کوشتن و سزا وەک دوو ناونیشانی بێزراو
سۆزان حەمەتاتە – نووسەر
لە چەند رۆژی رابردوودا ناونیشانی بەشێك لە هەواڵەكان سزادان و كوشتن بوون، دیارترینی ئەو كوشتن یان هەوڵی كوشتانە یەكێكیان جیهانی و ئەوی دیكەشیان لە هەرە دڵتەزێنترین هەواڵەكانی كووشتن بوو لە هەرێمی كوردستان و بەدیاریكراوی لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ بوو، كە بەداخەوە لە هەردووكیاندا مرۆڤ دەگاتە لووتكەی دڕەندەیی و هیچ بەها و پێوەرێك بۆ مرۆڤبوون و ئازادی و ژیان نامێنێتەوە، بەڵكو لەبری ئەوانە رق و تۆڵە و سزادان جێگەیان دەگرێتەوە كە ئەمەش كۆمەڵگە پڕ دەكات لە ترس و تۆقین و نەمانی متمانە و زاڵبوونی ئاستەكانی سزادان و چاودێری و تووندوتۆڵكردنی رێوشوێنە ئەمنییەكان لەلایەن حكومەتەوە كە بەداخەوە ئەوە كۆمەڵگە بەرەو پۆلیسی زیاتر دەبات.
لەسەر ئاستی جیهان و لە پەیمانگەی نیویۆرك گەنجێك بەناوی هادی مەتەر بە رەگەز لوبنانی، بە چەقۆ هێرشیكردە سەر سەلمان رووشدی یەكێك لە نووسەرە دیارەكانی جیهان، راستە سەلمان رووشدی بەهۆی كتێبی "ئایتە شەیتانییەكانەوە" جیهانی ئیسلامی رەنجاند و تەنانەت گەیشتە ئەو ئاستەی فەتوای كوشتنی بۆ دەركرا، بەڵام ئەوە پێچەوانەی بەهاكانی مرۆڤ و بیركردنەوەی رەخنەگرانەیە، بەڵكو لەبری چەقۆلێدان دەبوو بە دەیان رێگەی دیکە وەڵامی بدرێتەوە. ناخۆشترین خاڵ لەم هێرشەدا ئەوەیە گەنجەكە هێشتا تەمەنی 24 ساڵە و سەرەتای ژیانێتی، رەنگە بە دەیان هۆكار كەوتبێتە ژێر كاریگەری بیركردنەوەیەكی تووندڕەوانە و ئێستا ژیانی نووسەرەكە و خۆیشی لەژێر مەترسیدایە و ئەوەش وایكردووە مرۆڤە ئازاد و نووسەرە بووێرەكان مەترسیی زیاتر لەسەر ژیانیان دروست بێت.
رووداوەكەی تر كووشتنی باوك و كچێكی شەش ساڵانە لەلایەن كەسێكی نزیكی خۆیانەوە، لەم كەیسەدا جگە لەوەی دوو حاڵەتی كووشتن هەیە لەهەمانكاتدا بێ متمانەییەكی وا دروستدەكات كە مرۆڤ لە نزیكترین كەسی خۆی چیتر دڵنیا نەبێت، یان بە گوومانەوە لە نزیكترین كەسی خۆشی بڕوانێت.
خاڵی مەترسیداری دیکە ئەوەیە پرسی لەسێدارەدان دەكەوێتەوە كار لەكاتێكدا لە ماوەكانی رابردوودا هەوڵدەدرا یاساكانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ پێوەرەكانی مافەكانی مرۆڤ بگونجێنرێن و سزای لەسێدارەدان نەهێڵدرێت، بەڵام بەهۆی دڕندەیی تاوانەكە و كاردانەوەی نەرێنی لەسەر كۆمەڵگە و دەنگهەڵبڕینی خەڵكێكی بۆ جێبەجێكردنی سزای لەسێدارەدان، بە ئەگەرێكی زۆر ئەو بكوژەی سنووری زاخۆ لەسێدارەدەدرێت.
راستییەكەی زۆربوونی حاڵەتەكانی كوشتن و بازدانی بەرەو دیاردە كۆمەڵگە بەرەو گەڕانەوە بۆ دواوە دەبات، بەهاكانی مافی مرۆڤ دەخاتە ژێر پرسیارەوە، دۆخی دەروونی ناجێگیر دروستدەكات، سزادان زۆر دەبێت و یاسا تووندوتیژەكان بەركار دەبەن، هەموو ئەوانەش پێشكەوتنەكانی كۆمەڵگە دەوەستێنن و كووشتن و سزا دەبنە دوو ناونیشانی بێزراو لە كۆمەڵگەی كوردستاندا.