ژیانی ئێمە لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکاندا

بەناز حەمەڕەشید- مامۆستای زانکۆ

 

تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بەگشتی و فەیسبوک بەتایبەتی گەورەترین سەکۆی کۆکردنەوەی مرۆڤەکانە لە مێژووی مرۆڤایەتیدا کە ڕۆژهەڵات بە ڕۆژئاوا و باشوور بە باکوور دەبەستێتەوە، لەلایەن مارک زوکەربێرگ و دووهاورێی کە خوێندکاری زانکۆی هارڤارد بوون، لە ساڵی ٢٠٠٤ دامەزراوە، ئامانجیش لە دامەزراندنی دانانی تۆڕێک بووە بۆ ئاڵوگۆڕی هەواڵ و زانیاری و وێنە لە نێوان هاوڕێیانی زانکۆدا، فەیسبوک شیعارێکی هەیە بریتییە لە، "فەیسبوک خۆڕاییە و هەرواش  دەمێنێتەوە".

 

پسپۆران جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە ئەوهاوڕێیەتیەی لەنێوان تاکەکاندا هەیە هاوڕێیەتییەکی کارلێک و کاریگەرنییە  چونکە گفتوگۆکردن و دروست بوونی هەر پەیوەندییەکی ئاسایی و لەیەکگەییشتن پێویستی بە بینینی ڕووبەرووە، نەک لەپشت شاشەی ئەلکترۆنیەوە هەروەک مامۆستایەکی دەرونناسی زانکۆی کالیفۆرنیا دەڵێت:پەیام ٪ وشەیە ، لە ٣٨٪ ی تۆنی دەنگە ، لە٥٥٪ی زمانی جەستەیە، کەواتە بەشی زۆری پەیام پەیوەست نیە بە وشەوە..

 

ئەگەر بەپێی توێژینەوەی مامۆستایەکی دەرونناسی بێت لە زانکۆی ئۆکسفۆرد باس لە پەیوەندی هاوڕێیەتی لە ڕاستی و لە فەیسبوکدا دەکات، لە ئەنجامدا بۆی دەرکەوتووە بە بوونی ڕێژەی ١٥٠ هاوڕێ بۆ کەسێک ١٥یان بە هاوڕێی ڕاستتەقینە ئەژمار دەکرێن و لەوەش ٥ یان هاورێی نزیکن، واتا پەیوەندی پێکەوەیی پێویستی بە یەکتربینینی ڕووبەروو هەیە بۆ پاراستنی بەردەوامی، کەواتە ئێمە ئەو ژمارە زۆرەی هاوڕێمان بۆچیە لە فەیسبوک، لەکاتێکدا زۆربەیان ناناسین، ئەی ئاخۆ چەند لەوانە بەڕاستی هاوڕێی راستەقینەن، باشە ئەگەر بوترێت چۆن کەسێک بتوانێت ببێتە هاوڕێی راستەقینەی ئەو ژمارە زۆرە، ئەی کەواتە بۆچی ئێمە ڕێ بدەین ئەو ژمارە زۆرە لە هاوڕێمان هەبێت.

 

پسپۆرێکی کۆمەڵناسیش پێیوایە کە گەیاندنی ئەلکترۆنی شۆڕشێکی گەورەی لە هاوڕێیەتی خوڵقاندووە لەنێوان تاکەکاندا، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ناتوانین بڵێین کە گفتوگۆ و هاوڕێیەتی ناو تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان ڕاستەقینەن، هاورێیەتی بەمانا ڕاستەقینەکەی بەندە بە نهێنی پۆشی و ئاڵوگۆری زانیاری و ڕاوبۆچون و بیر و ئەزموونەکانەوە، هاوڕێی ئەلکترۆنی کەلێنێکی جیابوونەوەی کۆمەڵایەتی دروستکردووە، زۆرێک لە مرۆڤەکان پشت بە هاوڕێی ئەلکترۆنی دەبەستن، کە هەندێکیان ناسنامە و پاڵنەرەکانیان لەو پەیوەندی و گفتوگۆیەدا دەشارنەوە، تا ڕادەی جیابوونەوەی ژینگەی کۆمەڵایەتی و دەروونی، بۆیە زۆرێک لەو هاوڕێیەتیە بە شکست کۆتایی دێت، لەسەر بنەمای بەرژەوەندی و دووڕوویی و هەلپەرستی و هاورێیەتییەکی ماوە کورت و بۆماوەی زۆر ناخایەنێت.

 

 دنیای تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دنیایەکی گریمانەییە و زۆرجار تاکەکان تیایدا ڕووی ڕاستەقینەی خۆیان دەشارنەوە و لەڕێی خزمەتگوزارییەکانی وەک کۆمێنت نووسین و بەدڵبوون و خۆشویستن و ئیمۆجییەکانەوە، موجامەلەیەکی تیادایە و زۆرجاریش دانەوەی قەرزی ئەو خزمەتگوزارییانەیە ئەگەر پەیامە بڵاوکراوەکەشت بەدڵ نەبێت.