نرخی نەوت و بەهای مرۆڤ

سۆزان حەمە تاتە - نووسەر

بەپێی بازاڕ و بۆرسەكانی جیهان بێت، ڕۆژی ٥-٤-٢٠٢٤، نرخی نەوتی برێنت ٥٩ سەنت بەرزبووەوە و گەیشتە ٩١ دۆلار و ٢٤ سەنت بۆ هەر بەرمیلێك، ئەمەش هاوكاتە لەگەڵ بە كەم بینینی بەهای مرۆڤ و فراوانبوونی كوشتوبڕییەكان بەهۆی ئەو شەڕە زۆرانەی لەنێوان وڵاتان، حزب و كەس و بنەماڵە و خێزانەكاندا دەگوزەرێن.

 

زۆرێك لە وڵاتانی پێشكەوتوو، ئەوانەی لە یەكەمەكانی بەرهەمهێنانی چەكن بە هەموو جۆرەكانییەوە، پێویستییان بە بڕێكی زیاتری نەوت هەیە، بەتایبەت كەوا ئێستا دوو شەڕی گەورە بەڕێوەدەچن، ئەوانیش شەڕەكانی ئیسرائیل- حەماس و ڕووسیا- ئۆكراینا و بازاڕی چەكیان زیاتر گەرم كردووە.

 

سەرمایەداریی و كۆكردنەوەی سەرمایە و خەونی خۆبەزلهێزكردن، زۆر وڵاتی تامەزرۆ بە هەڵگیرساندنی جەنگ و مرۆڤ كوژی كردووە، بەو جۆرەی مرۆڤ هیچ بەهایەكی نەماوە، كوشتنی ژن و منداڵان بە هەزاران و برسی كردنیان لایان بووەتە كارێكی ئاسایی و هەرئەوانیش زیاتر باس لە ئازادیی و دیموكراسی و بەهای مرۆڤ دەكەن، كەچی پێچەوانەكەی دەكەن.

 

هیچ شەڕێك پیرۆز نییە ئەگەر بۆ ئازادكردنی مرۆڤ لە ستەمكاران و ستەمكاریی نەبێت، هیچ بەهایەك لە بەهای مرۆڤ بەهادارتر نییە، هیچ زەوییەك بۆ ژیانی مرۆڤ گونجاو نییە ئەگەر ئاگری شەڕی لێ هەڵبگیرسێت و وێرانەی بەدوادابێت، هەموو شەڕەكان مرۆڤ لەناودەبەن و ژیان بێ بەها دەكەن.

 

نەوت و دەستكەوتنی و بەكارهێنانی، بەشە زۆرەكەی بۆ بەرهەمهێنانی چەكە، بۆ خۆ گەورەكردنە، بۆ نمایش و خوڵقاندنی شەڕە، بۆ فراوانتركردنی ڕووبەری قەڵەمڕەویی نامەشروعە، بۆ داگیركاریی و كەڵەكەكردنی سەرمایەیە، بۆیە هەموان چاویان لەسەر ئەو زەویی و وڵاتانەیە خاوەن نەوت و غازن و دەیانەوێت تەنها بۆ خۆیان بێت.

 

سیاسییە شەڕەنگێزەكان نەوتدۆستن، تینون بە هەر بەرمیلە نەوتێك، دەیانەوێت چەند دەتوانن تەنكییە نەوتهەڵگرەكانیان پڕبكەن لێی، سیاسییەكی سەرمایەدار نییە لە مێژوودا لە نەوت تێربووبێت، هەر ئەوەش وایكردووە نرخی نەوتیان لە بەهای مرۆڤ لا گرنگتربێت و باكیان بە مرۆڤكوشتن نەبێت.