‎خوێندکار، شریانی کۆمەڵگە و داڕێژەری دواڕۆژ

د. پەروین عارف

 

‎لە پۆستێکی پارساڵدا باسم لەوەکرد کە وڵاتی میرنشینەکانی عەرەبیی یەکگرتوو، بڕی ٢٤ ملیارد درهەم، کە دەکاتە ٦.٥ ملیۆن دۆلاریان تەرخانکرد بۆ ‎دامەزراندنی (٧٥) هەزار گەنجی وڵاتەکەیان لە کەرتی تایبەت و بۆ ماوەی (٥) ساڵ.

 

‎ئەم ڕۆژانەی خوێندکارانی زانکۆکانی ئەم وڵاتەی ئێمە و هەوڵدانیان بۆ وەرگرتنی دەرماڵەیەک، کە مرۆڤ لە ڕووی نایەت بڕەکەی بنووسێت، ‎بابەتەکەی پارساڵی وەبیر هێنامەوە و جارێکیتر دووپاتی کردەوە کە لای ئێمە نادادی زۆر دەمێکە خۆرکەیەکە، دەمی چڵێسی ژەنیوەتە هەموو سووچێکی ئەم وڵاتە.

 

خوێندکار، هەتا خوێندکارە، دەبێت لەسەر شەقام بێت بۆ دەرماڵەکەی، ‎کە خوێندنی تەواو کرد، دەچێتە ڕیزی ئەو هەزارەها گەنجەی کە پێش ئەو ڕیزیان بەستووە لە ژێر ئاڵای بێکاراندا!، ‎ئەوانەی دەچنە سەر شەقام و داوای مافی خۆیان دەکەن لە وەرگرتنی دەرماڵەدا، کوڕ و کچی ئەم وڵاتە دەوڵەمەندەن بە نەوت وغاز!!

 

‎ئەمان بە کۆششی خۆیان و کەسوکاریان خوێندن تەواو دەکەن، ‎هەندێکیان بە کولەمەرگی، خوێندکارێک پێی وتم: ‎من دوو هەزار دینارم لە گیرفاندا بوو، کوڕەکەی پۆلەکەم هەر دوو هەفتە جارێک ئۆتۆمبیلێکی تازەی دەهێنا بۆ زانکۆ، ئەو ئۆتۆمبیلی نەدەویست، دەیویست دەرماڵەکەی بەبێ کێشە وەربگرێت.

 

‎گەنج خاوەنی وڵاتن، هەرچەند وا پیشانبدرێت کە ئەوان، خاوەنی ٢٥٠ دینارە چڵکن و دڕاوەکانن، کە ئێوەش نەتانەوێت، ‎بیر و بۆچوونی سەردەم لای گەنجان، لای ئێوەی باپیرە و داپیرە نیین!

 

‎وڵاتێک زۆربەی گەنجەکانی هەروەلە بکەن بۆ خۆڕزگارکردن، دواڕۆژی تاریک بەخۆیەوە دەبینێت، ‎بۆ چیمانە لەسەر نەخشەی وزەی جیهانیی بین، کە دەرماڵەیەکی شەرمهێنەر ( ٦٠ هەزار دینار) ‎دابین نەکرێت بۆ خوێندکار؟

 

‎وڵاتە پێشکەوتووەکان کێبڕکی دەکەن لە خزمەتکردنی گەنجەکانیان و گوێگرتن لە ڕا و بۆچوونیان، لە وڵاتی ئێمەدا، کەمینەیەک گەنج هەموو شتێکیان هەیە و بمبوورن لەم دەستەواژەیە (شەق لە پارە هەڵدەدەن)، زۆرینەش کە شریانی کۆمەڵگە و دواڕۆژن، یان سەری خۆیان هەڵدەگرن بۆ هەندەرانێکی بێبەزەیی، یان کرێکاری دەکەن  ئەگەر دەستیان بکەوێت، ‎لەدوایدا دەڵێم، ئیدی بەسە، با بەس بێت وەلاخستن و فەرامۆشکردنی دواڕۆژمان، ‎ئاوڕێکی جوامێرانە لە گەنج بدەنەوە هەتا کەشتییەکە بە جارێک ژێرئاو نەکەوتووە.