خانەنشینکردنی ژنان لەلایەن مێردەکانیانەوە!

ڕەهێڵ دزەیی

 

پەیوەندی مرۆڤەکان بە گشتی و پەیوەندی سۆزداری نێوان ژن وپیاو بەتایبەتی جیاوازی هەیە لە  کۆمەڵگەیەک بۆ کۆمەڵگەیەکی تر.

 

نەریت و کلتور و شیوازی حکومڕانی و سستمی پەروەردە و فێرکردنی هەر کۆمەڵگەیەک کاریگەری زۆری هەیە لەسەر شێواز و ئاستی پەیوەندیەکان.

 

لە کۆمەڵگە و کلتوری کوردیدا ئەو هۆکارانەی باسم کرد کاریگەری نەرێنی هەیە لەسەر پەیوەندی مرۆڤەکان. کلتوری کوردی کلتورێکە تا ڕادەیەک ڕێگە نادات پەیوەندی نێوان ژن و پیاو کراوە و پتەوبێت، سستمی حکومڕانی و پەروەردە و فێرکردن لەم ئاستە نییە بتوانێ پەیوەندیەکان بە ڕێڕەوێکی دروست وسەرکەوتوو ببات.

 

لە ناو کورد باوە، باشترە پیاو بە تەمەن لە ژن گەورەتر بێت لە کاتی هاوسەرگیری، بە بیانووی ئەوەی ژن لەبەر ئەم ئەرکە زۆرەی لەسەر شانیەتی و منداڵ بوون زووتر پیری پێوە دیار دەبێت، بێ ئەوەی بیر لە گونجانی نێوان ژن و پیاوەکە بکەنەوە، کەواتە مەبەست لە هاوسەرگیری لێرە پێکەوە ژیان و نزیکبوونی بیرکردنەوە و لێکتێگەیشتن و شێوازی ژیان کردن نییە، بەڵکو دروستکردنی خێزانە، کە پێکدێت لە ژن هەموو بەرپرسیاریەتی ناو ماڵ و منداڵ بەخێوکردن و میوان بەڕێکردن و جێبەجێکردنی ئەرکە شەرعیەکانی پیاوەکەیەتی، لە بەرامبەردا پیاو ئەرکی ئەوەیە لایەنی مادی خێزان دابینبکات و ببێت بە سەروەری خێزانەکەی و بڕیار لە هەموو ئەو کارانەی ڕووبەڕووی خێزان دەبێتەوە بدات.

 

ئەمجۆرە لە بیرکرنەوە لە هاوسەرگیری وا لە بەشێک لە پیاوان دەکات دوای چەندین ساڵ لە ژیانی هاوسەرگیری، دوای ئەوەی تەمەنێکی زۆر بە خۆشی و ناخۆشی بەرێدەکات لەگەڵ ژنەکەی، لە هەموو قۆناغەکانی ژیانی ژنەکەی پشت و پەنای دەبێت و بەرگەی هەموو ناخۆشیەکان دەگرێت، بڵی"ژنەکەم هیلاک بووە و توانای ئەرکی ماڵ و منی نەماوە، ناتوانێت ئەرکەکانی بەرامبەر بە من جێبەجێ بکات، لەبەرئەوەی نەخۆشە و گەورەبووە، (مەبەستی لە ئەرکی شەرعییە)، بۆیە پێویستم بە وەیە ژنێکی تر بێنم، با ئەو ژنەی ئێستام ئیسراحەت بکات"( خانەنیشینی دەکات)، وەک ئەوەی بۆخۆی کوڕی چواردە ساڵ بێت، بێ ئەوەی بیر لەوە بکاتەوە کە ئەم ژنە لەبەر ئەو ئەرکە زۆرەی لەسەرشانی بووە بەرامبەر بە خێزانەکەی و بە جوانترین شێوە جێبەجێی کردووە، نەخۆش کەوتووە، لەجیاتی ئەوەی پاداشت بدرێت، ژنێکی تری بەسەر دێت و لە کوچەکی ماڵەکە خانەنیشین دەکرێت و هەموو ئەو ماڵدارییەی چەندین ساڵە کردوویەتی بەرهەمەکەی ژنێکی تر دەیخوات.

 

بۆ ئەوەی ئەم جۆرە نادادپەروەریە کەم بکرێتەوە گرنگە سستمی پەوروەردە و فێرکردن بگۆڕدرێت و ببێیت بە سستمێکی سەردەمیانە و هاوچەرخ و دیموکرات، نەوەکان بە شێوازێک پەروەردە بکرێن ڕێز لە مافی یەکتر بگرن، بەها بۆ یەکتر دابنێن و وەک کاڵە و جێبەجێ کردنی حەز و ئارەزووەکان سەیری یەکتر نەکەن.

 

لە سستمی پەروەردە و فێرکردنی هاوچەرخدا هاوتەمەنەکان بەیەکەوە پۆلەکان دەبڕن و گەورە دەبن، گرنگی ئەوەیان بۆ شیدەکرێتەوە کە هاوتەمەنەکان بەیەکەوە بەختەوەرتر دەبن و زیاتر لەیەکتر دەگەن و دەتوانن وەک دوو مرۆڤ مامەڵە لەگەڵ یەکتر بکەن و سەرکەوتووتر دەبن لە پەیوەندیەکانیان لەگەڵ یەکتر، بە تایبەتی لە کاتێکدا بڕیاری هاوسەرگیری دەدەن. دەتوانن بەیەکەوە بژین وەک دوو مرۆڤی خاوەن کەسایەتی سەربەخۆ. بۆیە لەم وڵاتانەی سستمی پەوەردە و فێرکردن تێیدا سستمێکی دیموکرات و پێشکەوتووە دەبیینین زۆر دەگمەنە دوو کەس جیاوازی تەمەن لە نێوانیان هەبێت هاوسەرگیری بکەن.

 

زۆر دەگمەنە ژنێک دەست لە پیاوەکەی هەڵگرێت لەبەرئەوەی نەخۆشە یان هەر کەموکوڕیەک لە مێردەکەیدا هەبێت، بەڵکو تا لە ژیان ماوە خزمەتی مێردەکەی دەکات، بۆیە تۆی پیاویش ئەو کەسەی لە گەنجیەوە لەگەڵتدا بوو گەنجی و جوانی  خۆی پێبەخشی، مەردایەتیە لە کاتی گەورەبوون و نەخۆشیدا لەگەڵی بیت و هاوکاری بیت بۆ ئەوەی ئەو ماوەیەی لە ژیان ماون بە ئاسوودەی و خۆشی و ڕێزەوە بژین.