەکانی دامێنی زنجیرەچیای زاگرۆس نیشتەجێبوون و لەم ناوچەیە یەکەمین شارستانییەتیان دامەزراند و نوسین و کشتوکاڵیان دۆزییەوە، خاوەنی تایبەتمەندی خۆیان بوون لە بواری بیناسازیشدا، گەر هەندێک بەراوردکاری بکەین لێکچوونی زۆر لەنێوان شێوازی بیناسازی سۆمەری و کوردی دەبینین، کە دیسان دەرخەری ئەوەن سۆمەرییەکان کورد بوون و دەبنە بەڵگەی کوردبوونی سۆمەرییەکان.

 

بە چاوخشاندنەوە بە بەڵگە مێژووییەکاندا ئەوە دەبینین، بیناسازی سۆمەرییەکان تایبەتمەندی خۆی هەبووە و زۆرباش زانیوییانە چۆن خانوو و پەرستگا ئاینییەکان بەجۆرێک دروستبکەن، بۆ ژیان و مانەوە گونجاو بێت و لەگەڵ گەرمای هاوین و سەرمای زستان بگونجێت.

 

بەگوێرەی ئەو بەڵگە مێژووییانەی بەردەستن، سۆمەرییەکان خانووەکانیان بەگشتی لە خشتی قوڕ یاخود کوخی زەل کە لە ناوچەی شارەزوور پێیدەوترێت نەیجە و لە شێوەی قامیشدایە دروستکردووە، خشتە قوڕەکانیان لە کورەی تایبەتیدا سوورکردووەتەوە و پاشان بۆ دروستکردنی بیناکانیان بەکاریانهێناون، لەنێوان خشتەکاندا ماددەی قیریان بەکارهێناوە، ئەمەشیان لەپێناو پتەوی و تۆکمەیی دیواری بیناکانیان کردووە.

 

سۆمەرییەکان چەند دەوڵەتەشارێکیان هەبوو، هەر دەوڵەتەشارێک خوداوەند و پارێزەری خۆی هەبووە و پەرستگای تایبەتیان بۆ دروستکردووە، لە خوار ئەمانە کەسانی دەوڵەمەند و باڵادەست خانووی گەورە گەورەیان هەبووە، خانووی سۆمەرییەکان بە دەرگای کەوانەیی و میچە تەختەکانیان دەناسرانەوە، کەسانی هەژار و دەستکورتیش لە کوخە سادەکاندا دەژیان کە لە زەل و کەرەستەی سادەی دیکە دروستکرابوون.

 

گەر بڕوانینە ناوچە دێرینەکانی کوردستان، بەنمونە گوندی چەرمۆ کە بە یەکێک لە کۆنترین گوندە کشتوکاڵییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان دادەنرێت و مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ حەوت هەزار ساڵی پێش زایین، دەتوانین ئەو لێکچوونە بە ڕوونی ببینین، وەکچۆن لە تۆمارە مێژووییەکاندا باس لەوە کراوە خانووی سۆمەرییەکان بە قوڕ و خشتی سوورەوەکراو دروستکراوە، لە کنە و پشکنینەکانیشدا ئەوە دەرکەوتووە لە گوندی چەرمۆ چەندین خانوو هەبوون کە لە کاگڵ و بەرد دروستکراون.

 

تەنانەت کاریگەری بیناسازی سۆمەری تا سەدەکانی ڕابردووش بەسەر بیناسازی کوردییەوە هەبووە، سۆمەرییەکان کاتێک خانوویان دروستکردووە، ژووری بچوک بچوکیان لەناو یەکدا دروستکردووە و نێوانی خانووەکان گەڕەکی تەسک بوون، بۆ ئەمەش پێویست ناکات زۆر دوور بڕۆین تا لێکچوون ببینین، هەر کۆڵانەکانی مەڵکەندی سلێمانی و سابونکەران و کۆڵانە دێرینەکانی شاری کۆیە و قەڵای دێرینی هەولێر تەماشابکەین، دەبینین چ کاریگەرییەکی بیناسازی سەردەمی سۆمەرییەکان تا ئەم دواییەش بەردەوام بووە، کە لە بنەڕەتدا هەر بیناسازی کوردییە.

 

لەنێو ئەو خانووانەی تۆمارە مێژووییەکان باسیان دەکەن و دەیانگەڕێننەوە بۆ سۆمەرییەکان، دەردەکەوێت گرنگییەکی زۆر بە رووناکی و وزەی ناو ماڵەکان درابێت، بەنمونە بەکارهێنانی شێوازی کەوانەیی لە دەرگا و دیواری نێوان ژوورەکان و پەنجەرەکانیش دەرخەری ئەم ڕاستییەن، بەتایبەت کە شێوازی کەوانەیی ئاماژەیە بۆ بێسنووری و جوڵەی بەردەوامی وزە، جگە لەوەش لە زانستی بیناسازیدا، دیواری کەوانەیی پتەوترە لە دیواری سوچدار و مەودای بینینیش بەرفراوانتر دەکات، هەمان تەکنیکی بیناسازی لە سلێمانی کۆنیشدا پەیڕەو کراوە و مێژوویەکی ئەوەندە نادیار نییە و ئێستاش لە گەڕەکە کۆنەکانی شار دەتوانین بەرچاومان بکەوێت.

 

تایبەتمەندێتییەکی دیکەی خانووی سۆمەرییەکان فێنکی بووە، سەرباری ئەوەی هەزاران ساڵ لەمەوپێش ژیاون، بەڵام زۆر زیرەکانە خانووەکانیان بەجۆرێک دروستکردووە لە گەرمای هاوین پاراستوونی، ئەوان دیواری خانووەکانیان ئەستوور و پەنجەرەی بچووکیان تێدا دروستکردووە، تا گەرمای زۆر نەچێتە ناو خانووەکانەوە و ناوەوە بە فێنکی بمێنێتەوە، جگە لەوەش سۆمەرییەکان، دیوار و میچی ماڵەکانیان لە قوڕ و خشت دروستکردووە، کە زۆر گونجاون بۆ هەڵمژینی گەرما لە ڕۆژ و دانەوەی لە شەودا، جگە لەمانەش خانووەکانیان لەتەنیشت و نزیک یەکتر دروستکردووە و ڕێگا و کۆڵانەکانیان تەسک دروستکردووە تا بەدرێژایی ڕۆژ سێبەر هەبێت و بوار نەمێنێتەوە بۆ هەتاوی زۆر، هەمان شێوازی بیناسازی لە کوردستانی کۆنیشدا بەکارهاتووە و تا سەدەی ڕابردووش زۆرێک لە خانووەکانی ناوچە جیاجیاکانی کوردستان لەقوڕدروستکراو بوون و نزیک یەکتر هەڵچنرابوون.