کولتوور بناغەی هەر کۆمەڵگەیەکە

بێریڤان شاهۆ - ڕۆژنامەنووس

 

کولتوور بناغە ماددی و مەعنەوییەکانی هەر کۆمەڵگەیەک دەگرێتەوە، واتا ناتوانی بڵێی کولتوور تەنها زمان، عەقڵییەت یان ئاوەز، جلوبەرگە یان دابوونەریتەکانە، ئەمانە بەشە مەعنەوییەکەی کولتوورن، بەڵکو بەشە مادییەکەی کە دەوڵەمەندی جوگرافی، پەروەردەیی، تەندروستی و شێوازی بەڕێوەبەرییەکەی دەگرێتەوە و هەموو پێکەوە واتا دەدەن بەو کولتوورە.

 

بۆ ئەوەی نەتەوەیەك بناسین پێویستە سەرەتا لە كولتوورەکەیەوە واتە لە ناسینی جوگرافیا و شێوازی ژیانیان، كردارەكانیان، ئاستی بیركردنەوەیان، مامەڵەكردنیان و هۆشیاریان، هاوکات زمان و جلوبەرگیانەوە دەست پێبكەین، کە ئەمانە پێمان دەڵێن ئەم گەلە خاوەن چ جۆرە كلتوورێكن.

 

کولتوور یادگەی هەر کۆمەڵگەیەکە، تەنیا کاتێک دەتوانرێت باس لە هەبوونی کۆمەڵگەیەک بکرێت کە خاوەن کولتوورێکی ڕەسەن و تایبەت بە خۆی بێت.

 

بە درێژایی مێژوو مرۆڤەکان لە هەر نەتەوەیەک بووبێتن، لەناو  یەکدا ژیاون و سنووری دەستکرد بوونی نەبووە لەنێوان کولتوورەکانیاندا، لە شێوەی ژیان، لەبەر کردن، خواردن، ئاخاوتن، هەڵسوکەوت، گۆرانی، سەما و زۆر شتی دیکە کەڵکیان وەرگرتووە و سوودیان بەخشیوە بە یەکتریش بە شێوەیەکی سروشتی و بەبێ ئەوەی کە کولتووری ئەوی دیکە بەسەر ئەویتریاندا زاڵ بووبێت، یان هەوڵی سڕینەوەی یەکتریان دابێت، واتە کاتێک باس لە شێوە گرتنی کولتوور بکەین ناتوانین هیچ کام لە کولتوورەکانی ئەم جیهانە لە یەکتر داببڕێنین.

 

گەلی کورد یەکێک لەو نەتەوە ڕەسەن و کۆنانەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە، کە هەڵگری کولتووری زاگرۆسی یان میزۆپۆتامیای لانکەی شارستانیەتە، ئەم کولتوورەش لەسەر دەستی ژن-دایک پێشکەوتنی بەخۆیەوە بینیوە.

 

واتە ڕۆڵی ژن-دایک تەنیا وەچەخستنەوە نییە، بەڵکوو لە بەکۆمەڵبوون و هێنانە لای یەکی مرۆڤەکاندا ڕۆڵی سەرەکی هەبووە، ئەم بەکۆمەڵبوونە یان هاتنەلایی یەکی مرۆڤەکان بووەتە هۆکاری دروستبوون و بەرەو پێشچوونی کولتوور، کە تائێستاش ئەم پێشەنگایەتی و فیداکارییەی ژن-دایک لە پاراستنی کولتووری کوردەواری بە هەموو بەها ماددی و مەعنەوییەکانییەوە بەرجەستەیە.

 

بەڵام بەداخەوە لە ئێستادا شاهیدی ئەوەین کە سیستەمی پیاوسالاری و سەرمایەداری بە هەموو شێوازێک لە کەسایەتی ژندا هەوڵی سڕینەوەی ئەم کولتوورە دەدات، بەم هۆیەشەوە زۆر جار و بە ڕێگای جیاواز لە لایەن سیستەمی سەردەستەوە کاتێک کە نەیانتوانیوە شکستیان پێ بهێنن، هەوڵی دزین و سڕینەوەی کولتوورەکەیان داوە. بۆ ئەوەی لەم ڕێگەیەوە کۆمەڵگە بە چۆکدا بدەن، هەموو هەوڵەکانیان ئەوەیە ژن لە ئاستی پێشەنگایەتی، خوڵقێنەری و داهێنەری کولتوور بهێننە ئاستی نەزانی، دوورکەوتنەوە لە جەوهەری خۆی و بی ئیرادەیی، کە ئەم سیاسەتە لە ڕۆژی ئەمڕۆشماندا بە دژوارترین شێوە بەڕێوە دەچێت.

 

دەوڵەتانی سەردەست لە هەموو بەشەکانی کوردستان لەم ڕێگایەوە توانیویانە بە ڕێژەیەکی بەرچاو ویست و داخوازییەکانی خۆیان بەسەر کۆمەڵگەی کوردەواریدا بسەپێن، بۆیە لە ئێستادا ئەم دۆخە لە کوردستان بە شێوازێکی ڕوون و ئاشکرا دەبینرێت، جا ئەمە چ لە ڕێگای تاڵانکردن و شێواندنی جوگرافیای کوردستانەوە بووبێت یان سەپاندنی شێوازی ژیانی خۆی لە ڕێگای زنجیرە دراماکان و شێوازی جلوبەرگ و خواردنەوە یان لە ڕێگای زاڵکردنی هونەری دەرەکی و پەروەردەوەییەوە بووبێت. وتەیەکی کوردەواری هەیە کە دەڵێت بە لۆکە سەر بڕین .

 

پرسیار ئەوەیە کە ئایا شێواندنی کولتوور و زاڵ بوونی کولتووری سەردەست چی بەسەر ئەو کۆمەڵگەیەدا دەهێنێت؟

کاتێک باسی ڕۆشنبیری دەکەین پێویستە ئاماژە بە پەیوەندی نزیکی بە جەوهەر و مێژوو و جوگرافیا بکەین. هەموو ئەم فاکتەرانە پەیوەندییەکی زۆریان بەیەکەوە هەیە، بێ گومان نیشتیمانپەروەری و جێبەجێکردنی ئەرکەکان بەرامبەر بە نیشتمان و خاک و نەتەوە و ئازادیش پێویستی بە زانیارییەکی گەورە هەیە دەربارەی کولتوور و مێژوو و جوگرافیا. هەر لەبەر ئەمەشە کە فشارەکانی سیستەمی پاوانخوازی بۆ کۆچکردن و تواندنەوە و شێواندن لە مێژوودا ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر دەبن. بۆ نموونە سەیری کەسێک بکەن کە ساڵانێکە لە زێدی خۆی دوورە، بە زمانێکی تر جگە لە زمانی دایکی قسەی لەگەڵ دەکرێت، شار و گوند و مێژووی زێدی خۆی نازانێت یان گرنگی پێنادات، چ جۆرە کەسایەتیەکی دەبێت ئەو کەسە؟  کەسێک کە لە کولتوور و مێژوو دابڕاوە، کەسێکە کە بوونی لە مەترسیدایە، بڕواشی بەخۆی کەمە، چونکە لەپشت جەوهەرەکەیەوە ناوەستێت، بەردەوام لاسایی کولتوورەکانی تر دەکاتەوە، لەخۆی دووردەکەوێتەوە. بەڵام لە لایەکی ترەوە سەیری ئەم بابەتە بکەن، کە کاتێک مرۆڤ ئاگاداری کولتووری وڵاتەکەی بێت، ڕۆژ بە ڕۆژ تێدەکۆشێت بۆ ناسینی مێژووی خۆی و شانازی پێوە دەکات، کەسێکی لەو جۆرە درکی بە بوونی خۆی کردووە و دەزانێت کە مرۆڤ بێ کولتوور و مێژوو وەک ماسییەک وایە بێ ئاو، کەواتە بۆ هەموو مرۆڤێک ناسینی مێژوو و کولتوور ئەرکترە لە کەش و هەوا.

 

بێگومان ڕۆڵی ژن لەم ڕووەوە گرنگترینە، ژن و ژیان دوو وشەی لێک دانەبڕاون، ژنان ساڵانێکە فێری ئەوە بوون کە چۆن لە یەک جوگرافیا و کولتووردا بژین، لە دەوروبەریان ژیان ڕۆژ بە ڕۆژ پێشکەوتووە، واتە چ بە درێژایی مێژوو و چ ئەمڕۆش ژنان ڕۆڵێکی گەورەیان لە پاراستنی کولتووردا هەبووە. هەرچەندە سیستەمی سەرمایەداری، ژنان زیاتر دەکاتە ئامانج و لەبری کولتوور دژە کولتوورەکان دەخاتە ناو کۆمەڵگەوە، بەڵام ژنان ڕۆڵێکی گەورەیان هەیە لە پەروەردەکردنی خێزانەکانیان و دەوروبەریان، بۆیە ئەگەر بمانەوێت کۆمەڵگە پەروەردە بکەین پێویستە ژنان لەو کۆمەڵگەیەدا هۆشیار بن.